״چارەسەركردنی بارودۆخی ناوچەكە״

11:46 - 2024-07-22
عیراق
201 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە بەغدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان و وەفدی هاوڕێی كرد و باسیان لە دواپێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی كرد و تەئكیدیان كردەوە لە چارەسەركردنی بارودۆخی ناوچەكە.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە، كە رووداو و گۆڕانكارییەكان پێویستیان بە دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی هاریكاری و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەموو وڵاتاندا هەیە، ئەوەش بە ئامانجی روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان.
لای خۆیەوە، نەجیب میقاتی، هەڵوێستی سەرۆك كۆماری لە لووتكەی عەرەبی لە بەحرەین بۆ پشتیوانی لە لوبنان بەرزنرخاند و وتی: سەردانەكەم بۆ عیراق لەچوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشدایە، هەروەك بانگهێشتێكی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار كرد بۆ سەردانی وڵاتەكەی.

«قسەكردن لەسەر دۆسیەی سووتەمەنی عیراق»3
لە راگەیەنراوێكدا، نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئاماژە بە كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و هاوتا لوبنانییەكەی دەكات.
بەپێی زانیارییەكان، سەردانەكەی میقاتی لەسەر بانگهێشتی سودانی بووە، كە وەزیرانی پیشەسازی، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە، گواستنەوە و وزەی لوبنان هاوڕێیەتی دەكەن و ئامانجیش لە سەردانەكە دۆسیەی سووتەمەنیی عیراقە، كە وزەی كارەبای لوبنان دابیندەكات، لەگەڵ قەرزەكانی عیراق و چەند بابەتێكی دیكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان