فراكسیۆن و پێكهاتەکانی كەركوك بۆ كوردستانی نوێ دەدوێن

گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك بەردەوامە

01:28 - 2024-07-23
کوردستان
185 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
ماوەی دوو هەفتە بەسەر یەكەم دانیشتن و كارابوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا تێپەڕیووە، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ دیاریكردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە.

حەسەن عەلی چاودێری سیاسی:
ئامانج لە هەڵبژاردن ئەوەیە ئەو لایەنەی كە هێزی براوەیە، بە هاوكاریی لایەنەكانی تر، حكومەتی خۆجێی پێكبهێنێت

لەوبارەیەوە پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كەركوكدا نییە بۆ پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركوك، بەڵام گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان بەردەوامن و ئاواتەخوازین لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، وتیشی: وەك یەكێتی، براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەین و دەبێت پۆستی پارێزگار وەربگرین، چونكە ناكرێت لایەنێك شەش كورسی بەدەستهێنابێت و بەراورد بكرێت لەگەڵ دوو كورسیدا، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن سەنگی مەحەك بێت.

هەروەها، رەعد جبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی ئەلقیادە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنەكە، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان چڕتر كراونەتەوە بۆ ئەوەی بگەینە رێگەچارەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، وتیشی: ئێمە لە كوتلەی عەرەبی پێمانوایە دەبێت هەموو لایەنەكان بەشداربن لە ئیدارەدانی پارێزگاكە و دەستنیشانكردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە.
هەرلەوبارەیەوە، ئەحمەد رەمزی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هیچ رێككەوتنێكی پێشوەخت لەنێوان لایەنەكانی كەركوك بۆ دیاریكردنی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكراوە، وتیشی: لە دوای بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هیچ بۆچوونێكی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە و هەموولایەك ئاواتەخوازین بەزوویی ئەم دۆخە چارەسەر ببێت.
پەیوەست بەو پرسە، حەسەن عەلی چاودێری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەبەرئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بە دەستهێناوە، دەكرێت دەستپێشخەریی بۆ لایەنەكانی دیكە بكات بۆ ئەوەی بەشداربن لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا، چونكە لە سیستەمی دیموكراسیدا، ئامانج لە هەڵبژاردن ئەوەیە ئەو لایەنەی كە هێزی براوەیە، دەبێت بە هاوكاریی لایەنەكانی تر، حكومەتی خۆجێی پێكبهێنێت، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خاوەنی دەنگی زۆرینەی پارێزگای كەركوكە، بۆیە دەكرێت ئەمە بكرێتە خاڵێكی دەستپێك بۆ گفتوگۆ و دانوستان و رێككەوتنی زیاتری بەدوادا بێت بۆ خزمەتكردنی دانیشتووانی شارەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان