لە میدیای توركییەوە

12:16 - 2024-07-21
جیهان
133 جار خوێندراوەتەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا
بەپێی رۆژنامەی ئاكشەم، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە شاری مێرسین بە دوو تاوانی جیاواز دادگایی كرا و بە كۆی گشتی دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
دەمیرتاش لەڕێگەی سیستمی زانیاریی دەنگی و ڤیدیۆیی (SEGBS) لە زینداندا بەشداریی دانیشتنی دادگاییكردنەكەی كرد، كە بە تاوانی «سووكایەتیكردنی ئاشكرا بە حكومەتی كۆماری توركیا، ئۆرگانەكانی دادوەری، هێزە سەربازییەكان و ئەمنییەكان و هاندانی دوژمنایەتی و بڵاوكردنەوەی رقوكینە» دادگایی كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا 10 دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، كە لە وتارەكانیدا لە میدیای جۆراوجۆردا كۆكراونەتەوە و دوو لەو دۆسێیانەش رەوانەی دادگای تاوانەكانی 47ی ئیستانبوڵ كراون.
داود ئۆغڵو شێوازی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا بە «هانا بۆ بردن»، دەشوبهێنێت
تورك پرێس بڵاویكردەوە، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و سەرۆكی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئایندە، رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا گرت بەهۆی شێوازی نزیكبوونەوەی لە پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا. داود ئۆغڵو تیشكی خستەسەر شێوازی هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریا و لێدوانە یەك لە دوای یەكەكانی سەبارەت بە خواستی چاوپێكەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد و بە «هانابۆ بردن»ی شوبهاند و ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆك كۆماری توركیا ساڵێك چاوەڕوان ناكات بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ هیچ كەسێكدا.
ئەو سیاسەتمەدارەی توركیا ئاماژەی بەوەشدا كە داواكارییەكەی ئەردۆغان بۆ دیدار لەگەڵ ئەسەد نزیكەی ساڵێك یان زیاتر لەمەوبەر، «ئازاری داوە» ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ناوبانگی ئەردۆغان ناوبانگی توركیایە، هەروەها ناوبانگی هەر هاووڵاتییەكی توركییە.
داود ئۆغڵو تەئكیدیكردەوە، كە ئەردۆغان سیاسیانە سەیری پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوربا ناكات، بەڵكو ئەو پێیوایە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا باش دەبێت بە باشبوونی پەیوەندییە شەخسییەكانی لەگەڵ بەشار ئەسەد و بە خراپبوونی پەیوەندیی كەسایەتیشیان پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات خراپ دەبێت.
ئایشەگول دۆغان: نابێت لێكنزیكبوونەوەكانی توركیا و سوریا دژ بە كورد بێت
رۆژنامەی زەمان بڵاویكردووەتەوە، ئایشەگول دۆغان وتەبێژی پارتی دەم لە هەڵسەنگاندنێكدا بۆ دیداری چاوەروانكراوی نێوان ئۆزگور ئۆزێل سەرۆكی پارتی جەهەپە و سەرۆكی سوریا، رایگەیاند: نابێت دیداری چاوەڕوانكراوی ئۆزگور ئۆزێل لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ دژایەتی كورد بێت.
ئایشەگول دۆغان سەرنجی بۆ دەستكەوتەكانی كورد لە سوریا راكێشا و وتی: بەهیچ شێوەیەك نابێت هاوپەیمانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دوژمنایەتی كورد بكات، بەڵكو دەبێت دوژمنایەتی شەڕ و ململانێ بێت و بۆ بەرژەوەندیی گەل بێت.
سەبارەت بە كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنقەرە و دیمەشق، ئایشەگول، وتی: هاوسەرۆكەكانمان پێشتر لێدوانێكیان لەسەر ئەم بابەتە داوە. هەموو شتێك كە شەڕ و ململانێ قووڵتر بكاتەوە، پێویستە خۆی لێ دووربخرێتەوە و پێویستە سیاسەتێكی شەفاف پەیڕەو بكرێت و ئیرادەی ئەو خەڵكەی لەوێ دەژین لەبەرچاو بگیرێت و نابێت لە هیچ بارودۆخێكدا هاوپەیمانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دژ بە كورد بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان