یاریی كۆتایی یوئێس ئۆپن

ســـابـــالـــینـكــا مـێـژوو دەنـووسـێـتەوە

12:44 - 2024-09-10
وەرزش
216 جار خوێندراوەتەوە

ئارینا سابالینكا-ی بیلۆ روسی لە پاڵەوانێتیی گراندسلامی (US OPEN)  دا، مێژوویەكی پڕ سەروەریی تۆمار دەكات و لەگەڵ بەرزكردنەوەی جامی ئەم پاڵەوانێتییەدا، چەند ئامارێكی نایابیش دەنووسێتەوە.
سابالینكا كچە یاریزانێكی بیلۆڕوسییە، تەمەنی 26 ساڵە، لە یاریگای تێنسی سەرزەوی شاری نیویۆرك و لەنێو هەزاران هاندەری ئەمریكاییدا ئەم نازناوە گرنگەی بردەوە، لەمەش گرنگتر ئەوەبوو ئەم كچە بیلۆڕوسییە، لەنێو هات و هاواری ئەو هاندەرە زۆرەدا كە هەموویان بەگوڕ و تینێكی زۆرەوە هانی جیسیكا بیگۆلای هاووڵاتی خۆیان دەدا، یارییەكەی بە نزیكەی دوو سەعات لە پیگۆلای ئەمریكی (7-5)(7-5) بردەوە و ئەو هاتوهاوار و هاندانە بێسنورەی هاندەران بۆ پیگۆلا، سابالینكای سارد نەكردەوە و كۆڵی پێنەدا.
ئەم بردنەوەیە بۆ سابالینكا گرنگییەكی زۆری هەبوو بەوەی بۆ پلەی یەکەمی ریزبەندیی جیهانیی سەرکەوت، جگەلەوەش ئەم ئامار و ریكۆردانەشی تۆمار كرد:
*ئەمە سێیەم جامی گراندسلامە لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا بەرزیدەكاتەوە، دووەم گراندسلامی ئەمساڵیشە بەدەستیدەهێنێت،  ئەمساڵ و پاریش جامی گراندسلامی ئوستورالیا ئۆپنیشی بردۆتەوە.
تۆڕی ئۆپتا كە پسپۆڕی ئامار و سەرژمێرییەكانە، ئەم ئامارانەی تریشی بڵاو كردۆتەوە كە سابالینكا پاش ئەم بردنەوەیە تۆماریكردوون:
* بەم بردنەوەیەوە، كۆی بردنەوەكانی لەگراند سلامەكاندا بوون بە 18 بردنەوە لە دوو ساڵی یەك لەسەر یەكدا، ئەمەش هەمان ئەو ریكۆردەیە كە پێشتر سیرینا ویلیامز ساڵانی 2005 و 2006 تۆماریكردوون.
* رێژەی بردنەوەكانی ئەمساڵی ئەم كچە یاریزانە، گەیشتە %94:7، بەمەش لەم سەدەیەدا لەو رووەوە پاش سیرینا ولیامز، ساڵی 2002 بەڕێژەی%100، ساڵی 2005 بەڕێژەی %96:3 ، هەر سیرینا ویلیامز ساڵی 2003 بەڕێژەی %95، گاستین هینانی بەلجیك-یش لەو رووەوە لەپلەی چوارەمدایە بە %95 كە ساڵی 2007 تۆماریكردووە، ئێستا سابالینكا پاش ئەوان دێت بە%94:7.
*بوو بە پێنجەم كچە یاریزان لەم سەدەیەدا بتوانێت لە یاریگا رەقەكان (تارتان) بتوانێت لە ساڵێكدا دوو گراندسلام بباتەوە (ئوستورالیا ئۆپن)(یوئێس ئۆپن)، پێشتریش ئەم كچە یاریزیانانە ئەم ئامارەیان تۆمار كردووە:
*شتیڤی گراف (1988 و 1989).
* مۆنیكا سیلیش (1991 و 1992).
*مارتینا هینگز (1997).
*ئەنجلیكا كیربیر (2016).
* پاش ئەوەی ساڵی پار دووەمی ئەم گراندسلامە بووە، بەڵام ئەمساڵ نازناوی ئەم گراندسلامەی بردەوە، ساڵی پار یاریی كۆتایی ئەم گراندسلامەی بە كوكو گۆف دۆڕاندبوو، لەم رووەشەوە بوو بە شەشەم كچە یاریزانی دووەمی ساڵی پێشوو، جامی ساڵی دواتر بباتەوە.
*ئێستا پێنجەم یاریزانە لە نێو ئەو كچە یاریزانانەی كە تائێستاش یاریی دەكەن، زۆرترین جامی گراندسلام بەرز بكاتەوە پاش (ڤینۆس ویلیامز – 7 جام، ئیگا شیڤیۆتیك – 5 جام، ناوۆمی ئۆساكا – 4 جام، سابالینكا – 3 جام).
*لەگەڵ ئەنجلیكا كیربیر-ی ئەڵمانی یەكەم و دووەم كچە یاریزانن بتوان لە یەك ساڵدا هەردوو جامی یوئێس ئۆپن و ئوستورالیا ئۆپن ببنەوە، پێشتر كیربیر ساڵی 2016 ئەم ئامارەی تۆمار كردووە.
رۆژی دواتر یەکشەممە 8/9/2024 سەعات 11 ی شەو یاریی کۆتایی کوڕانیش کرا و یانیک سینەری ئیتاڵی لە یارییەکی یەک لایەنەدا توانی 3-0 لە  تایلۆر فریتزی ئەمریکی بباتەوە و جام و خەڵاتی یەکەمی بردەوە و بوو بە یەکەم یاریزانی ئیتاڵی جامی ئەم گراندسلامە بەرز بکاتەوە و چوارەم یاریزانیشە لە یەک ساڵدا هەردوو جامی گراندسلامەکانی ئوستورالیا ئۆپن و یوئێس ئۆپن بباتەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان