دیدار: کوردستانی نوێ
لە دوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەڵبەندی دیراساتی گشتی بەپێی ماددەی (56) لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆ، کۆمەڵێک ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە، یەکێک لەو ئەرکانە گەشەپێدانی توانای کادرانە لە رێگەی کردنەوەی خولی تایبەتمەند بەشێوەیەکی بەردەوام. لەو رووەوە تاوەکو ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ مەکتەبی رێکخستن و مەکتەب و ئۆرگانەكانی تری یەكیێتی توانراوە زیاتر لە (370) کادر لە خولی جیا جیادا بەشدار و سوودمەند بن.
کوردستانی نوێ بە پێویستی زانی لەگەڵ دکتۆر مۆفەق خالید لێپرسراوی ناوەندی دیدار و گەشەپێدان لە مەڵبەندی دیراسات گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بکات.
*ئامانج لە کردنەوەی ناوەندی دیدار و گەشەپێدان لە مەڵبەندی دیراسات چییە و چ ئەرکێکی لە ئەستۆدایە؟
- لە دوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆمەڵێك ئەركی گرنگ بۆ مەڵبەندی دیراساتی گشتی دیاریكراوە، یەكێك لەو ئەركە سەرەكیانە، بەپێی ماددەی (56) لەپەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بریتییە لە گەشەپێدانی توانای كادران لە ئاستی جیاجیادا، ئەم ئەركەش لە رێگەی كردنەوەی خول و ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆری وەكو كۆنفرانس و ۆركشۆپ و مێزگرد - ەوە دەتوانرێت بەدیبهێنرێت.
یەكێتی كە حزبێكی سۆشیال دیموكراتی ئاشتیخوازە، باوەڕی تەواوی بە گۆڕینی كۆمەڵگە هەیە لە رێگەی ئامرازە نەرمەكانەوە، بۆ ئەمەش چالاكیە سیاسیی و رۆشنبیرییەكان بەدڵنیاییەوە ئامرازێكی گونجاون.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە مەیدانی گفتوگۆی فیكری و سیاسی بووە و خاوەنی پێناسی فیكری خۆی بووە كە جیای كردۆتەوە لە هەر حزبێكی تر، یەكێتی هەر لە قۆناغی خەباتی شاخەوە گرنگی بە پەروەردەی فیكری ئەندامانی خۆی داوە.
*یەکێک لە کارەکانتان کردنەوەی خولی پێگەیاندنی کادرانە، تا ئێستا چەند خولتان کردۆتەوە؟
- تا ئێستا لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا 14 خولی جۆراوجۆر كراوەتەوە كە زیاتر لە 370 كادر سودمەند بووە، كە وتم خولی جۆراوجۆر مەبەستم ئەوەیە بڵێم خولەكانمان بۆ هەر ئاستێك و بۆ هەر گروپێك بەجیا دیزاین كراوە، هەندێك لە خولەكانمان ماوەكانیان هەفتەیەك یا دوو هەفتەیە، هەندێكی تریان ماوەكەیان درێژترە بەهۆی پێگەو پێداویستی بەشداربووانەوە.
*با لەم وەڵامەوە پرسیارێكی تر بكەین، باست لەوە كرد كە خولەكانتان بۆ هەر ئاست و پێگەیەك جیاوازە، ئێوە خول و راهێنانەكانتان بۆ كێیە؟
- خولەكانمان لە رووی جۆرییەوە دەتوانین دابەش بكەین بەسەر دوو جۆردا، یەكەمیان ئەو خولانەن كە پێشتر دیزاین كراون و هەر كادر و ئەندامێك دەچێتە ناو ئەو خولەی كە بۆی دیاریكراوە. دووەمیان ئەو خولانەن كە دامودەزگا جیاوازەكان داوای دەكەن، چونكە ئێمە خۆمان لەم ساڵدا نوسراومان ئاراستەی سەرجەم ئۆرگانەكان كردوە بۆ ئەوەی لە پێداویستی خۆیان ئاگادارمان بكەنەوە.
*کادران لەو خولانەی ئێوە چی فێر دەبن، ماوەی خولەکانتان بەشی ئەوە دەکات بۆ پەرەپێدانی فیکریان؟
- سەبارەت بە بەشی یەكەمی پرسیارەكەت، كادران چی فێردەبن، دەتوانم بڵێم كۆمەڵێك بابەت كە زۆر بەوردی دەستنیشان كراون لە خولەكاندا دەوترێنەوە، كە هەم بابەتی زیندوون هەمیش پێویستن بۆ گەشەپێدانی توانای كادران و هاوكاریان دەبێت تا بتوانن باشتر كارەكانیان بەڕێوەببەن كاراتر بتوانن خزمەتی یەكێتی و كوردستانیش بكەن.
بەشێكی زۆری بابەتەكان بۆ خزمەتی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان دانراون كە لە دواهەمین كۆنگرەدا پەسەندكرا، لێرەدا دەتوانم ئاماژە بە بەشێك لەو بابەتانە بدەم: بابەتی مێژووی كورد كە ئێمە گرنگییەكی تایبەتی پێ دەدەین بابەتێكی سەرەكییە لە لامان و پێمان وایە دیراسەكردنی ئەم بابەتە هاوكار دەبێت لە دروستكردن یا پەرەپێدانی ئینتیما بۆ وڵات.
بابەتێكی تر بریتییە لە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی لەڕێی ئەم بابەتەوە بەشداربووان هەم ئاشنا دەكرێن بە ستراكچەری یەكێتی هەم بەرنامە سیاسییەكەی یەكێتی شیدەكرێتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، كە ئەمە وادەكات كادرانمان وەكو یەك جەستەی یەكگرتوو كار بۆ بەدیهێنانی بەرنامە سیاسییەكەمان بكەن كە ئەمەش لە كۆتاییدا دەچێتەوە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
یەكێك لە بابەتەكانی تر بریتییە لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، ئێمە لەم بابەتە هەوڵی ئەوە دەدەین ئەو پەیامە بگەیەنین كە بنەماكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەركەوتوو چین و چۆن هەر كەسێك بەپێی پێگەكەی دەتوانێت پشكی هەبێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەبێ ئەوەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی سیاسی بەگشتی و دەروونی خەڵكیش دروست بكەین، لەمەدا سەرنجێكی زۆرمان لەسەر شیكردنەوە و گفتوگۆكردنی هەڤاڵانەیە سەبارەت بە فیكری سۆشیال دیموكرات، چونكە وەكو دەزانرێت هەر حزبێكی سیاسی خاوەنی ئایدیۆلۆجییەكی تایبەت بەخۆیەتی و ناسنامەی یەكێتیش سۆشیال دیموكراتە، بۆیە لەم رێگەیەوە دەمانەوێت فیكرەكە روونتر بگات تا ئەندامانمان هەستی بەیەكەوەبوون و هەماهەنگیان زیاتر بێت و هەركەسێكیش لە پێگەكەی خۆیەوە كار بۆ جێبەجێكردنی بنەماكانی سۆشیال دیموكرات بكات.
هەروەها گرنگی دەدەین بەوەی كادرانمان رابهێنین لەسەر كاری تیم و پێكەوەیی، چونكە ئەم چەمكە بۆ حزبی سیاسی زۆر گرنگە ئەمەش لەبەرئەوەی حزبی سیاسی هەر خۆی وا چاوەڕوان دەكرێت ئەوانەی كە لە ناویدا كۆبوونەتەوە خاوەنی دونیابینی هاوبەشن و باشترین ئامرازیش بن بۆ بەدیهێنانی دیدگای هاوبەش كاری پێكەوەیی بەشداریپێكردنی هەموانە لە كاری سیاسیدا.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەت، دەتوانم ئەوە بڵێم كە ئێمە بۆ هەر سكیڵێك بابەتێكی چڕ و پڕ پێشكەشی بەشداربووان دەكەین، بەڵام ئەوە روونە كە بەشداربوان پێویستە دوای تەواوبوونی خولەكان خۆیان بەردەوامبن لە خوێندنەوە و بەدواداچوون، چونكە پڕۆسەی فێربوون پڕۆسەیەكی بەردەوام و درێژخایەنە و هیچ خوێندن و خولێك ئەگەر هەوڵی تاكەكەسی لەگەڵدا نەبێت ناتوانێت بە تەواوی ئامانجەكەی بەدیبهێنێت. ئێمە پلانمان هەیە كە لە داهاتوودا نێتۆركێكی فراوان لە نێوان دەرچووانی خولەكان دروست بكەین تا بتوانین بەردەوامی بە پڕۆسەی فێربوون و خۆ نوێكردنەوە بدەین.
*ئامانجتان لە پێگەیاندنی کادرانی چییە، ئایا ئەم کادرانە دەبنە جێی مەبەستی یەکێتی لە داهاتوودا؟
-ئێمە پێمان وایە كە سیاسەت لە دنیای ئەمڕۆدا جگە لە دڵسۆزی بۆ بیروباوەڕێك پێویستیی بە شارەزایی سكیڵی تایبەت هەیە لە هەندێك زانستی پەیوەندیداردا، جگە لەوەش ئەو زانستە پێویستە بەشێوەیەكی ستاندارد و ناوەندی بگەیەنرێت، ئەمە وادەكات كە دنیابینی كادرانمان هەم لە ئاستێكی بەرزتر بێت و هەمیش بەیەك ئاڕاستە كار بۆ سەرخستنی پرۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بكەن.
دەمەوێت ئاماژەش بەوە بدەم كە بەشێكی زۆری كارەكانی ئێمە بەهەماهەنگییە لەگەڵ مەكتەبی رێكخستن و لێك تێگەیشتنمان هەیە، مەكتەبی رێكخستن ئاراستەكە وایە بەشدارییکردن لەم خولانە و جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی خولەكان لە میانی كاری رۆژانەی كادراندا لەبەر چاوبگیرێت لە پلەبەندی حزبی و هاندانی زیاتری ئەوانەی كە هەوڵ دەدەن زۆرترین گۆڕانكاری لە خۆیاندا دروست بكەن.
ئەوەشی كە زیاتر دڵنیامان دەكاتەوە كە خولەكان گۆڕانكاری دروست دەكەن یا كادرێك بەرهەمدەهێنین كە جێی هیوای یەكێتی بێت، ئەوەیە كە ئێمە لەبەڕێوەبردنی خولەكاندا تەواوی بنەما زانستییەكان پەیڕەو دەكەین بەهۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكی فراوانمان لەگەڵ ئەكادیمیەكانی كوردستان هەیە، بۆیە لە خول و ڕاهێنانەكاندا مامۆستای زۆر باش و بەئەزمون بەشدارن لە بەڕێوەبردنی چالاكیەكاندا، تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندن و دابینكردنی كەشێكی ئارامی وانە خوێندن و پەیڕەوكردنی سیستمی دڵنیایی جۆریی بۆ هەڵسەنگاندنی بابەتە زانستییەكان و شێوازی وانە وتنەوەی مامۆستاكانیش.
ئەمانە هەموویان بەیەكەوە دڵنیایی زیاترمان بۆ دروست دەكەن لە كارەكانمان، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرین كە گۆڕانكاری پڕۆسەیەكی هێواش و بەردەوامە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئیرادەیەكی باش هەیە بۆ بەردەوامیدان بەم كارە و بەپێویست زانینی.
*کارێکی دیکە کە ئێوە دەیکەن، دیدار و بەڕێوەبردنی كۆنفرانس و مێزگردە، بۆ ئەوە چیتان کردووە؟
- ئێمە پێشتر كارمان لەسەر راپۆرتەكانی دیداری یەكێتی كردووە، رۆڵمان هەبووە لە بەدواداچوون بۆ ئاستی جێبەجێكردنی راسپاردەكان و ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی. چەندین سیمیناری ناوخۆیی بۆ بابەتی گرنگ و گەرم ئەنجامدراون، بەگشتی دەتوانم بڵێم لە ماوەی رابردوو فۆكەسی زیاترمان لەسەر خول و راهێنانەكان بووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ ساڵی نوێی كاركردنمان پلانمان هەیە ئەم چالاكیانە فراوانتر بكەین، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوتردا ئەم پلانە دەخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.
*بەرنامەی داهاتووتان چییە بۆ ئەوەی کادری زیاتر بەشداریی ئەو خولانەی ئێوە بن؟
- پلانی داهاتووی ئێمە ئەوەیە كە جگە لەم بەرنامانەی ئێستا پێشكەشیان دەكەین، پرۆگرامی تریش بە ئاست و كوالێتییەكی جیاوازتر پێشكەش بكەین، وردەكارییەكانی لە دەرفەتێكی گونجاوتردا رادەگەیەنین، هەروەها پلانمان وایە كە لە شوێنی جیاواز خولەكانمان بكەینەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداریكردن.
هەروەها دەبێت ئەوە بڵێم كە ئێمە ئێستا خاوەنی دوو دەزگاین بۆ گەشەپێدانی توانای كادران، ئەوانیش هەریەك لە (ئەكادیمیای گەشەپێدانی تواناكان و پەیمانگای گەشەپێدانی توانای كادرانین) كە هەر یەك لەم دوو دەزگایە لە چوارچێوەی ناوەندی دیدار و گەشەپێدان ڕۆڵی دیاریكراو و جیاوازی خۆیانیان.
ئێمە لەبەڕێوەبردنی خولەكاندا تەواوی بنەما زانستییەكان پەیڕەو دەكەین بەهۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكی فراوانمان لەگەڵ ئەكادیمیەكانی كوردستان هەیە