1-2
رۆژی 11 ی ئەم مانگە 33 یەمین ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا كۆتاییهات، ئەم ئۆڵۆمپیادە رۆژی 26/7/2024 دەستیپێكرد و بەدەر لە ئەنجام و میدال و ململانێیەكانی، چەندین حیكایەتی سەرنجراكێش و تایبەتی بەخۆیەوە بینی، دیارترینی ئەو حیكایەتانە ئەمانەی خوارەوە بوون:
فەرەنسییەكان 1 لە 10
*فەرەنسییەكان لە یارییە بەكۆمەڵەكاندا (تیپەكان) ئەنجامەكانیان مایەی رەزامەندیی فەرەنسییەكان نەبووە، لە 6 یاریی كوڕان و كچانی تیپە بەكۆمەڵەكاندا (تۆپی پێ، بالە، باسكە، تۆپی دەست، تۆپی ناو ئاو، تۆپی سەرمێز) بۆ كوڕان و كچان كە دەكاتە 12 یاریی كۆتایی، تەنیا یەك یاریی كۆتاییان بردۆتەوەو یەك میدالی زێڕیان بەدەستهێناوە.
ئەوەتا یاریی كۆتایی خولی تۆپی پێیان 3-5 بە ئیسپانیا دۆڕاند، لە خولی كچاندا نەیانتوانی بگەنە یاریی كۆتایی، هەردوو یاریی كۆتایی خولی باسكەی كوڕان و كچان بە ئەمریكییەكان دۆڕاون، یاریی كۆتایی خولی تۆپی دەستی كچانیان 29-21 بە نەرویج دۆڕاند، لە خولی كوڕاندا نەگەیشتونەتە یاریی كۆتایی، لە خولی تۆپی سەرمێزی كوڕان و كچاندا هەر نەگەیشتوونەتە یاریی كۆتاییەكان، لە خولی تۆپی ناو ئاو (واتەر پۆڵۆ) فەرەنسییەكان نەیاتوانی بگەنە هیچ كام لە یارییەكانی كۆتایی خولەكانی كوڕان و كچان، تەنیا میدالێك كەلەم جۆرە یارییانەدا بەدەستیانهێناوە لە خولی بالەی كوڕاندا بووە، ئەوەیش پاش ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا 3-0 لە پۆڵەندایان بردەوە، لە یاریی كۆتایی خولی كچانیشدا ئیتاڵیا 3-0 لە كچانی ئەمریكایان بردەوە.