تاكە پردی ئاوبارەیە لە هەولێر ماوە

پردی گوندی سوێری مەترسیی رووخانی لەسەرە

09:52 - 2024-09-11
ڕاپۆرت
216 جار خوێندراوەتەوە
پردی گوندی سوێری بە قسڵ و گەچ و خشت دروستكراوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد



سوێری یەکێکە لە گوندەكانی دەوروبەری شاری هەولێر، زەوییەکی زۆری بە كشتوكاڵ چێنراوە لە گوندەکە کارێزی عەرەب كەند هەبووە کە وەک پێویست سوودی لێ نەبینراوە، بۆیە چەند سەرمایەدارێكی شاری هەولێر بیریان لەوە كردۆتەوە پردێك وەك ئاوبارە بۆ راكێشانی ئاو بۆ كشتوكاڵی گوندەکە دروست بكەن، بۆیە 140 ساڵ لەمەوبەر پردەکەیان دروستكرد، ئێستا بەشێکی پردەکە روخاوە و ئەو بەشەی کە ماوە مەترسی روخانی لەسەرە.
حاجی سەعدی كوێخا دەڵێت: پردەكە نزیك ساڵی 1885ی زایینی بە قسڵ و گەچ و خشت دروستكراوە و باوكم بەشداربووە لە دروستكردنیدا، بە تەواوبوونی ئاوی کارێزەکە گەیشتووە بەو رەز و باخانەی لەكۆندا بەرهەمەکانی فستق، ترێ، هەرمێ و میوەی تریشی لێ روێنراوە.
ئاوی کارێزەکە پاش چەند ساڵێک وشکی کردووە، بەڵام پردەکە وەک شوێنەوار ماوەتەوە و ئێستا مەترسی رووخانی لەسەرە لەبەرئەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بەژێریدا دەڕوات.

مەترسی رووخان

حاجی سەعدی كوێخا وتی: داوا لە لایەنی بەرپرس لە حکومەت دەکەین پردەکە چاک بكەنەوە و ئاوەڕۆی سندوقی بۆ رێرەوی ئاوەڕۆکە دروست بکەن.
سیروان مەغدید دیبەگەیی چالاكوانێكی بواری فۆلكلۆرە لە شاری هەولێر دەڵێت: ئەو پردە مێژوویەکی کۆنی هەیە و پێویستە بە رەسمی وەک شوێنەوار تۆمار بكرێت و نوێش بكرێتەوە لەبەرئەوەی جوانییەك بە ناوچەكە دەبەخشێت و دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی.
وتیشی: ئێستا بە تەواوی فەرامۆشكراوە بەتایبەتی كە دەبینین ئاوەڕۆی بەژێردا دەڕوات كە كاریگەریی خراپی لەسەر رووخانی هەیە، پێدەچێت لە ساڵانی رابردوو خەڵك خشتێكی زۆری لە پردەكە دەرهێنابێت بۆ دروستكردنی ئامێری گەرمكەرەوە، چونكە خشتەكانی قەبارەیان گەورەیە.
تەنها ئەو پردە مێژوییەی شارەکە نییە فەرامۆش کراوە، بەڵکو دەیان شوێنەواری دیکە هەیە لە هەولێر پشتگوێ خراون و وردە وردە لەناودەچن.

 

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەولێر بۆ   کوردستانی نوێ    : 
توێژینەوەمان لەبارەی پردەكەی گوندی سوێری كردووە، دەرخستەمان بۆ نوێكردنەوەی ئامادەكردووە و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەین، هەركاتێك بۆمان بێت دەست بە کارەکانمان دەکەین.


ئامادەکاریی بۆ نوێکردنەوەی پردەکە
نادر بابەكر بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: توێژینەوەمان لەبارەی پردەكە كردووە و دەرخستەیەكمان بۆ نوێکردنەوەی ئامادەكردووە و رەوانەی سەرەوەی خۆمان كردووە، چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەین و هەركاتێك پارەمان بۆ بێت كارەكانمان دەست پێدەكەین.
وتیشی: پردەكە بۆ پەڕینەوەی ئاوی كارێزی عەرەب كەند بووە و بۆ پەڕینەوەی پیادە نەبووە كە شێوەكەی جوانە و ئێمە خەمی لێ دەخۆین و بە دڵنیاییەوە چاکی دەكەینەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر چاك نەكرێت، رۆژبەڕۆژ زیاتر دادەڕوخێت، ئەوكات ئەگەر ئاوەڕۆشی بەژێردا بڕوات كێشەنییە.
سەبارەت بە مێژووەكەی نادر بابەكر وتی: مێژووەكەی لەلای ئێمە دیار نییە، لەبەرئەوەی پشكنینمان بۆ نەكردووە، بەڵام مێژووەكەی زۆر كۆن نییە لەوانەیە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەتابەگی یان سەردەمی كۆتایی دەسەڵاتی عوسمانی بگەڕێتەوە، بەڵام بە مەزندە تەمەنی لە دوو سەد ساڵ زیاترە، لە داهاتوودا پشنكینی كاربۆن 14 ی بۆ دەكەین و پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عیراق هیچ كنە و پشكینێكیان بۆ نەكردووە.

هاووڵاتیان تێکیانداوە
ئەو بەشانەی لە پردەكە ماون درێژییەكەی نزیكەی 100 مەتر دەبێت كە بەشێكی رووخاوە، نادر بابەكر بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەولێر دەڵێت: لەوانەیە بەشێک لە پردەکە لەلایەن هاووڵاتیانەوە تێکدرابێت، لەبەرئەوە نووسراومان كردووە بۆئەوەی ئاگاداری هاووڵاتیان بكرێت كە دەستكاری نەكەن و ئەو كشتوكاڵ و شیناییەی لە دەوروبەریشی روێنراوە لایبەرن و بەدواداچوونیشمان لەسەری بەردەوامە.
لەكۆندا بەهۆی نەبوونی ئامێری ترومپای ئاو، چەند پردێكی ئاوبارە بۆ راكێشانی ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان لە شاری هەولێر دروستكراوە كە جگە لە پردەكەی گوندی سوێری پردێكی تریش لەسەر رێگای هەولێر – كەسنەزان دروستكراوە كە سێ تاقی هەبووە و ناویان ناوە (سێتاقان) ئێستا پردەکە نەماوە و بۆتە گەڕەكێك بەناوی سێتاقان، لەبەرئەوەی سوێری تاكە پردی ئاوبارەیە كە لەو شارە ماوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان