سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان:

باسكردن لە داهاتەكانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ بۆ پەردەپۆشكردنی ناشەفافی داهاتی نەوتە

04:07 - 2022-03-15
ئابووری
739 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا
ماوەیەكە بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە داهاتی دەروازە سنوورییەكان و فەرمانگەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ناگەڕێتەوە بۆ قاسەی وەزارەتی دارایی، بەوتەی ئەوانیش، «هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە، نەگەڕانەوەی ئەو داهاتانەیە».
لە بەرامبەردا، بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تیی گشتیی بانكی ناوە‌ندیی هە‌رێم/ سلێمانی، لە روونكردنەوەیەكدا وێڕای رەتكردنەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە، بە داتا و زانیاری و لە رێگەی حەوت خاڵەوە ئاماژە بەوە دەكات: «تە‌نیا بۆ 11 مانگی ساڵی 2021 لە ‌داهاتی ناوخۆی سلێمانی، بڕی یە‌ك تریلیۆن و 107 ملیار دینار دابینكراوە‌ بۆ پێدانی مووچە‌».
هاوكات، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی هەموو ئەو چەواشەكاریانە دەداتەوە و ئاماژە بە چەندین بەڵگە دەكات كە دەیسەلمێنێت، هیچ داهاتێك نییە لە هەرێمی كوردستان نەچێتە خەزێنەی حكومەت و تەئكیدیش دەكاتەوە: سەرجەم دەروازە سنوورییەكان بە باشماخ و پەروێزخانەوە، بە سیستمی ئەلیكترۆنی بەستراونەتەوە بە وەزارەتی داراییەوە.
دەچێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: چوار سەرچاوەی گرنگی داهات لە هەرێمی كوردستان هەیە كە گرنگترینیان داهاتی فرۆشتنی نەوتە، كە بڕەكەی بە رێژەیەكی زۆر لە سەرچاوەكانی تری داهات زیاترە، بەتایبەتی ئێستا كە نرخی نەوت لە سەر ئاستی جیهان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە، ئەمەش دەریدەخات هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە لە بارودۆخێكی باشدایە.
وتیشی: «ئەوەی تایبەتە بە داهاتەكانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاكانی دیكە پارەكەی لە بانكەكانی حكومەتی هەرێم لەو سنوورانە دادەنرێت و دەچێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی، بۆیە ئەوە زۆر دوورە لە راستییەوە كە دەوترێت داهاتی ئەو سنوورانە ناچنەوە بانكەكانی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی حكومەتەوە».
تەئكیدیشیكردەوە: وەك لە راپۆرتەكەی بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تیی گشتیی بانكی ناوە‌ندیی هە‌رێم/ سلێمانیدا هاتووە، بەشێك لەو پارانەی كۆدەكرێتەوە لە رابردوو و ئێستاشدا بۆ تەمویلكردنی مووچە بەكاردەهێنرێت، بۆ نموونە لە مانگی پێشوودا و لە داهاتی سلێمانی بڕی 75ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو داهاتە بە بڕیار و فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو سنوورە تەرخان دەكرێت، ئەمە جگە لە تەرخانكردنی پارە بۆ بودجەی دامودەزگاكان و كاری رۆژانەی فەرمانگەكانی حكومەت، هەروەها خەرجكردنی ئەو پارانەی وەك داهاتی حكومەت كۆدەكرێتەوە، تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییە و كەسی تر ئەو دەسەڵاتەی نییە.
وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران چی بوو؟
زیاد جەبار ئاماژە بەوەشدەكات: رەنگە مانگێك بۆ مانگێكی تر داهاتەكانی ناوخۆ جیاواز بێت، ئەمەش بۆ هەموو ناوچەكان راستە، هەر ئەمەش وادەكات هەندێكجار كێشە بۆ تەمویلی مووچە دروست بكات، بەڵام ئەگەر ئەو كەمبوونەوەیە لەسەر سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هەژمار بكرێت و تەنیا باس لە نەگەڕانەوەی داهاتی ئەو دوو پارێزگایە بكرێت، ئەوە هیچ بنەمایەكی نییە و تەنیا بۆ بەلاڕێدابردن و چەواشەكارییە، چونكە هەموو دەروازە سنوورییەكان بەتایبەتی باشماخ و پەروێزخان، بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بە وەزارەتی داراییەوە بەستراوەتەوە ‌و ورد و درشتی ئەو داهاتانەی لەو دەروازانەوە تۆمار دەكرێت، وەزارەتی دارایی لێی ئاگادارە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو: بۆ دەرخستنی زیاتری راستییەكان و دڵنیابوونەوەی هەموولایەك، لە كۆتایی ساڵی رابردوودا وەك لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووینەوە، ئەوان پێیانڕاگەیاندین كە بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە كە داهاتی پارێزگاكان ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم.
روونیشیكردەوە: تەنانەت لە دوا راپۆرتی لیژنەكەمان لە ساڵی 2021 كە لە هۆڵی پەرلەمان خوێنرایەوە و لەلایەن زۆینەی ئەندامانی پەرلەمانیشەوە پەسەندكرا، وەڵامی ئەوەمان داوەتەوە كە هیچ داهاتێكی هەرێمی كوردستان لەسەرتاسەری ناوچەكان نییە نەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم، ئەگەریش باس لە گەندەڵی و قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان دەكرێت، ئەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان لە هەموو شوێنێك هەیە، بۆئەمەش حكومەت خۆی نەیتوانیوە بەیەكجاری بنبڕی بكات.
ئەی كوا پارەی نەوت؟
سەبارەت بە هۆكاری بەردەوامیدان بەو چەواشەكارییانەی بەرامبەر سنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بەشێك لەو هەڵمەتە ناڕەوایانەی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەكرێت، زیاتر بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانەیە كە لە داهاتەكانی كەرتی نەوت دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی مووچەی فەرمانبەران بكەین، كە مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێـویستـە، لـەو پـارەیـە لە سـەرووی (80 %)ی لە داهاتی نەوت دابین دەكرێت، ئەگەر باس لە كەمی داهاتی سلێمانی دەكەن كە تەنیا (5 %)ی ئەو پارەیە پێكدەهێنێت كە بۆ مووچە تەرخانكراوە، ئەی كوا پارەی نەوت و بۆچی مووچە لە كاتی خۆیدا نادرێت.
وتیشی: «پێمانوایە باسكردن لە نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی تەنیا چەواشەكردنی رای گشتییە، بەتایبەتی دەبینین لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبینەوە، بۆیە خەڵكی كوردستان بەو جۆرە چەواشەكارییە بڕوا ناكەن، كاتێك دەبینن رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت و نرخەكەی لە سەرووی 100 دۆلارەوەیە، پێویست بوو هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی باشی داراییدا بێت و لە كاتی خۆیدا مووچە دابەشبكرێت».
روونكردنە‌وە‌كەی بانكی ناوە‌ندیی هە‌رێم/ سلێمانی
هاوكات بۆ وەڵامدانەوە ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندە بێ بنەمایانەی كە بەشێك لە پەرلەمانتارانی پارتی سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بڵاویدەكەنەوە، بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تیی گشتیی بانكی ناوە‌ندیی هە‌رێم/ سلێمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: بە‌پێویستمان زانی بۆ هە‌موولایە‌كی روونبكە‌ینە‌وە‌ كە‌؛ ماوە‌یە‌كە‌ هە‌ڵمە‌تێكی چە‌واشە‌كارانە هە‌یە‌ لە ‌دژی سلێمانی و بە‌تایبە‌ت پرسی داهاتی ناوخۆی سلێمانی كە ‌روونە‌ ئە‌و هە‌ڵمە‌تە‌ لە ‌دە‌رهاویشتە‌ی سیاسییە‌وە‌ سە‌رچاوە‌ی گرتووە‌ و زانیاری نادروست بڵاودە‌كە‌نە‌وە‌ بە‌مە‌بە‌ستی چە‌واشە‌كردنی خە‌ڵك.
ئاماژەی بەوەشداوە: بۆ رە‌تكردنە‌وە‌ی ئە‌و قسە‌ و قسە‌ڵۆكانە‌، ئێمە‌ بڕیارماندا بە‌ بە‌ڵگە‌ و ژمارە‌ وەڵامبدە‌ینە‌وە‌ بۆ سە‌لماندنی راستیی قسە‌كانی ئێمە‌ و درۆی ئە‌وان:
یە‌كە‌م: هە‌موو مانگێك لە ‌داهاتی ناوخۆی سلێمانی، ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ دابین كراوە‌ كە‌ وە‌زارە‌تی دارایی و ئابووری دیاریكردووە‌ بۆ تە‌واوكردنی بودجە‌ی مووچە‌. لە‌و خشتە‌یە‌ی كە‌ بڵاوكراوە‌تە‌وە‌ بە ‌ژمارە‌ روونتركراوەتە‌وە‌.
دووە‌م: تە‌نها بۆ 11 مانگی ساڵی 2021 لە ‌داهاتی ناوخۆی سلێمانی، بڕی یە‌ك تریلیۆن و 107 ملیار دینار دابینكراوە‌ بۆ پێدانی مووچە‌.
سێیە‌م: بۆ مووچە‌ی مانگی 12ی 2021 كە‌ لە‌مانگی 1ی 2022 دابە‌شكراوە‌، لە ‌داهاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی 75 ملیار و 681 ملیۆن دینار دابینكراوە‌.
چوارە‌م: جگە‌ لە‌و پارانەی كە‌ ئاماژە‌ی پێدراوە‌‌، ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ش كە‌ لە‌ داهاتی سلێمانییە‌وە‌ دە‌چێتە‌وە‌ ‌بۆ هە‌ولێر، بە‌شە‌كە‌ی تری داهاتی كۆكراوە‌ی ناوخۆی سلێمانی، بۆ خە‌رجییە‌كانی دامودە‌زگا حكومییە‌كان تە‌رخاندە‌كرێتە‌وە‌ و خە‌رج دە‌كرێتە‌وە‌.
پێنجە‌م: هە‌موو ئە‌و پارانە‌ی كە ‌دێنە‌ بانكە‌كانی سلێمانی، بە ‌رێكاری یاسایی و ئیداریی خۆیان جووڵە‌یان پێدە‌كرێت، لە ‌دە‌رە‌وە‌ی یاسا هیچ شتێك نە‌كراوە‌ و ناكرێت.
شە‌شە‌م: ئە‌و بە‌ڕێزانە‌ی كە‌ قسە‌ی ناڕاست دە‌كە‌ن لە‌سە‌ر بانكە‌كانی سلێمانی، با بفە‌رموون یە‌ك بە‌ڵگە‌ بخە‌نە‌ڕوو، ئێمە‌ دڵنیاین كە‌ هیچیان پێنییە‌ و ناتوانن قسە‌كانیان بسە‌لمێنن.
حە‌وتە‌م: رە‌تیدە‌كە‌ینە‌وە‌ كە ‌هیچ بڕە‌ پارە‌یە‌ك دیارنە‌مابێت یاخود پارە‌ی مووچە‌ درابێت بە‌ شتی تر.

#ئەنجومەنی وەزیران #وەزارەتی دارایی #مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان