یادەوەریی وەرزشی

بۆ خۆئامادەكردن و دانەبڕان، چەند یارییەكی دۆستانەمان كرد

01:20 - 2024-08-20
وەرزش
189 جار خوێندراوەتەوە
#تیپی یانەی سلێمانی

خەسرەو گورون

120
وەك لە ژمارەكانی پێشووی ئەم باسانەمدا تیشكم خستە سەر یارییەكانمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق وەرزی 1991-1992، ئەوەشم ووت كە دوا تیپی گروپەكەمان بووین (گروپی باكووری عیراق)، بەپێی یاساكانی خولەكە دەبوو دوا تیپی ریزبەندیی هەرچوار گروپەكەی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، یاریی پلەی ئۆف لە نێوان خۆیاندا بكەن و یەكەم و دووەمی ئەو چوار تیپە لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا دەمانەوە و سێیەم و چوارەمیش بۆ خولی پلە سێی یانەكانی عیراق دادەبەزین.

پاش تەواو بوونی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق وەرزی 1991-1992، ئێمە لە مەشق و راهێنان و یاریی دۆستانە نەوەستاین و چەند یارییەكی دۆستانەمان كرد

پاش تەواو بوونی یارییەكان ئێمە لە مەشق و راهێنان و یاریی دۆستانە نەوەستاین، ئەوەش بۆ ئەوەی ئاستمان دانەبەزێت، لە ماوەی خۆئامادەكردنماندا، حەوت یاریی دۆستانەمان كرد، وا لەم ژمارەیەی باسەكانمدا تیشكێك دەخەمە سەر سێ یاریی لەو یارییە دۆستانانەیە و لە ژمارەی داهاتووشدا باسی چوار یارییەكەی تریش دەكەم.
ئێمە رۆژی 24/4/1992 یاریی پێشكۆتاییمان لە خولی پلەدووی یانەكانی عیراقدا كرد، 0-2 بەبرایەتی دۆڕاین، دەبوو دوا یارییشمان لەگەڵ فتووەی موسڵ رۆژی 2/3/1992 بكەین، بەڵام یارییەكەمان نەكرد و 0-3 بەدۆڕاو دانراین، بۆیە لە مانگی 3 ی ئەو ساڵەوە ئێمە بەردەوام بووین و چەند یارییەكی دۆستانەمان كرد، ئەو سێ یارییەی كردمان دوانیان بە بۆنەی یادەكانی راپەڕین و كۆڕە و سێیەمیشیان بەبۆنەی دامەزراندنی یانەی پۆلیسی سلێمانییەوە بوو.
 هەرسێ یارییەكەش بەمشێوەیە كران:
*13/3/1992 – یانەی سلێمانی 4 × 0 یانەی سیروان.
ئەم یارییە لە یاریگای یانەی سلێمانی كردمان، بەبۆنەی یەكەم ساڵیادی راپەڕینەوە بوو، دەستەی كارگێڕی تیپەكەمان بریتی بوو لە خوالێخۆشبوو كاك فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و مامۆستا ئازاد وەهاب و شێخ ئیسماعیل مەحمود، حەمە بچكۆل و ئازاد مستەفا راهێنەری ئێمەبوون.
*9/4/1992 – یانەی سلێمانی 3 × 1 پۆلیسی سلێمانی.
ئەم یارییە بەبۆنەی یەكەم یادی كۆڕەوەكەی خەڵكی كوردستانەوە بوو، ئازادی حاجی مەلا شەریف ناوبژیوانی یارییەكە بوو، ئیداری و راهێنەرمان هەمان ئەو كەسانەی یاریی پێشووبوو كەلەگەڵ سیروان كردمان، ئەم یارییەشمان هەر لە یاریگای سلێمانی كرد.
*13/4/1992 – یانەی سلێمانی 2 × 2 یانەی پۆلیسی سلێمانی.
ئەم یارییەمان سەعات 4 ی عەسر لە یاریگای سلێمانی كرد، یارییەكە بەبۆنەی دامەزراندنی یانەی پۆلیسی سلێمانییەوە بوو، ئازادی حاجی مەلا شەریف یارییەكەی بەڕێوەبرد، ئیداری و راهێنەرمان هەمان ئەو كەسانەی یاریی یەكەم و دووەم بوو كەلەگەڵ سیروان  و تیپی پۆلیسی سلێمانی كردمان.
لەم یارییانەدا یاریزانانی یانەی سلێمانی بریتی بوون لە (خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵپارێز، هادی كەریم، خەسرەو گورون، ئامانجی سەید برایم، كاژاو كەمال، ئاسۆ رەشید، ئاسۆ نوری، بەكری شێخ مستەفا، عەتا ساڵح، عەتا ئەحمەد، شەهید هەرسین رەسوڵ، ئالان قادر، ئالان حەمە ئەمین، تەنیا حەسەن تەنیا، حەمەی حاجی واحید، نەوزاد مستەفا، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، تایەری دەربەندیخان).
لە ژمارەی داهاتووشدا باسی چوار یارییەكەی تریش دەكەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان