جووتیارانی كورد داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكان دەكەن

12:36 - 2024-07-22
کوردستان
147 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد



دوێنێ، نۆیەمین دانیشتنی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سكاڵای جووتیارانی قەزای داقوق و سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای كەركوك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیاری 842 و 949ی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی رژێمی بەعسی لەناوچوو، بەڕێوەچوو.
لەبارەی دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵییەوە، محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی كەركوك، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: بەهۆی ئەو دوو بڕیارەوە، حكومەتی بەعس دەستی بەسەر نزیكەی 300 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی ئەو دوو ناوچەیەدا گرتبوو، كە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق و تائێستا ئەو كێشەیە هەر بەردەوامە، وتیشی: دوێنێ لە دادگای فیدراڵی دوای گفتوگۆكردنێكی زۆر، دادگا دانیشتنەكەی بۆ رۆژی 15/9ی ئەم ساڵ دواخست.
نوێنەری جووتیارانی كەركوك، دەڵێت: حكومەتی بەعس ئەو زەوییانەی بەشێوەی گرێبەستی كشتوكاڵی دابووە عەرەبی هاوردە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەكاریان دەهێنا، ئێستاش كە ئەو سكاڵایە لە دادگای فیدراڵییە، جووتیارانی كورد داوا لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەكەن پاڵپشتیی تەواویان بكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو بڕیارە و گەڕاندنەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنە راستەقینەكانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان