ئارارات چیا سەرنجڕاکێشەکەی باکووری کوردستان

10:10 - 2024-09-09
کەلتور
216 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی جوانیی سروشت و بەرزیی چیای ئاراراتەوە لە پارێزگای ئاگری-ی باکووری کوردستان، ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆ چەند کیلۆمەترێک بەپێ دەڕۆن بۆ گه‌شت و سه‌یران له‌ دامێنی چیاكه‌وە بەرەو لووتکەی چیاکە و بینینی دیمەنە جوانەکانی. 
ئەم چیایە تەنها لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بۆ سەرکەوتن گونجاوە، چونکه‌ لە وەرزی زستان و بەهاردا کەشوهەوایه‌كی سارد و ئاڵۆزی هه‌یه‌. 
چیای ئارارات لە دوو لووتکە پێکهاتووه‌، بەرزترین خاڵی ئاراراتی گەورە 5165 مەتره‌ و بەرزی ئاراراتی بچووكیش 3896 مەترە لەڕووی دەریاوە.
بناری چیای ئارارات بە بەردی گەورە و ته‌خت داپۆشراوه‌ و کەمترین رووبەری زەویی هەیە و به‌ درێژایی مێژووی تائێستا بووەتە‌ جێگەی سەرنجی چەندین زانا و پسپۆری بواری چیاناسی و گه‌شت و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چیاکە کردووه‌ و بە یەکێک لە پیرۆزترین و سەرنجڕاکێشترین چیاکانی جیهان دادەنرێت بەو پێیەی کە كاریگه‌رییه‌كی سروشتی و مێژوویی هه‌یه‌.

چیای ئارارات لە دوو لووتکە پێکهاتووه‌، بەرزترین خاڵی ئاراراتی گەورە 5165 مەتره‌ و بەرزی ئاراراتی بچووكیش 3896 مەترە لەڕووی دەریاوە


چیای ئارارات بە درێژایی 32 کیلۆمەتر هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ کۆماری ئەرمینیادا و هاوسنووریشه‌ له‌گه‌ڵ رۆژهەڵاتی کوردستاندا و دەکەوێتە خۆرهه‌ڵاتی باکووری کوردستانەوە.
 ئه‌و چیایەی باکووری کوردستان بووەتە هێمایەکی پیرۆزی ئەرمینیا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان شانازیی پێوە دەکەن و گرنگییەکی تایبه‌تیی پێدەدەن، چونکە له‌ کتێبی پیرۆزی ئینجیلدا هاتووه‌ دوای لافاوه‌ گەورەکەی پێش زایین، کەشتییەکەی نوح لەسەر چیای ئارارات وه‌ستاوه‌.
به‌پێی تۆماری مێژوویی لە ساڵی 1829 بۆ یەکەمینجار پرۆفیسۆر یۆهان فریدریک پارۆت  لەگەڵ دوو گوندنشین و دوو سەربازی روسیا سەرکەوتوونە سەر چیاکە و یەکێک لە هاوڕێکانی بێسەروشوێن بووە، هاوكات له‌ هاوینی ساڵی 1840دا لە لووتکەی چیاکەدا  تەقینەوەی گڕکانێک روویداوه‌ و بەو هۆیەشەوە خەڵکێکی زۆر لە دامێنی چیای ئارارات گیانیان لەدەستداوه. 
لوتکەی چیاکە گڕکانییەو بە بەفر و سه‌هۆڵبه‌ند داپۆشراوه‌. 
 چیای ئارارات بەرزترین خاڵە لە تورکیادا و لە وەرزی بەهار و هاویناندا ژینگەیەکی لەباری هەیە و بە نیشتمانی باڵندەی كـه‌و ناسراوە و جۆرەها باڵندە و ئاژەڵ و گیانلەبەری کێوی لەو چیا سه‌خته‌دا دەژین و گیانیان پارێزراوە.
‌ دوای سەرکوتکردنی راپەڕینی خەڵکی باکووری کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی1925، لە نێوان ساڵانی1927 تا 1931 لە ژێر ناوی کۆماری ئارارات، ناوچەی دەوروبەری چیای ئارارات بووه‌ بە ناوەندی سەرەکیی شۆڕشی ئاگری لە باکووری کوردستان و ئیحسان نوری پاشا و ئیبراهیم تێلی بەگ سه‌ركردایه‌تیی بزووتنەوەی ئاراراتیان کردووە بە پشتیوانی و سەرپەرشتیی کۆمەڵەی (خۆیبوون). 
هاوكات ئیبراهیم تێلی بەگ، یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئارارات، لە ساڵی 1931 لە بۆسەیەکدا تیرۆرکرا. 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەدەستدانی ئیبراهیم حسكۆی تێلی بەگ ناسراو بە بیرۆ، هۆکارێکی سەرەکی بوو، بۆ كوژاندنەوەی شۆڕشی ئارارات لە باکوری کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان