پردێكی سەردەمییانە لە كەركوك كرایەوە

10:03 - 2024-07-25
کوردستان
99 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، پردی پیادەی بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك كە پردێكی سەردەمییانەیە بەڕووی سەردانیكەرانی نەخۆشخانەكە كرایەوە، كاری قیرتاوكردنی پرۆژەی سێڕیانی برایەتی گەڕەكی رەحیماواش تەواو بوو.
لەوبارەیەوە ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پردەكە ئاسانكاری تەواو بەو نەخۆشانە دەكات بۆ گەیشتنیان بە نەخۆشخانەی ئازادی، هەروەها قەرەباڵغیش لەبەردەم نەخۆشخانەكە كەمدەكاتەوە و سیمایەكی جوانیش دەبەخشێت.
بەڕێوەبەری شارەوانی وتیشی: هەر لە چوارچێوەی كارو پرۆژەكانی شارەوانیدا، پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی سێڕیانی برایەتی لە گەڕەكی رەحیماوا تا دەگاتە پردی شەهید عەلی عەسكەری و بەستنەوەی بە شەقامی بازنەیی رێگەی سلێمانی و دانانی سیستمی رووناكی تەواو كرا.
باسی لەوەشكرد جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە لە چوارچێوەی پلانەكانی ئیدارەی كەركوك و بە پاڵپشتی پلاندانانی گشتیی جێبەجێ دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان