ئەمڕۆ 27ی حوزەیرانی 2022، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان و راپەڕین)، لەدوو دیداری جیادا پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە دادنووسانی فەرمانگەی دادنووسی سلێمانی و دەوروبەری لەگەڵ جێبەجێکارانی دادی پارێزگای سلێمانی و لەچۆنێتی بەرێوەچوونی ئیشوکارەکانیان و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیانی پرسییەوە.
لەو دیدارانەدا کە تەلار لەتیف ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی (ی.ن.ک) ئامادەی بوو، پوختەیەک لەبارەی شێوازی بەڕێکردنی کاروچالاکی هەردوو فەرمانگەکە پێشکەشکرا، ئاماژەش بەو کەموکورتیانە کرا کە ئاستەنگن لەڕاییکردنی کاروبارەکاندا.
لای خۆیەوە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ باشتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەهاووڵاتیان و نەهێشتنی ئاستەنگەکان، پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشنیازانەی کە پێشکەشیان کرد، بۆ هەوڵ و ماندوبوونیشیان ستایشی کردن کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.