زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

ستاتیک و دینامیک

11:49 - 2024-07-25
ئەدەب و هونەر
448 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

ستاتیک و دینامیک،  Static - Dynamic لە عەرەبیدا (السكون و الحركة) يان(الثابت و المتحول)، واتە وەستان _ جووڵە، بەڵام لە ئەدەب و هونەردا بەم مانایانەش دێت: پاسیڤ_ ئەکتیڤ، لاساییکردنەوە_ داهێنان، جێگیر_ گۆڕان، دوو زاراوەی بواری رەخنەی رۆشنبیرین، لە سەرجەم زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەکار دەهێنرێن، واتە هەم لە شیعر و رۆمان و میوزیک، هەم لە تابلۆی شێوەکاری و شانۆگەری و بزووتنەوە ئەدەبییەکان، هەم لە بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە مرۆییەکاندا. هەندێ نووسەری کورد "ستاتیک" و "ئیستێتیک" تێکەڵ دەکەن، لە باسی ئیستێتیک و جوانیدا دەنووسن ستاتیک، کە ئەمە هەڵەیە، ئەمانە دوو وشەی زۆر جیاوازن.

ستاتیک لە ئەدەب و رۆشنبیریدا، بریتییە لە بیرێکی وەستاو کە لەسەر تێکستی پیرۆز یان لەسەر عەقیدەیەک رادەوەستێت،نەجووڵان و بێبزاوتیی ئەو بیرەش لەرووی تێگەیشتن و بیرکردنەوەوە، لە بێبزاوتی و جێگیریی راڤەکردنی تێکستەوە سەرچاوە دەگرێت، تێکستێک وەک مانای کۆتایی و دواتێکست تەماشا دەکرێت و دەسەڵاتی مەعریفیی خۆی دەسەپێنێت، کەچی دینامیک بریتییە لەو بیرکردنەوە چالاک و ئەکتیڤەی خوێندنەوەیەکی جیاواز و راڤەیەکی زانستی بۆ ئەو تێکستە دەکات، تێکستەکە ناچار دەکات لەگەڵ واقیع و نوێبوونەوەی واقیعدا خۆی بگونجێنێت، ئەم بیرکردنەوە دینامیکییە هیچ مەرجەعییەتێک لە تێکستدا نابینێت و پتر پشت بە ئەقڵ دەبەستێت نەک بە گواستنەوە و نەقڵکردن. لەرووی مێژووییەوە نە ستاتیک وەکو خۆی ماوەتەوەو نە دینامیکیش بەردەوام پڕ لە جووڵە و گۆڕان بووە، بەڵکو گۆڕانکاری لە رەوتی جوڵانەوەیاندا هەبووە، بۆ نموونە شیعر لە قۆناغی کلاسیکیدا لە دۆخی ستاتیکدا بووە، کاتێک  دەبێت بە شیعری ئازاد، ئەوا دەچێتە دۆخی دینامیکەوە، بەڵام بەگشتی رۆشنبیریی باو رۆشنبیرییەکی ستاتیکە و رۆشنبیریی دینامیکیش رۆشنبیریی نوێ و ئۆپۆزیسیۆنە.
ستاتیک لە ئەدەب و رۆشنبیریدا، بریتییە لە بیرێکی وەستاو کە لەسەر تێکستی پیرۆز یان لەسەر عەقیدەیەک رادەوەستێت،

ستاتیک هاوشانی سەلەفییەتە و لە یەک سەرچاوەوە هێز وەردەگرن، پێیان وایە کەماڵی مەعریفی لە تێکست و گواستنەوەی تێکستدایە، بۆیە داهێنان یان نوێگەری و راڤەکردنی جیاواز، بە بیدعە و گومڕا تۆمەتبار دەکرێت، ستاتیک پێویستیی بەوەیە "رابردوو" و "سەلەف" بە بەردەوامی ئامادە بێت. بەڵام دینامیک هاوشانی تازەگەری و راڤەی جیاوازە، دینامیک وایدەبینێت هەمیشە ناتەواوی و کەموکورتییەکی مەعریفی لە "تێکست" و لە "رابردوو"دا هەیە، تێکست و رابردوو ناتوانن لەگەڵ ژیانی نوێ و پێدراوە جیاوازەکانی سەردەمە جیاوازەکاندا کاریگەرییان هەبێت، مەگەر کۆمەڵگە بەردەوام لەنێو راڤەی کۆن و وێناکردنەکانی سەدە کۆنەکاندا بژی، لێرەدا دینامیک و نوێگەری بریتین لە هێنانە ئارای شتگەلێک کە پێشتر لە کەلەپووردا نەبوون و کەلەپوور نەیناسیوون، واتە دەرکەوتنی داهێنان و قبوڵکردنی ناکۆتایی مەعریفە و کەشفبوونی فرەیی حەقیقەتەکان.
تێزی دکتۆراکەی ئەدۆنیس بە ناونیشانی"ستاتیک و دینامیک"، یان (الثابت و المتحول) بریتییە لە گەڕان و پشکنینێکی زانستی بەدوای  هۆکارەکانی (لاساییکردنەوە) و (داهێنان) لە هزر و ئەدەبی عەرەبیدا، ئەدۆنیس لەم تێزەیدا میتۆدی رەخنەی رۆشنبیریی بەکارهێناوە و لێکۆڵینەوەکەی بەپێی بنەماکانی رەخنەی رۆشنبیری نووسیوە، دواجار ئەدۆنیس دەگاتە دەرئەنجامێک کە وایدەبینێت بنەمای راوەستان و بێبزاوتیی هزر و ئەدەبی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ چەشنی دەسەڵات و ستەم و پشتبەستن بە کەلەپوور. لە چەندین رەهەندەوە باس لە ستاتیک و دینامیکی بیرکردنەوەی ئینسانی عەرەبی و ئەدەبی عەرەبی دەکات، واتە بەتەنیا لایەنی شیعر یان لایەنی هزر و ئایین و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکانی نەگرتووە، بەڵکو هەموو ئەم لایەنانەی لە تێزەکەیدا کۆکردۆتەوە و رەخنەیان لێدەگرێت، بەو پێیەی شیعر و ئەدەب و فیکری عەرەبی بە ئایین پێوراوە، تاکە پێوەری هزر و شیعری عەرەبی لە بنەمادا پێوەرێکی ئایینی بووە، جا لەبەرئەوەی ئەو هزرە، بەکۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی و خێڵەکی، نوێنەرایەتیی بۆچوونی دەسەڵاتی کردووە، بۆیە رۆشنبیریی باویش رۆشنبیرییەکی ستاتیکی بووە، ئەدۆنیس لەم تێزەدا بە وردی پەیوەندییەکانی نێوان ستاتیک و دینامیک لە شیعری عەرەبیدا شیدەکاتەوە و دەریدەخات بۆچی دواجار ستاتیک بەسەر دینامیکدا زاڵ بووە، بۆچی رێسا جێگیر و باوەکانی شیعری کۆن یان شیعری جاهیلی لەگشت سەردەمێکدا دەبێتە پێوەر و دەبێتە شیعری نموونەیی بۆ هەموو شاعیران، جگە لە ئەبو نەواس و ئەبو تەمام و ئەبوعەلای مەعەڕی کە بە شاعیرانی داهێنەرو نوێگەر وەسفیان دەکات.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان