لە کوردستانی نوێ-وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان

10:05 - 2024-07-25
کوردستان
124 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.

 

 

شەقامی عەربەت - سلێمانی
شەقامی بازگەی عەربەت - سلێمانی، شەقامێكی سەرەكییە و پاڵەپەستۆیەكی زۆری هاتوچۆی لەسەرە، رۆژانە بە هەزاران ئۆتۆمبێل گوزەری پیادا دەكەن، بەڵام ئەگەر سەرنج بدرێت ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەكە جگە لەوەی چاڵ و چۆڵی زۆر و تاسەی لە ئەندازە بەدەری تێدایە، ئەو سایدەی شەقامەکە كە لە بازگەی عەربەتەوە بەرەو سلێمانی دێـت، بەهۆی قورسیی و كێشی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانەوە، لە نزیک فولکەی تانجەرۆ شەقامەکە رۆچووە و بەش بەش بووە، لەكاتێكدا ئەو شەقامە هێڵی تیژڕەوییە و تێكچوونی شەقامەكە بەو ئەندازە ناتەندروستە دووور نییە كارەساتی پێكدادان و كۆنترۆڵ لە دەستدانی شۆفێرانی لێ نەکەوێتەوە، بۆیە داواکارین لەلایەنی بەرپرس ئەو شەقامە سەرەكییە چاك بكەنەوە، تا كارەساتی گەورەی لێ نەكەوتۆتەوە.

 

گوندنشینانی كانی بەردینە كێشەكانیان دەخەنەڕوو 

کانی بەردینە گوندێکە لە سلێمانی، هاوشێوەی گوندەكانی تری كوردستان بێ خزمەتگوزارییە.
خەلیل محەمەد ئەنجومەنی کانی بەردینە وتی: پڕۆژەی ئاوی گوندەکە کاتی خۆی بۆ 25 ماڵ دروستکراوە، بەڵام ئێستا گوندەکە 470 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، بۆیە ئاوی خواردنەوە بەشی هەموو گوندەکە ناکات و بە تانکەر ئاو دەکڕن، پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس بیرەكەمان بۆ قوڵتر بكەن و تانکی ئاوی پڕۆژەکە گەورەتر بکەن بۆئەوەی كێشە و گرفتی كەم ئاوی گوندەکە کۆتایی بێت.
وتیشی: كارەبای گوند زۆر خراپە ئەو عەمودانەش كە كاتی خۆی بۆ ماڵەكانی گوندی كانی بەردینە دانرابوون، ناڕێكوپێكن نیوەیان لەسەر رێگەكان دانراون و بەشێكی زۆری ماڵەكان عەمودیان نییە و بەسەر ماڵەكاندا كێبڵ و وایەریان راكێشاوە كە دوورنییە كارەساتی لێ بكەوێتـەوە بەتایبەتی لەكاتی رەشەبا و باراندا، موەلیدەكەشمان ئەهلییەو بە پارەیە بۆیە داوادەكەین مولیدەیەكی تایبەتمان بۆ دابنێن.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەرچی ژمارەی دانیشتوانی گوندەكە لە دوو هەزار كەس زیاترن، بەڵام تائێستا بنكەیەكی تەندروستی لە گوندەكەماندا نییە، زیاتر لە 750 قوتابیمان هەیە قوتابخانەكەمان زۆر كۆنە و چوار پێنچ پۆلیشمان لە كابینەدایە بۆیە پێویستمان بە دروستكردنی قوتابخانەیەكی گەورە هەیە، هەروەها گوندەکە ئاوەڕۆی نییە و ناكرێت‌ هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چونكە ئێستا لە ماستەرپلانی شارەوانیدا گوندەكە كراوە بە گەڕەك .
ئەنجومەنی گوندی کانی بەردینە دەڵێت: گوندەکە 13 شەهید و چەند بریندارێكی هەیە لەگەڵ زیاتر لە 20 پێشمەرگەی هێزی بەرگری کە تائێستا هیچیان بۆ نەكراوە .

گوندنشینانی خێوەتە توڕەن

خێوەتە گوندێکی رەنگینە لە سلێمانی، 700 ماڵی تێدایە و دانیشتوانەكەی چوار هەزار كەسن، توڕەن لەوەی پشتگوێ خراون و خزمەتگوزارییان بۆ نەكراوە.
ئەنوەر حەمە خورشید دانیشتووی گوندی خێوەتە دەڵێت: لەبەرئەوەی ماوەیەکە کاتی بەردانەوەی ئاوی ماڵان گۆڕاوە بۆ درەنگی شەو زۆربەی ماڵەکان بە تانکەر ئاوی خواردنەوە دەکڕن.
وتیشی: لەبەرئەوەی ناوچەکە لە بنەڕەتدا شاخ بووە کۆڵانەکانی گوندەکە زۆر لێژە و زۆربەیان دەرناچن و پێویستی بە تەخت کردن و قیرتاوکردنە، خێوەتە بنکەی تەندروستی تێدا نییە و ئاوەڕۆشی نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی خێوەتە چوار هەزار کەسن و تەنها قوتابخانەی بنەڕەتی تێدایە، بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 خوێندکارمان لە سلێمانی دەخوێنن، کە پۆلەکانی حەوت بۆ 12ن. 

 

گوندی كۆڵەرد بێ‌ خزمەتگوزارییە 

 کۆڵەرد گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی گاپیڵۆن لە قەزای شارباژێڕ، گوندنشینان گلەییان لە کەمی خزمەتگوزارییە لە گوندەکەیان.

عەلی كۆڵەری ئەنجومەنی گوند وتی: لە دوای راپەڕینەوە دەیان جار هەوڵمانداوە ئەو تۆزە شەقامەمان بۆ قیرتاو بكەن چەندین جار داواکارییەکەمان تا بەردەمی وەزیر رۆشتووە و راگیراوە و نازانین بۆچی بۆمان جێبەجێ ناکەن؟ كارەبای گوندەكەمان بە رۆژ زۆر خراپە لە سەعات پێنجی بەیانییەوە کارەبا دەکوژێتەوە تا شەو نایەتەوە و موەلیدەشمان نییە.
وتیشی: بنکەی تەندروستیمان نییە، شەوان كاتێك نەخۆشێكمان دەبێت لە گوندەكە بە زەحمەت بۆمان دەگەیەنرێـتە سوورە قەڵات یان سلێمانی، هەروەها داوا لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەکات بورجێك لەسەر شاخی قەیوان یان كۆیرەنگ دابنێن لەبەرئەوەی گوندەکەیان شەبەکەی مۆبایلی نییە.

 

دانیشتوانی گوندی كەڵەكن بێزارن
كەڵەكن گوندێکە لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار ماڵی تێدا نیشتەجێیە و دانیشتوانەکەی حەوت هەزار کەس زیاترن، كێشەو گرفتی زۆریان هەیە.

مستەفا حسێن سەرپەرشتیاری بنەماڵەكانی كەڵەكن وتی: بەشێکی شەقامی سەرەکی گوندەکە کە تەنها چەند مەترێکی ماوە قیرتاو نەکراوە و کۆمپانیای جێبەجێکار شەش ساڵە بە تەواو نەکراوی بەجێی هێشتووە، كۆڵانەكانی گوندەکە سەرجەمیان خۆڵن و قیرتاو نەكراون، کەڵەکن ئاوەڕۆی نییە هەرماڵێك لەبەر دەرگای خۆی بیری لێداوە بۆ ئاوەڕۆ کە ناتەندروستە و دەبێتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
وتیشی: لە ساڵی 2009ەوە رەزامەندیمان لە لایەنی بەرپرس وەرگرتووە بۆ دروستکردنی قوتابخانە زەوییەکەشی ئامادەیە، بەڵام نووسراوەكانی لە بەشی پلانە  لە پارێزگای سلێمانی و هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان