كرێكارانی كوردستان پێویستیان بە یاسایەكی تایبەتە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان

هەولێر، لە شەش مانگدا هەشت كرێكار لەكاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوە

12:51 - 2024-07-18
کوردستان
163 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
بەگوێرەی زانیارییەكانی سەندیكاكانی كرێكاران، ساڵانە ژمارەیەك كرێكار لەكاتی كاردا گیانلەدەستدەدەن و برینداردەبن. ئاشكراشە كە تائێستا كار بە یاسای ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی عیراق دەكرێت. داوادەكرێت لەپێناوی دەستەبەركردنی مافەكانیان و سەلامەتی لەكاتی كاركردنیاندا، پێویستە یاسایەكی تایبەت بە كار و مافی كرێكاران لە هەرێم دەربكرێت.
حەسەن رەمەزان لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە سنووری هەولێر 12 كرێكار لەشوێنی كاركردندا بەربوونەتەوە، كە هەشت كرێكاریان گیانیان لەدەستداوە و چواریشیان برینداربوون. وتیشی: هۆكاری ئەو رووداوانە بۆ خراپی شوێنی كاركردن و نەبوونی مەرجی سەلامەتی دەگەڕێتەوە، كە پێویستە لەلایەن كۆمپانیا و خاوەنكارەكانەوە دابینبكرێت، كە ئەوە بەشی زۆری قوربانییەكانە.
ئەوەشی خستەڕوو كە تا ئێستا لە هەرێم كار بە یاساكانی ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی عیراق دەكرێت، ئەویش یاسای خانەنشینی‌ و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە 39ی ساڵی 1971ە، یاسای كار ژمارە 71ی ساڵی 1987، یاسای رێكخستنی سەندیكاكانی كرێكاران ژمارە 52ی ساڵی 1987ە و ئەوەی پێویستە بكرێت لە دەستبەكاربوونی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا دەبێت یاسایەكی تایبەت بە كار و مافی كرێكاران ئامادەبكرێت و ئەرك و مافەكانیانی تێدا دیاریبكرێت.
لە لێدوانێكی تایبەتیشدا سەبارەت بە هۆكاری نەبوونی یاسای كار لە هەرێم، گوڵستان سەعید جێگری سەرۆكی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان، بە كوردستانی نوێ-ی وت: لە خولی پێنجەمدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای كار لە هەرێم كرا، بەڵام نەتوانرا دەنگی لەسەربدرێت و تەواو بكرێت، كە ئەو یاسایە لە بەرژەوەندیی كرێكاراندایە و وتیشی: جگە لە یاسای كار، هەرێمی كوردستان پێویستی بە یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتیش هەیە، تا لەكاتی هەر رووداوێكدا یان نەمانی توانای كاركردن، كرێكاران هاوشێوەی فەرمانبەران مافەكانیان پارێزراوبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان