لاپەڕەیەکی پرشنگداری مێژووی پیشەیی و بازرگانیی سلێمانی لە سەدەی نۆزدەدا

کورتەیەک لەبارەی توتن و سەبیلسازی

10:53 - 2024-07-25
کەلتور
235 جار خوێندراوەتەوە

د. سامان مستەفا رەشید 


وەک زانراوە، نیشتمانی یەکەمی توتن ئەمریکا بووە، دوای دۆزینەوەی ئەمریکا لە 1492 لەلایەن کریستۆفەر کۆڵۆمبسەوە ئیدی توتنیش وەک یەکێک لە دۆزینەوەکانی کۆڵۆمبس هێنراوەتە ئەوروپا، دوابەدوای هێنانی توتن بۆ ئەوروپا، ئەم ماددە نوێیە لە ماوەی سەدەیەکدا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی توتن، ئیدی کیشانی توتن وەک بابەتێکی سەرگەرمی و چێژلێوەرگرتن بوو بە خووی زۆرێک لە خەڵکی دانیشتووانی جیهان، لەوەش زیاتر مرۆڤی ناوچە جیاوازەکانی دونیا بەجۆر و شێوازی جیاواز جیاواز کەوتنە بەکارهێنانی ئەم ماددە زیانبەخشە، لەم چوارچیوەشدا دروستکردنی ئامرازی کێشانی توتن: سەبیل، دەمنە، دارجگەرە، یان نێرگیلە، فەندەک و قلیان بوو بە کایەیەکی تری پیشەیی و پیشەیەکی تری بۆ دونیای پیشەگەریی مرۆڤ دروستبوو، لێرەوە پیشەوەر و وەستاکان کەوتنە هەوڵی دروستکردنی ئامرازی جیاواز و جۆراوجۆر بۆ کێشانی توتن. 

 


بەمجۆرە پیشەی سەبیلسازی، دەمنەسازی، دارجگەرە دروستکەر یان لولەچێتی بووە کایەیەکی نوێ لە دونیای پیشە دەستییەکاندا. پیشەی سەبیلسازی و لولەسازی بۆ یەکەمینجار لە نیوەی دووەمی سەدەی 17 دا وەک گروپێکی پیشەوەر لە دەوڵەتی عوسمانییدا دەرکەوتوون، کە کاری ئەم پیشەوەرانە بریتیی بووە لە دروستکردنی ئامرازی کێشانی توتن لە درەختە جۆربەجۆرەکانی وەکو قامیش، فندق و چەند درەختێکی دی، ئەمە جیا لەوەی ئەم پیشەوەرانە بە گوێرەی وەستایەتی و لێوەشاوەیی و زەوقی هونەرییان هەندێکیان بە شێوەی سادە و هەندێکی دیکەیان بە قوماشی قیفە و بە قوماشی تەنک داری جگەرەکان یان سەبیلەکانیان رووپۆشکردووە و رازاندۆتەوە، دەمی سەبیلەکەشیان بەشیوەیەکی جیا لە ئێسک یان چەند ماددەیەکی دیکە دروستکردووە. 
وەک بە دیارکەوتووە، ئەم چالاکییە پیشەییە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمیشدا بەردەوامبووە، لەوەش زیاتر وەک نووسەرێک ئاماژەی بۆ کردووە سەدەی 19 چاخی زێڕین بووە بۆ لولەچی و سەبیلسازەکانی دەوڵەتی عوسمانی چونکە لەم سەدەیەدا ئەم پیشەیە لە دەوڵەتی عوسمانییدا زۆر پێشکەوتووە، پیشەوەرانی ئەم چینە لە رازاندنەوەی سەبیل و دارجگەرەکاندا لەسەردەمانی پیشووتر زیاتر وەستایەتی و کارامەییان بەخەرج داوە، بەجۆرێک وەستاکان هەستاون بە رازاندنەوەی سەبیلی جگەرە بە رووپۆشکردنی بە ئاڵتون، بەردی بەنرخ و سەدەف، ئەمە جیا لەوەی دروستکردنی پرۆفیشناڵانەی سەبیل بە قەبارە و شێوەی جیاواز جیاواز ئەو چینە پیشەوەرەی کردۆتە گروپێکی خاوەن داهێنەری هونەری. 

سەبیلسازێکی سلێمانی 1893 داوا دەکات پاسپۆرتی پێبدرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی ببات لە ئۆڵۆمپیادی لەندەن بیفرۆشێت

 سولەیمانیەلی ئەسعەد ئەفەندی سەبیلساز  
ئاشکرایە دوای دروستکردنی شاری سلێمانی، لەسەر دەستی وەستا و کارزانانی شارەکە و دەوروبەری چەندان پیشەی دەستی جۆراوجۆر لە سلێمانییدا هاتە کایەوە و پەرەیسەند بۆ نموونە: سابوون دروستکردن، جۆڵایی، خەراتی، خومچێتی، ئاسنگەریی، چەخماخسازیی، ناڵبەندیی، کۆپانچێتی و...هتد. وەستا و کارزانانی سلێمانی لە زۆر بواری پیشەییدا ئەسپی خۆیان تاو داوە و توانیویانە پەرەیەکی باش بەو پیشە دەستییانە بدەن و ناوبانگی باش بۆ خۆیان بەدەست بخەن.
هەرچی سەبارەت بە پیشەی سەبیلسازی و دەمنەچێتییە، وەستایانی سلێمانی لەم بوارەشدا کەمییان نەهێناوە، بەڵکو دەستێکی باڵایان هەبووە لە پێشخستن و پەرەپێدان بەم پیشەیەدا. ئەوەتا بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی بڵاونەکراوەی فەرمی دەوڵەتی عوسمانی سەبیلسازێکی سلێمانی بەباوەڕبوون بە توانا و لیوەشاوەیی خۆی و وەستایەتی لەکارەکانیدا لەساڵی 1893دا داوایکردووە دەوڵەتی عوسمان پاسپۆرتی پێبدەن تاوەکو بەرهەکانی ببات لە بۆنەیەکی گەورەی کەلتوریی وەک ئۆڵۆمپیادی لەندەن بفرۆشێت. ئەمەش دەکرێت بەڵگەیەکی روون و راشکاو بێت لەمەڕ پێشکەوتوویی و سەرنجراکێشیی بەرهەمەکانی ئەم سەبیلسازەی سلێمانی. 
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە بەرواری (20تشرینی دووەمی 1309رۆمی/ 2ی تشرینی دووەمی 1893) لەسەرە، سولەیمانیەلی ئەسعەد ئەفەندی کوڕی عەبدولقادر ئەفەندی کە لە (چبوقجی اصنافندن) واتە لە چینی سەبیلسازانە لە سلێمانی بە مەبەستی بردنی کەلوپەل بۆ فرۆشتن لە نمایشی ئۆڵۆمپیادی لەندەن پێویستی بە پاسپۆرتە، بۆ ئەو مەبەستە داوای کردووە پاسپۆرتی پی بدرێت. وەک بۆم دەرکەوتووە ئەم داواکارییەی ناوبراو بەجدی وەرگیراوە لەلایەن وەزارەتی زەبتییەیەوە بە نووسراوی فەرمی ژمارە (200) لە بەرواری 2ی تشرینی دووەمی 1893دا کە واژۆی وەزیری زەبتییەی لەسەرە، سەرۆکایەتی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوەڕۆکی داواکارییەکی ئەسعەد ئەفەندی خەڵکی سلێمانی بۆ پێدانی پاسپۆرت بۆ بردنی ئەشیا بۆ فرۆشتی لە نمایشی ئۆڵۆمپیادی لەندەن و مۆڵەت پێدانی ناوبراو ئاگادارکردۆتەوە. لەوەش زیاتر هەر لەسەر ئەم بابەتە بەشی هاتووی سەرۆکایەتی دەوڵەت بە ژمارە (1866) لە بەرواری (21 تشرینی دووەم 1309رومی/ 3ی تشرینی دووەمی 1893) نووسراوی لەبارەی ناوەڕۆکی داواکارییەکەی سولەیمانیەلی ئەسعەد ئەفەندی سەبیلساز کردووە. لەم بەڵگەنامانەوە چەند راستییەکمان بۆ دەردەکەوێت، لەوانەش بەجدی وەرگرتن و کارلەسەرکردنی داواکاری هاووڵاتیان لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی، دووەم دەکریت ئەمە بەڵگە بێت لەسەر دەرکەوتنی چینێکی پیشەوەر بەناوی سەبیلسازەکان چونکە لە بەڵگەنامەکەدا بە روونی هاتووە کە ئەسعەد ئەفەندی پیشەوەر بووە و لە چینی سەبیلسازەکان بووە، لە هەمووشی سەیرتر و سەرنجڕاکێشتر ئاگایی و خەبەرداری ئەم پیشەوەرەی سلێمانیی بووە لە رووداوەکانی جیهانی دەرەوە، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازی و پێشنەکەوتوویی هۆکارەکانی گەیاندن لەو زەمەنەدا، چۆن و بەچ شێوەیەک پیشەوەرێکی سلێمانی زانیوێتی لە لەندەن نمایشی ئۆڵمپیاد ساز دەکرێت؟! لەوەش سەیرتر کەڵکەڵە و نیازی ناوبراوە بۆ بردنی شمەک و ئەشیا بۆ فرۆشتن لە لەندەن کە دەزانین نەک بۆ ئەو زەمەنە بۆ ئیستاش کارێکی سەخت و پڕ دەردیسەریی بووە.
ماوەتەوە بڵێین ئەسعەد ئەفەندی خەڵکی سلێمانی هەم پیشەوەرێکی هۆشیار و ئاگاداربووە لە رووداوەکانی دونیا و هەمیش کەسێکی سەرکێش و مەیدانخواز بووە ویستوویەتی کەلوپەل و دروستکراوی سلێمانی ببات و لە بۆنەیەکی کەلتوری گەورەی وەک نمایشی ئۆڵۆمپیاد لە لەندەن نیشانی بدات و بیفرۆشیت، ناوبراو بەم هەوڵەشی دەبێتە پێشەنگی بازرگانی دەرەوە و باڵوێزی بەرهەمی سلێمانی لەدەرەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمی زاینییدا.   

سەرچاوە: 
BOA. Y.A. HUS.285.86.01
BOA. Y.A. HUS.285.86.02
BOA. Y.A. HUS.285.86.03
Fehmi Yılmaz, Osmanlı Impratorlugunda tütün sektörünün yan kolları: Lüleci ve çubukçu esnafları, Kitaplara vakıfedilen bir ömre tuhfe Ismail E. Erünsala armagan, 1.cilt: tarih. hazırlayan: Hatice aynur ve digerleri, 2014 Istanbulç. s.587-596.

بابەتە پەیوەندیدارەکان