یادەوەریی وەرزشی

من سەرەتای وەرزی 1992-1991 یارییم بۆ یانەی هەولێر دەکرد

12:01 - 2024-08-06
وەرزش
184 جار خوێندراوەتەوە
ئازاد مستەفا

خەسرەو گورون

118

باش لەبیرمە مامەڵەی گواستنەوەكەشم لە یانەی هەولێرەوە بۆ یانەی سلێمانی، شێخ ئیسماعیل مەحمود لە بەغدا و لە یەكێتیی تۆپی پێی عیراق جێبەجێی كرد و (ئیستیغنا) كەی بۆ هێنامەوە بۆ یانەی سلێمانی

 
لە چەند ژمارەی پێشووی ئەم باسانەمدا، تیشكم خستەسەر خولی پلە دووی یانەكانی عیراق بۆ وەرزی 1990-1991، ئەوەبوو لەو وەرزەدا ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی لە قۆناغی گروپەكاندا دووەمی گروپی باكووری عیراق بووین گەیشتینە یارییەكانی پاشكۆی پاڵاواتن بۆ گەیشتن بە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق، لە یاریی سەركەوتن بۆ  خولی پلە یەكی یانەكانی عیراقدا، 0-0 لەگەڵ ئەلسەلامی بەغدا یەكسان بووین كە رۆژی 12/8/1991 لە یاریگای یانەی كەرخ لەبەغدا كردمان و بەو یەكسان بوونە نەگەیشتینە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق و دەبوو یارییەكەمان ببردایەتەوە، لە ژمارەكانی پێشودا ئەمانەم هەمووی بەوردی باسكردووە.
لەم ژمارە نوێیانەی باسەكانمدا باسی یارییەكانی یانەی سلێمانی لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق وەرزی 1991-1992 دەكەم، ئەمساڵیش هەر بەهەمان سیستمی یارییەكانی وەرزی رابردوو خولی پلە دووی یانەكانی عیراق بەڕێوەبرا، ئێمە لە گروپی باكووری یانەكانی عیراقدا یارییمان دەكرد.
من سەرەتای ئەم وەرزە یارییم بۆ یانەی هەولێر دەكرد و چوبوومە ئەو یانەیە، بڕیارێكی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق هەبوو ئەویش بریتی بوو لەوەی هەر یاریزانێك كەمتر لە 5 یاریی بۆ یانەیەك كردبێت، دەتوانێت بە (ئیستیغنا) بچێتە یانەیەكی تر، منیش بڕیاری گەڕانەوەم بۆ یانەی سلێمانی دا، باش لەبیرمە مامەڵەی گواستنەوەكەشم لە یانەی هەولێرەوە بۆ یانەی سلێمانی شێخ ئیسماعیل مەحمود لە بەغدا و لە یەكێتیی تۆپی پێی عیراق جێبەجێی كرد و (ئیستیغنا) كەی بۆ هێنامەوە بۆ یانەی سلێمانی و توانیم لەو یارییانەدا یاریی بكەم كە یانەی سلێمانی لەم خولەدا مابوونی بیانكات و لەم یارییەدا بەشدارییم كرد.
ئەم یارییەمان رۆژی 17/2/1992 لەگەڵ یانەی سەورەی شاری كەركوك بوو، یارییەكە لە یاریگای تكریت كرا، سەعات  -2ی نیوەڕۆ دەستیپێكرد، هاندەرانێكی مامناوەند لە سەیر بوون، ناوبژیوانانیش لە هەولێرەوە هاتبوون و بریتی بوون لە (رەسوڵ مەجید و جەعفەر فەهیم و ئەحمەد عەزیز)، یانەی سەورە درێسی شین و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بە درێسی سوورەوە یارییمان كرد.
ئیدارییەكانی تیپی ئێمە سەعدی غەریب و شێخ ئیسماعیل مەحمود بوون، حەمە بچكۆل راهێنەری ئێمە بوو ئازاد مستەفاش یاریدەدەری بوو، لەم یارییەدا بەپێكهاتەی 4-4-2 یارییمان كرد بەمشێوەیە:
*گۆڵچی:خوالێخۆشبوو (عەتا).
*بەرگری:نەوزاد مستەفا، خەسرەو گورون، ئامانج سەید برایم-كاپتنی تیپ، عەتا ئەحمەد.
*ناوەند:ئالان قادر، ئاسۆ قەلە، جەعفەر تۆفیق، كاژاو كەمال.
*هێرشبەر:خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، محەمەد عەبدوڵڵا- حەمەی هەڵەبجە.
یارییەكەش بەبردنەوەی تیپی یانەی سەورە 2-1 كۆتاییهات، گۆڵەكانی سەورە لە دەقیقەكانی 44 و 47دا كران و گۆڵەكەی ئێمەش ئالان قادر بە پەنالتی لە دەقیقەی 63دا كردی، لەم یارییەشدا تەنیا دوو یاریزانی یەدەگمان هەبوو، ئەوانیش ئاسۆ نوری و خوالێخۆشبوو هەرسین رەسوڵ بوو.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان