سەرۆک کۆماری عیراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە کارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوویەوە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق نووسراوێکی ئاڕاستەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوەکالەت کرد و داوا دەکات، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەنە خشتەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بۆئەوەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگی لەسەر بدرێت.
لە رێگەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی یەکێتی و فراکسیۆنەکەی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یەکێتی خۆی بەخاوەنی پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەزانێت.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر پشکی هەڵەبجە بە PUKMEDIA ی راگەیاند: یەکێتی خۆی بە خاوەنی پڕۆژەی بەپارێزگابونی هەڵەبجە دەزانێت. لە رابردوودا هەوڵی زۆرمانداوە هەتا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە کراوە.
وتیشی، بۆ خوێندنەوەی سێیەم و کۆتایی هێنان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 87 ئیمزای پەرلەمانتارانمان کۆکردۆتەوەو ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کردوە، کە نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنەکانی تێدایە. داوامان کردووە خوێندنەوەی سێیەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
پێشتر، بۆ هەمان پرس، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی لایەنە عیراقییەکانی کردوەو داوای لێکردوون، لە پەرلەمانەوە پشتیوانی داواکەی یەکێتی بن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.