زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

شوناسی کولتووری

02:03 - 2024-08-15
ئەدەب و هونەر
319 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

1 - 2

شوناس یان ناسنامە  Identity و ناسنامەی کولتووری Cultural identity (الهوية الثقافية)، بریتییە لەو تایبەتمەندییانەی تاکێک لە تاکێکی دیکە، یان گرووپێک لە گرووپێکی دیکە، یان ئاینێک لە ئاینێکی دیکە جیا دەکاتەوە و رەنگدانەوەی واقیعێکی دیاریکراو و وێناکردنێکی دیاریکراو دەنوێنێت. ناسنامە لە مانا باو و سادەکەیدا بریتییە لەو پارچە کارتۆنە بچووکەی کە ناو و ساڵ و شوێنی لەدایکبوون و هەندێ زانیاریی کەسیی تیادا تۆمار کراوە، بەڵام ئێمە لە شیکردنەوەی ئەم زاراوەیەدا لەو چوارچێوە تەسک و سنووردارە دێینە دەرێ و داوا لە خوێنەریش دەکەین لێرەدا تەنیا بیر لەو ناسنامەیە نەکاتەوە کە خۆی هەڵگریەتی و لەگیرفانیدا پاراستوویەتی، بەڵکو لە چەندین لایەن و رەهەندی دیکەوە ناسنامە و شوناسی کولتووری شیدەکەینەوە (ئێمە لێرەدا وشەی «ناسنامە»مان بۆ ناسنامەی کەسیی داناوە، وشەی «شوناس»یش بۆ شوناسی کولتووری).

 

شوناسی کولتووری بریتی نییە لە سیستمێکی ئامادە و کۆتایی، بەڵکو پرۆژەیەکی کراوەیە بۆ ئاییندە و بۆ هەموو ئەگەرێک

شوناسی کولتووری، لە رەهەندێکی دیکەدا، بریتییە لە جەختکردنەوە لە خود، لێرەدا ناسنامە یان شوناس کلیلێکە بۆ چوونە نێو جیهانە تایبەتییەکەی تاکەکەس و دیاریکردنی پابەندییەکانی، مەبەستم پابەندی: نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری و زمانی و جێندەری و چین و بنەماڵە و بگرە خێڵ و عەشیرەتگەریش. ولیەم جێمس پێی وایە شوناسی کولتووری بریتییە لە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەلای تاکەکەس و لەلای گرووپەکانیش، بۆ ناسینی خود، هەم لەلایەن مرۆڤ خۆیەوەو هەم لەلایەن ئەوانیدیکەوە لەیەک کاتدا، بۆیە تاک و گرووپەکان خۆیان بەو ناسنامەیەوە دەبەستنەوەو هەوڵی مانەوەی دەدەن.
لەرووی سۆسیۆلۆجیشەوە، شوناس پەیوەستە بە «خود»ەوە، خودیش لە رێگەی زمان و پەیوەندییەوە کارلێک لەگەڵ جیهاندا دەکات، ئەم خودە دوو رەهەندی هەیە: یەکێکیان بریتییە لە «منی ناوەکی» کە لە ئینگلیزیدا دەڵێن «I»،  ئەمە منێکی خودی و ناوەکی و نادیارو داهێنەرە کە ئەوانیدی هیچی ئەوتۆی لێنازانن، ئەویدیکەیان بریتییە لە «منی دەرەکی» لە ئینگلیزیدا دەڵێن «Me»، کە منێکی دەرەکی و کۆمەڵایەتییەو لەلای ئەوانیدی دیار و ناسراوە. شوناسی کولتووری هەردوو ئەم چەشنەی خودە لەخۆ دەگرێت.
شوناسی کولتووری بریتی نییە لە سیستمێکی ئامادە و کۆتایی، بەڵکو پرۆژەیەکی کراوەیە بۆ ئاییندە و بۆ هەموو ئەگەرێک، کاری ئەو شوناسە بریتییە لە پاراستنی خودی تاک و خودی جەماعی لە مەترسییەکانی توانەوەو لەنێوچوون، بەڵام هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، لەگەڵ ئەوەشدا شوناسی کولتووری بەرەهایی مەسەلەیەکی بایۆلۆژی نییە کە لەرێگەی بۆماوە و جیناتەوە لە نەوەیەکەوە بگوازرێتەوە بۆ نەوەیەکی دیکە، بەڵکو لەژێر کاریگەریی مێژوو و کۆمەڵگەو رۆشنبیریدا شێوەی هەمەچەشن وەردەگرێت، بەتایبەتی لەرۆژگاری ئەمرۆماندا، شوناسی کولتووری گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووەو دەشێت بە چەندین قۆناغدا بڕوات، واتە شوناسی کولتووری قاڵبێکی دیاریکراوی نییە، جێگیر و ستاتیک و وەستاو نییە، پێوەرێکی دیاریکراوی نییە، لە ئەقڵییەتی داخراو و شوناسی چوارچێوەدار دەردەچێت، لەبەرامبەر ئایین و نەتەوەو کولتوورەکانی دیکەدا واز لە رووبەڕوبوونەوە و دوژمنکاری و ترس لە ئەویدیکە و بڵندگەری و خۆبەزلزانین دەهێنێت، شوناسی کولتووری سنوورەکانی نەتەوە و رەنگ و ئایین و زمان و چین و رەچەڵەک و عەشیرەت لادەبات.
لەم سەردەمەدا ئامرازەکانی پەیوەندی و میدیا و جیهانگیری، بەجۆرێک جیهانیان لەیەکدی نزیک کردۆتەوە کە ئەم گۆی زەوییەیان کردووە بە گوندێکی بچووک، لەسۆنگەیدا یەکێتیی ئەوروپا شنگن دروست دەکات، سنوورەکان لەبەرامبەر یەکدی دەکەنەوە، دراو یەکدەخەن و یورۆ دروست دەکەن، ئەمانە بەسروشتی خۆیان کار دەکەنە سەر ناسنامە بەگشتی و شوناسی کولتووری بەتایبەتی، لێرەدا تاک ناتوانێت لەناو چوارچێوەکانی ناسنامەی تایبەتیدا خۆی بەند بکات، شوناسی کولتووریش هەڵبژاردەیەک نییە تاک رەتی بکاتەوە یان بەپێی میزاج و بەرژەوەندییەکانی خۆی قبوڵی بکات، بۆچی؟ چونکە شوناسی کولتووریی هەمەچەشن و فرە رەگ، لە رۆژگاری ئەمرۆماندا، بووە بە سیمایەکی دیاری ئەم سەردەمە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان