لەمیدیای جیهانییەوە

09:59 - 2024-07-21
جیهان
110 جار خوێندراوەتەوە

CNN: ئەمریکییەکان لەتێکچونی رەوشی ئەمنی دەترسن
لەدوای هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەپێی راپرسییەکان ئەمریکییەکان لەوە دەترسن لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی داهاتوودا پشێوی ئەمنی و سیاسی دروستبێت، بۆیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توانستی پاراستنی ئەمنی ترەمپیی بەهێزتر کردووە. 
New York Times: بایدن دەبێت بگۆڕدرێت 
شرۆڤەکارێکی رۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» نیگەرانە لە پابەندبوونی جۆ بایدن بە مانەوەی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، لە پەرەگرافێکی نوسینێکیدا هاتووە سەرکردایەتیی دێموکراتەکان تێڕوانینێکی شێتانەیان هەیە، لەلایەک پێیان وایە ترەمپ مەترسیی بۆ وڵاتەکەیان دروستدەکات، لەلایەکی ترەوە باوەڕبەخۆیان ناهێنن کە پشتیوانی لە کاندیدێکی دۆڕاوی وەک بایدن خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکات، راستە سەرۆک لە 2020 هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر بەهێزی و ناوبانگەکەی نەبو، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کەتەنها لە ترەمپ بەهێزتربو، بۆیە ئێستا بایدن ئەبێت بگۆڕدرێت، چونکە فشارەکانی سەر سەری بۆ کشانەوە تادێت زیاتر دەبن.
Dagens Nyheter: سوید هاوکارییەکانی بۆ عیراق رادەگرێت.
حکومەتی سوید بڕیاریدا لە ساڵی داهاتووەوە ئەو یارمەتییە داراییانەی کە پێشکەش بە عیراقی دەکات بەتەواوی رابگرێت، بەپێی راگەیاندنی وەزیری هاوکاری و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سویدی بێت ئێستا عیراق داهاتی باشەو پێویستی بەو هاوکاریە نییە کە دە ساڵە بەبەردەوامی پێشکەشی دەکات و تائێستا گەیشتۆتە سێ ملیار کرۆن» نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار»، پەیوەندیی نێوان سوید و عیراق لەساڵی پارەوە باش نییە، لەوکاتەی کە ناڕەزایی لە عیراق دروستبو لەسەر دڕاندنی کتێبی قورئانی پیرۆز، دوای ئەوە خۆپیشاندەران لە بەغدا دوو جار باڵیۆزخانەی سویدیان سوتاند و حکومەتیش باڵیۆزی سویدی دەرکرد.
Sydsvenskan: لەهەموو جیهان دیموکراسی لەپاشەکشەدایە
هەر سەبارەت بە خولی ئێستای ڤێکتۆر ئۆربانی سەرۆکی هەنگاریا لە خولی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپادا رۆژنامەی «سیدسڤێنسکان»ی سویدی دەڵێت، لەهەموو جیهان دیموکراسی لەپاشەکشەدایە و لەبەرامبەریشدا دیکتاتۆرییەت لەبرەودایە، ئۆربانیش یەکێکە لەو نموونە زیندوانەی کە پشتیوانی دیکتاتۆرییەت دەکات، بۆیە یەکێتی ئەوروپا دەبێت ئەو سەرۆکە بەجۆریک بخاتە ژێر کۆنترۆڵەوە کە نەتوانێت یەکریزی تێکبدات.
The Times: سەرۆکی هەنگاریا هەواداری پوتینە
وەک دەگوترێت ئۆربان کەسایەتییەکی راسیست و نزیک لە «ڤلادیمێر پوتین» سەرۆکی روسیایە، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا سەردانی مۆسکۆی کردووە، لەسەر ئەمە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی  دەنوسێت، ئۆربان خۆی وەک دانوستکارێک نیشان دەدات و گوایە پڕۆژەی ئاشتی پێیە بۆ نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام لەراستیدا لایەنگیری پۆتینە و لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا وەستاوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان