بۆ یەكەمجار بەشی كوردی خوێندنی باڵا لە زانكۆی كەركوك كرایەوە

12:53 - 2024-07-18
کوردستان
162 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
بۆ یەكەمجار بەشی كوردی لە زانكۆی كەركوك دەرگای بە رووی خوازیارانی خوێندنی باڵادا بۆ خوێندنی ماستەر، كردەوە. سەرچاوەیەكیش لە زانكۆی كەركوك رایدەگەیەنێت: جێگەی سەرنجە، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رەزامەندی نادات بە مامۆستا و فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم لە شارەكەدا، درێژە بەخوێندن بدەن.
سەبارەت بەو باسە، د.بێستون عادل بڕیاردەری بەش لە زانكۆی كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی رایگەیاند: دوای هەوڵدانێكی زۆر بۆ یەكەمجار زانكۆی كەركوك دەرگای بە رووی خوازیارانی خوێندنی باڵادا كردەوە، ئەمەش دەرفەتێكی باشبوو بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی كەركوك تا درێژە بەخوێندن بدەن، بەڵام جێگەی سەرنجە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رێگەنادات فەرمانبەران لەو بەشەدا بڕوانامەی بەرزتر بەدەستبهێنن.
ئەوەشی وت: مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو بەشە بخوێنێت، دەبێت وازهێنان لەكار یان مۆڵەتی بێ مووچە بكات، ئەگەرنا بۆی نییە لەو زانكۆیە بخوێنێت، ئەوەش بەشێكە لەو فشارانەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەیكاتەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لەكەركوك، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی عەرەبی لە كەركوك سەرپشكن لە خوێندن و بەدەستهێنانی بروانامەی باڵا و هەموو مافێكیشیان پێدەدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان