لە میدیای ئەڵمانییەوە

12:15 - 2024-07-21
جیهان
156 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی DPA: ئەندامێكی مەترسیداری حزبوڵڵا دەستگیركرا
داواكاریی گشتیی شاری كالسرۆ دەستگیركردنی ئەندامێكی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند كە تۆمەتی كڕینی كەلوپەل و مەكینەی تایبەتی دراوەتەپاڵ بۆ پلانی دروستكردنی درۆنێكی سەربازی، بەپێی تۆمەتەكان حزبوڵڵا ئەو كەسەی راسپاردووە كە ئەو كەلوپەلانەیان بۆ بكڕێت و بینێرێتەوە بۆ لوبنان.
گۆڤاری Stern: لە دوای مێركڵ، ئەڵمانیا بەرەو خراپی دەڕوات
بەپێی سەنتەری توێژینەوەی یوجوف، بێت كە راپرسی لەناو كۆمەڵگەی ئەڵمانیدا كردووە %28ی خەڵك لە ئەدای حكومەتی ئێستا ناڕازین و ئاوات بە سەردەمی ئەنجێلا مێركڵ دەخوازن. توێژینەوەكان دەریدەخەن كە لەدوای ماڵئاوایی مێركڵ لە پۆستی راوێژكاری ئەڵمانیا، گوزەرانی خەڵك و بازاڕ بەرەو خراپی دەڕوات و ژیانی دانیشتوان قورستر بووە.
كەناڵی ZDF TV: ژمارەی دەوڵەمەندەكان دوو هێندەی جارانن
دامەزراوەی BCG بۆ راوێژكاریی بەڕێوەبردن، ئاشكرایكردووە كە لە چوار ساڵی رابردوودا ژمارەی سەرمایەدارەكانی ئەڵمانیا دوو ئەوەندە زیادیكردووە، بەپێی داتاكان لەساڵی 2021دا ئەوانەی لە 100 ملیۆن یۆرۆ زیاتریان هەبووە ژمارەیان 1760 كەس بووە، ساڵی 2022 بوون بە 3000 كەس و ئێستاش 3354 سەرمایەدارن، زانیارییەكانی میدیاش پشتڕاستیدەكەنەوە كە ئەوانەی لە 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆنیان هەیە ژمارەیان 24 هەزار كەسە، كۆی سەرمایەی ملیۆنێرەكانی ئەڵمانیا 1,9 ترلیۆن یۆرۆیە، كە دەكاتە 2,1 ترلیۆن دۆلاری ئەمریكی.
كەناڵی NDR Tv: ژمارەی خۆبەخش بۆ ریزی سوپا زیادیكردووە
بەپێی لێدوانێكی رۆژنامەوانیی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە دوای هاندانی گەنج و لاوەكان بۆ چوونە ریزی سوپای ئەڵمانیا، ئێستا ژمارەی خۆبەخشەكان زۆر زیادیكردووە و پێویست بەوە ناكات پرۆسەكە بكەنە زۆرەملێ.
سایتی DW: سعودیە داوای 100 فڕۆكەی تەكسی لە ئەڵمانیا كردووە
كۆمپانیای لیلیۆمی ئەڵمانی بۆ دروستكردنی فڕۆكە ئاشكرایكردووە كە گرێبەستێكی فرۆشتنی 100 فڕۆكەی تەكسی لەگەڵ هێڵی فڕۆكەوانی سعودی مۆركردووە كە بەتایبەت دروستدەكرێن بۆ هێنان و بردنی حاجی و عەمرەكاران لەنێوان مەككە و جەددەدا.
رۆژنامەی Die Welt: بودجەیەكی زەبەلاح بۆ پاراستنی ژینگە
حكومەتی ئەڵمانیا بڕی 4,6 ملیار یۆرۆی تەرخانكردووە بۆ كردنەوەی 23 پڕۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی سەوز، كە دۆستی ژینگەیە و كاربۆن لەناودەبات، ئەو مادەیە لە كەرتی پیشەسازیدا بەكاردێت و وەك دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و دووكەڵ، هەوا پیس ناكات، بەڵكو پاكیدەكاتەوە.

بورهان ئەمین ئامادەی دەكات

بابەتە پەیوەندیدارەکان