حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ خالید

10:33 - 2024-09-05
کەلتور
255 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

خالید غەریب عەبدولڕەحمان ساڵی 1954 لە سلێمانی گەڕەکی سابوونکەران هاتۆتە دنیاوە، لە قوتابخانەی جمهوری تاپۆلی سێی سەرەتایی خوێندووە، بەهۆی بێنازی و لە دەستدانی دایکییەوە هەر زوو وازی لە خوێندن هێناوە.
رۆژانە لەگەڵ خاڵی چۆتە لای یەحیا فەندی، ئەو کاتە خاڵی شاگرد بووە لای یەحیا فەندی، لەوێوە خولیای کامێرا و وێنەگرتن بووە. 
بەهۆی باری قورسی ژیانەوە هەر زوو لەخوێندن دابڕاوە، سەرەتا لای خاڵی فێری پیشەی وینەگرتن بووە و لە ستۆدیۆکەیدا (ستۆدیۆ کەمال) بووە بە شاگرد، هەر لەوکاتەوە دەستی کردووە بە فلاشگێری لای خاڵی .
ساڵی 1970 فلاشگێڕی دەکات بۆ چەند وینەگرێک لەهاوینەهەواری سەرچنار و ئەحمەد ئاوا و هاوینە هەواری دوکان، لەوانە ستۆدیۆ رەئوف، ستۆدیۆ گۆیژە، ستۆدیۆ عومەر و ستۆدیۆ ئەنوەر.
زۆربەی وێنەی گەشتیار و هاوینەهەرارەکانی ئەوساڵانەی گرتووە، لەهەموو بۆنە و کۆبونەوە خێزانییەکان بە کامێرا و فلاشەکەیەوە وێنەی گرتووە، هەرچەند زۆربەی ئەو وێنانە نەبوونەتە موڵك و ئەرشیفی خۆی، لای ئەو وێنەگرانە ماونەتەوە کە کاری بۆ کردوون.
ساڵی 1973 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی کردووە، لە ساڵی 1975 گەڕاوەتەوە سلێمانی و چۆتەوە خزمەتی سەربازی و بەعایدون تەسریح بووە.
دواتر خێزانی پێكهیناوە، ئێستا خاوەنی چوار کچ  و یەك کوڕە.
ساڵی 1977 ستۆدیۆی خۆی بە ناوی ستۆدیۆ خالید لە شەقامی کاك ئەحمەدی شێخ، سەروو مزگەوتی گەورە داناوە، لە دووکانەکەیدا چەند شاگردێك و فلاشگێرێکی هەبووە، وێنەی شەمسی و فەوری و کارەبایی  گرتووە.
لەلایەن نیگارکێشەوە جەژنان تابلۆی شاخ ولادێی بۆ کێشراوە لەبەردەم دوکانەکەیدا وێنەی خەڵکی لەپاڵدا گرتوون.
ئەرشیفێکی زۆر جوانی لە وێنەکانی سلێمانی و هاوینە هەوارەکان و کەس وکاری هەیە و پاراستوویەتی .
لە بەهاری ساڵی 1991 لە کۆڕەوەکەی خەڵکی کوردستان لە سلێمانی تا بیارە رۆشتووە، بە کامێراکەی وێنەی زۆربەی ئەو کارەساتەی گرتووە، بەداخەوە لە گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە یەکێ لە بازگەکانی پاشماوەکانی بەعس فیلمەکەیان لێسەندووە و فەوتاوە .
لە ساڵی 2011 بەهۆی کەمبوونەوەی کاری وێنەگری و نەمانی توانای کارکردنی، ستۆدیۆکەی دادەخات و بەشێك لە کەل و پەلەکانی لەناو دەبات، بەشێکی کەمی لای خۆی دەهێڵێتەوە، وێنە و فلیمەکانیشی لای خۆی پاراستووە.
ئێستا ئەندامی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستانە، سوپاس بۆخوا لەژیاندا ماوە و ئێستا تەندروستی زۆر باشە و دانیشتوی گەرەکی سەر چنارە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان