بەپێی راپۆرتێك كە بەم دواییە یەكێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) بڵاویكردۆتەوە، لەم میركاتۆی هاوینەیەی ئەمساڵدا، قەبارەی خەرجكردنی پارە لەسەر رسوماتی پرۆسەی هاتن و چوونی یاریزانان لە دنیادا كەمی كردووە.
فیفا لەمبارەیەوە دەڵێت: یانەكان لەسەرتاسەریی جیهاندا پابەند بوون بەوەی ئەم وەرزەی میركاتۆ كە مانگی یۆنیۆ تا ئەم مانگی سێپتێمبەرە بەردەوامبوو، تەنیا بڕی 6:46 ملیار دۆلاریان لەو پرۆسەیەدا خەرج كردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پار تاڕادەیەكی باش كەمیكردووە، چونكە ساڵی پار لەو ماوەیەدا بڕەكە 7:43 ملیار دۆلار بووە.
رێژەی ناوەندی رسوماتی هاتن و چوونی یاریزانان لە میركاتۆی هاوینەی ئەمساڵی یانەكانی ئەوروپادا كە یانەكان خەجیان كردووە 3:13 ملیۆن یۆرۆ بووە ئەمە لەكاتێكدا ساڵی پار 3:8 ملیۆن دۆلار بووە، دیارە ئەوروپا هەمیشە بەوە ناسراوە میركاتۆیەكی دەوڵەمەندیان هەیە.
ئەم توێژینەوەیەی فیفا بە بەڵگەیەكی کۆنکریتی هەژمار ناكرێت، چونكە دیارییكردنی گەورەترین سەفقەی گواستنەوەی یاریزانی لە ئەوروپادا باس نەكردووە و ئاماژەی بەوە نەداوە لە یەك وڵاتدا و لە نێوان یانەكانی ئەو وڵاتەدا هاتن و چوونی یاریزانان چۆن بووە.
هەر بۆ نموونە كلیان مباپێ بە هاتن و چوونی ئازاد لە پاریس سانجێرمانەوە چۆتە ریاڵ مەدرید، هیچ بڕە پارەیەك وەك رسوماتی گواستنەوەی نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ریاڵ مەدرید پاداشتی ئیمزاكردنی بۆندەكەی بۆ ئەم چوونەی ئەو یاریزانە 110 تا 165 ملیۆن دۆلار بووە.
لەبەرامبەر ئەو پاداشتەی مباپێ، سەفقەی گواستەوەی جولیان ئەلڤارێز-ی ئەرجەنتینی لە مان سیتی-یەوە بۆ ئەتلەتیكۆ مەدرید رسوماتەکەی خۆی داوە لە نزیكەی 75 ملیۆن یۆرۆ(83 ملیۆن دۆلار)، لینی یۆرۆ لە یانەی لیلی فەرەنسیەوە كە چۆتە یانەی مان یونایتد 62 ملیۆن یۆرۆ (69 ملیۆن دۆلار)بووە. هەروەها راپۆرتەكەی فیفا باسی بڕی پارەی گواستنەوەی یاریزانان لەنێوان یانەكانی وڵاتاندا لەنێو خۆیاندا نەكراوە، هەر بۆ نموونە باسی گواستنەوەی دۆمنیك سۆلانكی هێرشبەری ئینگلیزی نەكردووە كە لە بۆرنمۆسەوە چۆتە تۆتنهام، باسی پیدرۆ نیتۆی پورتوگالی نەكردووە كە لە وڵڤەر هامپتۆنەوە چۆتە چێڵسی، باسی تیۆن كۆمبێنرسی هۆڵەندی نەكراوە كەلە ئەتڵەنتاوە چۆتە یۆڤانتۆس، كۆی گشتی خەرجی یانەكانی ئینگلتەراو ئیتاڵیا و سعودیە پێكەوە لە كڕینی یاریزاناندا نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار بووە.
لە راپۆرتەكەی فیفادا هاتووە یانەكانی بەلجیكا بڕی تەواوی قازانجیان لەم میركاتۆیەدا لە فرۆشتن و كڕینی یاریزاندا 302 ملیۆن دۆلار بووە، 412 ملیۆن دۆلاریان لە فرۆشتنی یاریزاناندا دەستكەوتووە و تەنیا 110 ملیۆن دۆلاریان لە كڕینی یاریزاندا خەرجكردووە، ئەوەتا ئیگۆر تیاگۆی بەرازیلی لە یانەی كلۆپ بروجی بەلجیكییەوە چۆتە یانەی برینفۆرد، ئیرنیست نواما ی غانی لە یانەی مۆلینبیكەوە چۆتە یانەی لیۆنی فەرەنسی.
هەر لەو راپرسییەدا هاتووە؛ یانەكانی ئەرجەنتین 130 ملیۆن دۆلاریان دەستكەوتووە و ئەم بڕە پارەیەش زۆر زیاترە لەو ببڕە پارەیەی خەرجیكردووە، سەرجەم یانەكانی بەرازیلیش 98 ملیۆن دۆلار قازانجیان كردووە.