كەریم خانی زەند

ناوبانگی لە شیراز دەدرەوشێتەوە

11:48 - 2024-09-04
دووتوێ
328 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئیسماعیل باوزێیی

کەریم خان، یەکێکە لە فەرمانڕەوا بەناوبانگ و رەوشت بەرزەکانی ئێران، مرۆڤێکی میهرەبان، رەفتار باش و دوور لە کینە و توندوتیژی بوو، بەمشێوەیە ماوەی 28 ساڵ فەرمانڕەواییکرد. بە سادەیی و بەبێ خۆپەرستی دەژیا، زۆر حەزی لە ژیانی شاهانە و شکۆمەندی نەبوو

لە گەشتێكی چەند رۆژەماندا بۆ شارەكانی باشوور و باشووری خۆرئاوای ئێران، دوای بڕینی رێگایەکی (394کم)ی نێوان ئیسفەهان بۆ شیراز، شەوێکی سارد و باراناوی گەیشتینە شارەکە، رۆژی دواتر چوارشەممە 28.12.2022 بۆ بینینی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ناو شاری شیراز، كەوتینەگەڕان و سەردانییكردن، بە تایبەت مەبەستمان بوو کار و پاشماوەکانی کەریم خانی زەند ببینین.

کەریم خان، یەکێکە لە فەرمانڕەوا بەناوبانگ و رەوشت بەرزەکانی ئێران، مرۆڤێکی میهرەبان، رەفتارباش و دوور لە کینە و توندوتیژی بوو، بەمشێوەیە ماوەی 28 ساڵ فەرمانڕەواییکرد. بە سادەیی و بەبێ خۆپەرستی دەژیا، زۆر حەزی لە ژیانی شاهانە و شکۆمەندی نەبوو، تەنانەت لە قبوڵکردنی نازناوی پاشا و سوڵتان خۆی بەدوورگرت و لە ماوەی دەسەڵاتەکەییدا وەک پارێزەری رەعیەت و هاووڵاتیان بە (وکیل الرعایة) دەناسرا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکی پیشتری وەک سەرۆکی تیرەی زەند، لە نزیکەوە ئاشنای کێشەکانی خەڵک بوو، دواتریش کاتێک بوو بە فەرماندەیەکی لێهاتوی سوپای (نادرشای ئەفشار 1735-1746) لە زۆربەی شەڕ و روبەڕوبوونەوەکاندا بەشدارییکرد، بە وردی ئاگاداری بارگرانی شەڕ و نەهامەتییەکان بوو، بۆیە بڕیارییدا بە ئاشتی و لە ئاسایش و ئارامیدا وڵات بەڕێوەبەرێت.

ژیان و سەردەمی فەرمانڕەوایی

محەمەد کەریم بەهادورخان، ناسراو بە (کەریم خانی زەند) ساڵی (1707) لە بنەماڵەی بەگلەی تیرەی زەندی هۆزی (لەك)ی كورد، لە گوندی پەری، كە بە دووری (30كلم) دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی شاری مەلایەر لەناوچەی لوڕستان، لەدایكبووە. باوكی ناوی ئیناق خان و سەرۆکی تیرەی زەند بوو، دایکیشی ناوی بێگم ئاغا زەنگنە بوو. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک: بنەماڵەکەیان لە ناوچەکانی باکووری لوڕستان کۆچیانکرد و لەلایەن (شا عەباسی یەکەم 1588-1629)ی سەفەوی لە دەوروبەری مەلایەر و بروجەرد نیشتەجێکران. یەکەم هاوسەری کەریم خان، ناوی خەدیجە بێگم و کچی فەتحعەلی خانی سەرۆک هۆزی قاجار بوو، دووەم هاوسەری ناوی قەدەمخێر و بە (جەیران) دەناسرا، کچی عەلیخانی سەرۆک هۆزی کەلهوڕ بوو. جگەلەوە، سێ هاوسەری دیکەشی هەبوو، یەکێکیان خەڵکی قوچان، یەکێکیان ئیسفەهانی و یەکێکیشیان یەهودی بوو، بەڵام ناوەکانیان نەزانراوە، هەروەها خاوەنی حەوت کوڕ و سێ کچ بوو بە ناوەکانی (تاهیرخان، محەمەد حەسەن خان، ئەبولفەتح خان، محەمەد رەحیم خان، محەمەد عەلی خان، محەمەد ئیبراهیم خان، محەمەد ساڵح خان، پەری جیهان خانم، خانمى بچوك و بیبی بچوک).
کەریم خان، دوای کوشتنی محەممەد حەسەن خانی قاجار لە ساڵی 1749دا، لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئێران دەرکەوت و توانی لە نێوان ساڵانی 1751-1779 فەرمانڕەوایی هەموو خاکی ئێران بکات، جگە لە هەرێمی خۆراسان، هەروەها ماوەی (14) ساڵ شاری شیرازی كرد بە پایتەختی دەسەڵات. بەهۆی ئەوەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا توشی کۆمەڵێک نەخۆشی وەک گورچیلە و سیل ببوو، دواجار رۆژی دووشەممە (1/3/1779) كۆچی دواییكرد و بە رێوڕەسمێکی شاهانە لە گۆڕێکدا، کە پێشتر خۆی ئامادەیکردبوو لە کۆشکی (کڵاوفەرەنگی) شیراز بەخاکسپێردرا.
ئەگەرچی دوای مردنی خانی زەند، ئاژاوە و پشێوی ناوچەكەی گرتەوە و (زەكی خان)ی ئامۆزای دەستی بەسەر دەسەڵاتداگرت، لەکاتێکدا (سادق خان)ی دایکبرای فەرمانڕەوای بەسرە بوو، بۆیە بە پەلە شارەکەی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ شیراز و رووبەڕووی یەكتریبوونەوە.
دوای ئەوەی ئاغا محەمەد خانی قاجار لە ساڵی 1794دا کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی زەند هێنا، کە برازای خەدیجە بێگم خانی هاوسەری کەریم خانیش بوو، چونکە پێشتر ماوەی 16 ساڵ لە دەرباری خانی زەنددا دەستبەسەربوو، هەرچەندە هەموو ئازادییەکی پێدرابوو، زۆرجار داواکاریی و بڕیارەکانیشی پەسەند دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەم ماوە زۆرەی دەستبەسەربوونییەوە، رق و کینەیەکی زۆری لە دڵدا هەڵگرتبوو، بۆیە فەرمانی هەڵدانەوەی گۆڕی کەریم خانی دەرکرد و ئێسکوپروسکەکانی لە شیراز گواستەوە بۆ تارانی پایتەختی نوێی ئێران، پاشان ئێسکەکانی لە کۆشکە تایبەتییەکەیی و لە ژێر پلیکانەی هاتوچۆکردنی خۆیدا بە خاکسپاردەوە. تاکە هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتەی ئاغا محەمەد خان دەگەڕایەوە بۆ ئاڵۆزی بیرکردنەوە و توشبوون بە نەخۆشی دەروونی، بۆیە چێژێکی زۆری وەردەگرت کاتێک هەموو رۆژێک ئێسکی دوژمنەکەی لەژێر پێی خۆی ببینێت، بەڵام هەڵسوکەوتی رێزدارانە و میهرەبانی کەریم خانی لە بەرامبەر خۆی و بنەماڵەکەیدا لەبیرکرد بوو!
کاتێک (رەزاشای پەهلەوی 1925-1941) دەسەڵاتی ئێرانی گرتەدەست، بەمەبەستی گێڕانەوەی شکۆ بۆ مێژوو خزمەتەکانی کەریم خان، فەرمانی دا ئێسکەکانیان دەرهێنایەوە، کە لەناو دەفرێکی زیودا هەڵگیرا بوون، پاشان بە ئامادەبوونی خۆی و عەبدولحوسێن تەیمورتاشی وەزیر و ژمارەیەک فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووس، ناردیاننەوە بۆ شیراز و دووبارە لە کۆشکی کڵاوفەرەنگیدا بەخاکسپێردرانەوە.

کارەکانی کەریم خانی زەند لە شیراز

کەریم خان، ساڵی 1765 لە شیراز نیشتەجێ بوو بڕیاریدا شارەکە وەک پایتەختی دەوڵەتەکەی دەستنیشان بکات، کە ماوەی 14 ساڵ کاتەکانی بە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و زیاتر جوانکردنی شیراز بەسەر برد. گریمانە دەکرێت بە چاولێکەری لە کارە بیناسازییەکانی (شا عەباسی یەکەم 1588-1629)ی سەفەوی لە شاری ئیسفەهان، دوای زیاتر لە 130 ساڵ، کەریم خانیش چەند کارێکی ناوازەی بیناسازیی و تەلارسازی بەناوبانگی لە شیراز ئەنجام دابێت، بەمشێوەیە:

یەکەم/ دروستکردنی کۆشک و قەڵای فەرمانڕەوایی
سەرەتا کەریم خان، فەرمانی دا کۆشکێک لە باشترین شوێن و بەرفراوانترین زەوی بۆ ژیان و نیشتەجێبوونی خۆی و کاروباری فەرمانڕەوایی دروستبکرێت. دوای ئەوەی دیزاین و نەخشەکەی دیاریکرد، فەرمانی بە زۆرێک لە دارتاش، نیگارکێش، بەردساز، تەلارساز و وەستاکان کرد، لە هەرێمە جیاجیاکانەوە بێن بۆ شیراز، هەروەها باشترین ئەندازیار و تەلارسازەکانی لە سەرجەم شارەكان بانگهێشتكرد و ساڵی 1766 دەستکرا بە دروستکردنی کۆشکەکە، ئینجا باشترین کەرەستەی بیناسازی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ هێنا، پاشان بۆ رازاندنەوەی قەڵاکە، فەرمانیدا چەند ئاوێنەیەکی گەورە لە وڵاتانی روسیا، ئیتالیا و فەرەنسا بگوازرێنەوە بۆ شیراز و لە کۆشکەکەدا جێگیربکرێن.
دەگێڕنەوە: ئەو رۆژەی کرێکارەکان بە زەحمەتێکی زۆرەوە ستونە بەردینەکانیان بۆ سەر دیواری قەڵاکە بەرز دەکردەوە، کەریم خان بە ئاغا محەمەد خانی قاجار دەڵێت: «دەزانم ئێستا بیر لە چی دەکەیەوە؟ بە خۆت دەڵێی مادام کرێکارەکان بۆ سەرخستنی ستونەکان ئاوا زەحمەتێکی زۆر دەچێژن، کەواتا رۆژێک من چۆن بتوانم ئەم ستونانە ببەم بۆ تاران»!
دواتر ئەم پێشبینییەی کەریم خان هاتەدی، چونکە کاتێک ئاغا محەمەد خان دەستی بەسەر شیراز داگرت، دوای هەڵدانەوەی گۆڕی کەریم خان، فەرمانی دا دوو ستونی لە بەردە داتاشراوەکانی لە کۆشکی وەکیل دەربهێنرێن و رەوانەی تاران، پایتەختی تازەی دەوڵەتی قاجاری بکرێن.
لە ئێستادا ئەم کۆشک و قەڵایە بە (ئەرەک)ی کەریم خان بەناوبانگە، دەكەوێتە ناوەندی شاری شیراز و بە دیوارێکی ئەستووری 15مەتری بەرزی چوارگۆشە دەورە دراوە، هەروەها لە هەرگۆشەیەکیشدا تاوەرێکی چاودێری بە بەرزی 18مەتری لە خشت دروستکراوە، کە تاوەرەکان پێکدێن لە دوو ژوور، یەکێک بۆ پشوودانی پاسەوانەکان و ژوورێکیش بۆ جبەخانە و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی، تەواوی رووی دەرەوەی کۆشکەکەش لە خشت دروستکراوە.
دەرگای چوونە ژوورەوە دەكەوێتە بەشی باشوور و ناوەڕاستی دیواری قەڵاکەوە، لەسەروی دەرگاکەشدا تابلۆیەکی کاشیکاری دانراوە، کە گوزارشت لە شەڕی رۆستەم لەگەڵ ماردی (جۆرێک لە جنۆکەی سپی) دەکات و مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی قاجارییەکان.
لە ناوەوەی کۆشکەکەدا بەشەکانی باکوور، باشوور و خۆرئاوا لە چەند ژوورێکی نیشتەجێبوون و هۆڵێکی گەورە پێکدێن، لای خۆرهەڵاتی قەڵاکەش گەرماوێکی تایبەتی خێزانی و هەندێک ئامڕازی خزمەتگوزاری لە خۆدەگرێت، هەروەها لە گۆڕەپانەکەشدا باخچەی جۆراوجۆر و خەزانێكی چوارگۆشەی ئاو هەیە و بە چەند نافورەیەک رازێنراوەتەوە، کە لە بەردی مەڕمەڕ دروستکراون و لە شارەکانی یەزد و تەورێز هێنراون، ئاوی قەڵاکەش لە پڕۆژەی کانیاوی (روکن ئاوا) دابیندەکرێت.
جێگای ئاماژەیە، لە سەردەمی دەوڵەتی قاجاریدا قەڵاكە وەك بارەگای فەرمانڕەوایی و شوێنی نیشتەجێبوونی والی و دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی فارس، کە ناوەندەکەی شاری شیراز بوو، سوودی لێوەردەگیرا، هەروەها ساڵی 1931 لە سەردەمی دەسەڵاتی رەزاشای پەهلەویدا وەک زیندانی شارەوانی بەکاردەهێنرا و بۆ ئەو مەبەستەش هۆڵە گەورەكان كران بە ژووری بچوك، پاشان لە ساڵی 1971دا قەڵاكە رادەستی فەرمانگەی كەلتوری نیشتمانی كرا و لەلایەن وەزارەتی میراتی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتی دەکرێت. دوای نۆژەنكردنەوەشی بە ژمارە 918 تۆمارکرا و رۆژی یەکشەممە 4/6/1972 وەک مۆزەخانەی نیشتمانی بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە.

 

تابلۆی کەریم خانی زەند لەگەڵ باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1775دا، دروستکراوی ئەبولحەسەن مستەوفی.
 لە وێنەکەدا کەریم خان (کورک)ێکی ئاڵتونی پاشایانەی لەبەردایە، کە لە پێستی گیانداری دڕندەی كێوی، یان لە قوماشی گرانبەها دروستكراوە و بە پەڕی باڵندە رازێنراوەتەوە و نەخشی گوڵی لەسەرە، لە سەدەی هەژدەدا لە ئێران باو بوو، لە دەستی چەپیدا پەرداخێک شەڕابی بەدەستەوەیە و بە دەستی راستیش چەپکێکە گوڵێکی رەنگ جیاوازی گرتووە.

 

دووەم/ دروستکردنی دیوارێکی گەورە بە دەوری شاری شیرازدا
گرنگترین کاری کەریم خان، پتەوکردن و بەهێزکردنی پایتەخت بوو لە بەرامبەر هێرشی دوژمنەکانی و دەسەبەرکردنی ئاسایشی ناوخۆی شار، بۆیە فەرمانی دا لە رێگەی  12 هەزار کرێکاری بەهێز و ئازا، شورایەکی گەورە دروستبکرێت. کەریم خان، لەم پڕۆژەیەدا کەڵکی لە گەنجانی بەهێز و تەندروستی ناوچەکانی دیکەی وڵات وەرگرت، بە مەبەستی دروستکردنی دیوارەکەش، شورای کۆنی شارەکە، کە هەتا ئەوکاتەش دەتوانرا سوودی لێوەربگیرێت، پارچە پارچە دەڕوخێنرا و لە شوێنی هەر پارچەیەکی وێرانبوو، بەشێکی دیکە دروستدەکرا، کە شەش دەروازەی هەبوو، لە ملاولای دەروازەکانیشدا دوو تاوەری بەرزی چاودێریی دروستکران و لەلایەن هێزێکی 100 کەسییەوە پاسەوانی دەکرا. بەرزی دیوارەکە 10 مەتر  و پانییەکەشی 4 مەتر  بوو، هەروەها بە فەرمانی کەریم خان خەندەکی دەوری شارەکە قوڵترکرا بۆ 60 پێ و پانییەکەشی 20 پێ بوو.
ئەگەرچی دروستکردنی دیوار و خەندەقێکی لەمشێوەیە کارێکی ئاسان نەبوو کاتێکی زۆری دەویست، بۆیە کەریم خان مۆڵەتی بە کرێکارەکان دەدا لە وەرزی زستاندا بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، چونکە کەشوهەوای شیراز زۆر سارد بوو رێگەی نەدەدا کار بکەن، دواتر لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار دەگەڕانەوە سەر ئیشەکانیان، هەروەها بە مەبەستی دڵخۆشی و سەرگەرمکردنی کرێکارەکانیش، بۆئەوەی رۆژانە کاری زیاتر بکەن و پەلە بکەن لە تەواوکردنی دیوارەکەدا، فەرمانیدا دەستەی گۆرانیبێژان و تیپی میوزیکژەن، هەنگاو بە هەنگاو سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی خۆشی و شادیبن و هەموو ئێوارەیەکیش کرێی کارکردنی کرێکارەکانی خەرجدەکرد.
هەمانکاتدا کەریم خان بڕیارییدا دەروازەی قورئان، کە دەکەوێتە لای باکووری خۆرهەڵاتی شارەکە نۆژەن بکرێتەوە، ژوورێکیشی لە بەشی سەرەوەیدا زیادکرد و دوو قورئانی گەورە و نایابی بە دەستنووسی سوڵتان ئیبراهیم کوڕی شاروخ تەیموری لە ژوورەکە دانا.  ئەم قورئانانە لەوکاتەدا بە (قورئانی 17کگم) ناسرابوون، بەڵام لە ئێستادا گواستراونەوە بۆ مۆزەخانەی پارس لە ناو کۆشکی کڵاوفەرەنگی شیراز.

 

کەریم خان، دوای کوشتنی محەممەد حەسەن خانی قاجار لە ساڵی 1749دا، لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئێران دەرکەوت و توانی لە نێوان ساڵانی 1751-1779 فەرمانڕەوایی هەموو خاکی ئێران بکات، جگە لە هەرێمی خۆراسان، هەروەها ماوەی (14) ساڵ شاری شیرازی كرد بە پایتەختی دەسەڵات. بەهۆی ئەوەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا توشی کۆمەڵێک نەخۆشی وەک گورچیلە و سیل ببوو، دواجار رۆژی دووشەممە (1/3/1779) كۆچی دواییكرد

 

سێیەم/ کۆشکی کڵاوفەرەنگی
کۆشکی کڵاوفەرەنگی دەکەوێتە باشووری قەڵاکە، بە فەرمانی کەریم خان و بۆ مەبەستی کۆبوونەوەی فەرمی و پێشوازییکردن لە باڵیۆزانی بیانی و ئەنجامدانی بۆنە و ئاهەنگی جۆراوجۆر لە ناوەڕاستی باخچەیەکی بچوک و بە شێوەیەکی هەشتگۆشەیی جوان دروستکرا، کە ئەم فۆڕمە تەلارسازییە لە سەردەمی مەغۆلەکانەوە لە ئێراندا باو بوو، هەروەها دیزاینی کڵاوفەرەنگیش وەک کۆشک و تەلارەکانی دیکە لەلایەن خودی کەریم خان دیارییکرا و چوار دەرگای هەبوو، بۆیە بە یەکێک لە باڵەخانە نایاب و رازاوەکان دادەنرێت. دوای تەواوبوونی کۆشکەکە، کەریم خان فەرمانیدا لە بەشی خۆرهەڵاتییدا گۆڕێکی بۆ دروستبکرێت، بۆئەوەی دوای کۆچی دوایی لەوێدا بەخاک بسپێردرێت، بەڵام دواتر لەلایەن ئاغا محەمەد خانی قاجار گۆڕەکەی هەڵدرایەوە. لە ئێستاشدا شوێنەکە بە مۆزەخانەی پارس و باخی نەزیر ناو دەبرێت و دەکەوێتەسەر شەقامی زەندییە، کە رۆژی شەممە 7/12/1935بە ژمارە 244 وەک یەکێک لە شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمارکراوە.

چوارەم/ دیوانخانە
ئەم باڵەخانەیە دەکەوتە باکووری کۆشکە سەرەکییەکەی کەریم خان، وەک بارەگای گشتی بەکاردەهێنرا، کە بە فەرمانی کەریم خان دروستکرا. لەسەر دیوارەکانی چەندین تابلۆی جۆراوجۆر بە وێنەی گوڵ و ئاژەڵ دروستکرا بوو، هەروەها وێنەی کەریم خان و ئەبولفەتح خان، کە لە هاوسەرە قوچانییەکەی لە دایکببوو خۆشەویستترین کوڕی بوو، بە شێوەیەکی ناوازە و جوان نەخشێنرابوون.

پێنجەم/ مزگەوتی وەکیل
ئەم مزگەوتە یەکێکە لە جوانترین بەجێماوەکانی کەریم خانی زەند، کە ساڵی 1773 دروستکراوە و بە مزگەوتی (سوڵتان)یش ناودەبرێت. دەکەوێتە خۆرئاوای بازاڕی وەکیل و لە کۆتایی کۆڵانی شمشێرگەران هەڵکەوتووە، شێوازی دروستکردنەکەی یەکێکە لە ناوازەترین هونەری کلاسیکی تەلارسازیی ئێرانی و لەناو حەوشەیەکی چوارگۆشە بە درێژایی 60 مەتر دروستکراوە. دیوارەکانی بە کاشییەکی سەرنجڕاکێش رازاوەتەوە، جۆری رەنگکردن و شێوەی زۆر جیاوازە لە سەردەمەکانی پێشتر و نموونەیەکی تایبەتە لە دیزاینی سەردەمی زەندییەکان، هەروەها لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا خەزانێکی ئاوی گەورەی چوارگۆشە هەیە، کە لە بەردی مەڕمەڕی پۆڵێشراو دروستکراوە. جگەلەوە، بنمیچەکەی لەسەر 48 ستوونی بەردی یەکپارچەیی راگیرکراوە و مینبەرێکی 14 پلەی لە بەردی مەڕمەڕ بۆ دروستکراوە، بە فەرمانی کەریم خان ئەم بەردانە لە شاری مەراغە هێنراون بۆ شیراز، وەک نیشانەی 14 پێشەوای رەفتار پاک، لە چوار لای مزگەوتەکەشدا پەنجەرە و تاقی کەوانەیی بە کاشی حەوت رەنگ دروستکراوە. هەرچەندە دوای کۆچی دوایی کەریم خان بەشێک لە کارەکانی مزگەوتی وەکیل تەواو بوو، بەڵام بەهۆی پتەوی لە دروستکردنیدا، دواتر توانی بەرگەی دوو بومەلەرزەی بەهێز بگرێت.

 

 

نووسەر لە بەردەم ئەرەک ی کەریم خانی زەند، شاری شیراز رۆژی چوارشەممە 28/12/2022

شەشەم/ بازاڕی وەکیل
دەکەوێتە بەشی باکووری کۆشکی کڵاوفەرەنگی و لە تەنیشت مزگەوتی وەکیل هەڵکەوتووە. درێژییەکەی نزیکەی 500 مەتر و پانی 12 مەتر دەبێت، دەرگای چوونە ژوورەوەی راستەوخۆ دوای مزگەوتی وەکیل هەڵکەوتووە. دەگوترێت: کەریم خان بیرۆکەی دروستکردنی ئەم بازاڕەی لە بازاڕی شا عەباسی گەورەی سەفەوی وەرگرتووە، کە لە سەردەمی خۆیدا لە شاری لاری هەرێمی فارس دروستیکردبوو.
بازاڕی وەکیل لە شێوەی خاچێکی چوارگۆشەیی دروستکراوە و 74 قوبەی هەیە، ئەوکات ئەم بازاڕە جوان و دوور و درێژەی وەکیل سوودی زۆری بۆ دانیشتوانی شیراز هەبوو. بینای بازاڕەکە بە جۆرێک دیزاینکراوە، کە لە وەرزی هاویندا هەوا فێنک و لە زستانانیشدا گەرم و زۆربەی ژوورەکان و بنمیچی بازاڕەکە بە خشت و کاشی و نووسراوی ئیسلامی بە شێوازی ئیتاڵی رازاوەتەوە.
بە فەرمانی کەریم خان، دوکانەکانی ئەم بازاڕە بە نرخێکی زۆر کەمی کرێ، دەدرایە کاسبکاران و بازرگانانی شیرازی، بۆیە دواتر بوو بە ناوەندی سەرەکی دابینکردنی کەلوپەلی ناوخۆیی و دەرەکی و ئاڵوگۆڕی کاڵا و شوێنی هاتوچۆی بازرگانانی بیانی، هەروەها چەندین کارگەی بچووکی سپیکردنەوەی کەلوپەلی مس و فافۆن، رەنگڕێژ و مسگەر، زێڕینگەر، پێڵاودرو و کڵاودرو لە نموونەی قەیسەری و دوکانەکانی ناو بازاڕی وەکیل بوو. بە جۆرێک، یەکێک لە بەشەکان بە بازاڕی بەزازان ناسرا بوو، لە 41 کەوانە و دوکان پێکهاتبوو، هەروەها لە ناوەڕاستیدا بازاڕێکی دیکە هەبوو بە 11 کەوانە دروستکرابوو بە ناوی بازاڕی شمشێرگەران، بازاڕی کڵاودروان بە 46 کەوانە، بازاڕی بەرگدروان بە 19 کەوانە و بازاڕی سەراجەکانیش لە 10 کەوانە و دوکان پێکهاتبوو.
جێگای ئاماژەیە، ساڵانی دواتر دەروازە جوانەکەی بازاڕی وەکیل بووە قوربانی مۆدێرنێتە و هەڵمەتی فراوانکردنی شاری شیراز و بەشێکی کەوتەبەر دروستکردنی شەقامی زەندییە.

حەوتەم/ گەرماوی وەکیل
بە فەرمانی کەریم خان لە تەنیشت مزگەوتی وەکیل دوو گەرماو دروستکرا، کە لە ئێستادا یەکێکیان بە گەرماوی (باقر ئاوا) ناودەبرێت. دەربارەی گەرماوی وەکیل، ئەوکات دیوارەکانی بە تابلۆ و پەردەی وێنەدار رازێنرابۆوە، هەروەها دەرەوە و ناوەوەی بنمیچی گەرماوەکە بە کۆڵەکە و ستوونی لە بەردی مەڕمەڕ دروستکراوی یەکپارچەیی گەورە راگیرکرا بوو، زەوی گەرماوەکەش لە مەڕمەڕ دروستکرابوو.

هەشتەم/ خوێندنگای وەکیل
لە سەروی مزگەوتی وەکیل، قوتابخانەیەکی بچوک دروستکرا وەک ئەوەی بەشێکی دانەبڕاوبێت لە مزگەوتەکە و لە سەردەمی کەریم خان بۆ قوتابیان بەکاردەهات. بەشێوەیەکی زۆر جوانی کاشیکاریی و ژوورەکانی بۆ حەوانەوە و وانەوتنەوەی فێرخوازانی ئایینی بوو.

نۆیەم/ کاروانسەرای وەکیل
وەکیلولدەولە کەریم خان، باش ئاگاداری ئەوە بوو، کە بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری شیراز پێویستە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی بازرگانان و گواستنەوەی کاڵاکانیان بکرێت، بۆیە لە دەرەوەی شاری شیراز و بە دیارییکراوی لەسەر رێگای ئیسفەهان، کاروانسەرا، گەرماو و خەزانێکی ئاوی دروستکرد بۆ سوودی بازرگانەکان، چونکە ئەو شوێنە بەردەوام کاروانە بازرگانییەکانی لێدەوەستا. کاروانسەراکەش لە چەند دوکانێکی وەک قاوەخانە، بارخانە و ئۆفیسی بازرگانی پێکهاتبوو.

 

كەریم خانی زەند

دەیەم/ دروستکردنی بەنداو و کەناڵی ئاوەڕۆ
پێویستی جوتیاران بە ئاودێری بۆ کشتوکاڵەکانیان، هەروەها دروستبوونی مەترسی لافاو لە وەرزی بەهاردا بەهۆی توانەوەی بەفری چیاکانی دەوروبەری شارەکە، وایکرد کەریم خان بیر لە دروستکردنی بەنداوێک بکاتەوە لەسەر رووباری ناسراو بە (زێی وشک)، بۆئەوەی لافاو نەڕژێتە ناو شار. 

یازدە/ نۆژەنکردنەوەی گۆڕی سەعدی و حافز
گۆڕی هەردوو هۆنەری گەورەی ئێران (شێخ موسلیحەدین سەعدی ١1210-1292) و (خواجە شەمسەدین محەمەد حافز 1315-1390) دەکەوێتە ناو شاری شیراز، دەمێکە شوێنی سەردانییکردنی گەشتیار و عاریفانە، بۆیە کەریم خان لە ساڵی 1773دا فەرمانیدا بە دروستکردنی شوارەیەکی بەهێز بە دەوری هەردوو مەزار و باخەکەدا و چەندین داری جۆراوجۆری تێدا چاند، ئینجا پەناگەی سەلامەتی بۆ دەروێشە بێلانەکان و شوێنی پشوودانیشی بۆ گەشتیاران دروستکرد. فەرمانیدا لەسەر گۆڕەکان گڵکۆ و بینا دروستبکرێت و بە بەردی مەڕمەڕ گۆڕەکانی هەڵبەستەوە، بەتایبەت بۆ گۆڕی خواجە حافز بەردێکی دروستکراو لە مەڕمەڕی سپی تەورێزی بۆ هات، هەروەها بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی گۆڕی سەعدی بڕی 384 تمەنی ئەو رۆژگارەی تێدا خەرجکرا.

دوازدە/ نۆژەنکردنەوەی گۆڕی شێخ کەبیر
گۆڕ و خانەقای شێخ کەبیر (ئەبوعەبدوڵڵا محەمەد کوڕی خەفیف شیرازی)، دەمێک بوو لەلایەن دەروێشانەوە رێزی لێدەگیرا و خەڵک لە دوور و نزیکەوە بۆ سەردانی ئەم شوێنە دەهاتن، بۆیە کەریم خان فەرمانی دا حەوشەی خانەقاکە و دەوروبەری یەکسان بکرێت و بکرێتە گۆڕەپانێکی گەورە، هەروەها ژوورێک لەسەر گۆڕی شێخ کەبیر دروستکرا، کە لە ئێستادا گۆڕەپانەکە لەگەڵ بازاڕی وەکیل تێکەڵاوبۆتەوە و بەناوبانگە بە گۆڕەپانی نەعللەپێکەران.

سێزدە/ نۆژەنکردنەوەی تەکیەی حەوت تەنان
لە بەشی باکووری شارەکەدا دوو گۆڕستانی نزیک لە یەکتری هەیە بە ناوی چل تەنان و حەوت تەنان. دەربارەی تەکیەی حەوت تەنان، کە دەکەوێتە بناری شاخێک و خەڵک زۆر رێزیان لێدەگرن، بەگوێرەی سەرچاوەکان: رۆژگارێک حەوت دەروێش هاتوون بۆ شیراز و لە هەمانشوێن نیشتەجێبوون، هەتا هەموویان کۆچیدواییانکردووە و خۆیان یەکترییان بە خاکسپاردوە. بە جۆرێک، یەکێک گۆڕی هاوڕێکەی هەڵکەندووە، هەتا گۆڕی کۆتا کەس لەلایەن دراوسێکانی شوێنەکە هەڵکەنراوە، دواتر گڵکۆ و تەکیە لەسەر گۆڕەکانیان دروستکراوە. لە ئێستادا بۆ داواکردنی باران و گیرابوونی نزاکانیان، خەڵکانێکی زۆر سەردانی شوێنەکە دەکەن، بۆیە کەریم خان فەرمانی دا بۆ هەریەکێکیان گۆڕێک لە بەردی گەورە بە درێژای 360 سانتیمەتری و پانی 78 سانتیمەتری دروستبکرێت، پاشان هۆڵێکی گەورە و شایستەی بۆ دروستکردن، کە لە چەند ژوورێک پێکدەهات، درێژی هۆڵەکە 27 پێ  و پانییەکەشی 18 پێ و بەرزییەکەی 40 پێ بوو، هەروەها یەک لەسەر سێی دیوارەکان بە مەڕمەڕی سپی داپۆشرابوو، کە لە تەورێز بەتایبەت بۆی هاتبوو، بەشێکی دیوار و سەقفەکەشی بە رەنگی شین و زێڕاو رازێنرابۆوە.
لەم شوێنەدا کۆمەڵێک تابلۆ بە شێوازی ئێرانی هەیە، یەکێک لەو تابلۆیانە پەیوەندی بە پەیامبەر ئیبراهیم هەیە، کە دەیەوێت ئیسماعیلی کوڕی بکات بە قوربانی و فریشتەیەک لە ئاسمانەوە دێت بۆلای، لە تابلۆیەکی دیکەدا پەیامبەر موسا لە تەمەنی گەنجیدا مەڕەکانی خەزوری دەلەوەڕێنێت. لە سەروی دەرگای هۆڵەکەش وێنە و پۆرترێتی هۆنەرانی بەناوبانگی ئێرانی وەک سەعدی و حافز هەڵواسراوە. بە جۆرێک، سەعدی پیرە پیاوێکی بەڕێزە و ریشی سپییە، بە جلی رۆحانی درێژەوە پیشاندەدرێت، بەڵام خواجە حافز جلوبەرگی کۆنی ئێرانی لەبەردایە، رەنگێکی تازە و کاڵ و ریشێکی گەورەی لولی هەیە، کە لە وێنەکەدا تەمەنی دەوروبەری 36 ساڵێک دەردەکەوێت.

 


گرنگترین کاری کەریم خان، پتەوکردن و بەهێزکردنی پایتەخت بوو لە بەرامبەر هێرشی دوژمنەکانی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوخۆی شار، بۆیە فەرمانیدا لە رێگەی  12 هەزار کرێکاری بەهێز و ئازاوە شورایەکی گەورە دروستبکرێت
 

چواردە/ دانانی بەرد لەسەر گۆڕی پاشا شوجاع
پاشا شوجاع کوڕی ئەمیر موزەفەرەدین یەکێک بووە لە سوڵتانە گەورەکانی رۆژگاری خۆی، کە لە ساڵی 1374دا لە شیراز کۆچی دواییکردوە، گۆڕەکەی دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی تەکیەی حەوت تەنان. لە سەردەمی دەسەڵاتیدا، کەریم خان ئاگادارکرایەوە بەردی سەر گۆڕی پاشا شوجاع دزراوە، بۆیە فەرمانیدا لە ساڵی 1777دا بەردێکی تازە و جوان لەسەر گۆڕەکەی دانرا، کە بە زمانی عەرەبی لەسەری نووسرابوو: «هذا مدفن السلطان العادل الباذل المرحوم المغفور شاه شجاع المظفري و وفاتة في سنة ستة و ثمانین و سبعة من الهجریة، کما قال العارف السالک شمس الدین محمدالحافظ علیە الرحمة: حیف از شاە شجاع و تجدید مزارە في شهر ربیع الثانی 1192».

پازدە/ راکێشانی ئاوی شیرین بۆ شیراز
یەکێکی دیکە لە کارە گرنگەکانی وەکیل، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بوو بۆ بەشێکی زۆری شارەکە، گواستنەوەی ئاو لەناوچەی روکن ئاوا، کە ئاوێکی روون و شیرینی هەبوو لە رووی خوێی کانزاییەوە بە باشترین ئاوی شیراز دادەنرا، بێگومان بەهۆی بوونی خەندەقە قوڵەکەی دەوری شارەکە، راکێشانی کارێکی قورس و تێچووییەکی زۆری دەویست، بەڵام کەریم خان توانی کارەکە بە ئەنجام بگەیەنێت.

 

 

                                                                  

    

شازدە/ دروستکردنی خەزانی ئاو
یەکێک لە خزمەتگوزارییە بەنرخەکانی کەریم خان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەند خەزانێکی ئاو بوو، لەبەرئەوەی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دانیشتوانی شیراز لە وەرزی هاویندا، کەمی ئاوی خواردنەوە بوو. دروستکردنی ئەو خەزانانە رۆڵی گرنگی هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو، وەک میرزا محەمەد کەڵانتەر لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی: «لە هاویناندا رۆژانە 100 هەزار کەس ئاویان لە خەزانەکان دەخواردەوە، بێگومان هەموو کەسێک لە رۆژێکدا چوار پێنج جار ئاویان دەخواردەوە و هەموو جارێک سوپاسگوزاریی کەریم خان دەبوون».

حەڤدە/ بەردڕێژکردنی گەڕەکەکانی شیراز
بەهۆی کەمی ئاو و زۆری تەپوتۆز لە وەرزی هاویندا، پاکڕاگرتنی شار کارێکی ئەستەمبوو، هەروەها لە وەرزی زستانیشدا کۆبوونەوەی باراناو لە کۆڵانەکان و نەبوونی ئاوەڕۆ لە شەقامەکاندا، هاتوچۆی هاووڵاتیانی سەخت کردبوو، بۆیە کەریم خان فەرمانیدا کۆڵان و گەڕەکەکان بەردڕێژبکرێن، لە ژێر شەقامەکانیش چەند کەناڵێک هەڵکەندرا و ئاوەڕۆی باڵەخانە و خانووەکانی نیشتەجێبوون گواسترایەوە دەرەوەی شار. لەمبارەیەوە، محەمەد هاشم ئاسەف دەنووسێت: «خانی زەند فەرمانی دا سەرجەم شەقام و بازاڕەکانی شیراز بە شێوەیەکی رێکوپێک و بە بەردی گەورە دابپۆشرێت، لە هەر 40 مەترێکیشدا مەنهۆڵێکی سەرداپۆشراو بۆ تێپەڕبوونی بەفراو و باراناو لە کۆڵان و بازاڕەکاندا دروستکرا».

 

دروستکردنی کۆشک و قەڵای فەرمانڕەوایی

 

هەژدە/ دامەزراندنی کارگەی پیشەسازی لە شیراز
دروستکردن و گەشەکردنی پیشەسازییە سەربازییەکان، یەکێکی دیکەیە لە کارە گرنگ و سوودبەخشەکانی کەریم خانی زەند، کە هاوتەریبن لەگەڵ خۆشگوزەرانی ئابووری شاری شیراز، بەتایبەتی دروستکردنی چەکی گەرم و ساردی وەک داڕشتنی تۆپهاوێژ، زەنبورەک، شمشێر و خەنجەر بۆ هەزاران سەرباز، کە لە دەوروبەری شیراز جێگیربوون، بۆیە دواتر بەشێک لە بازاڕی وەکیل تەرخانکرا بۆ شمشێرسازەکان و ئەو پۆڵایەی بۆ ئەم پیشەسازییەش پێویستبوو لە هیندستان هاوردە دەکرا، هەروەها پیشەسازییەکی دیکە بریتیبوو لە دروستکردنی شووشە، کارگەکە پەنجەرە، کوپ و پەرداخی ئاوخواردنەوەی دروستدەکرد، بەرهەمەکانی ئەم کارگەیەش کڕیاری زۆریان لە سەرتاسەری ئێراندا هەبوو. جگەلەوە، لە شیراز چەندین وەستای بیناسازیی و وەرشەی دارتاشی و کاشیسازی هەبوو، کە لە تەواوی ئێراندا بەناوبانگ بوون.

سەرچاوەکان
1. جان ڕ . پێری: كەریم خانی زەند مێژووی ئێران لە نێوان (1747-1779ز)، وەرگێڕانی: سەلاحەددین ئاشتی، بنكەی ژین، چاپخانەی شڤان، (سلێمانی، 2005).
2. بهمن کریمی: راهنمایی آثار تاریخی شیراز، چاپخانە بانک ملی ایران، (تهران، 1327). 
3. محبوبە طهرانی: کریم خان زند، چاپ اول، شرکت مطالعات و نشر کتاب پارسە، (تهران، 1387).
4. پرویز رجبی: کریم خان زند و زمان او، چاپ اول، کتاب آمە، (تهران، 1389).

كەریم خانی زەند                                 

بابەتە پەیوەندیدارەکان