بەهۆى ئەو کێشانەى لە چەند گەشتێکی کاتى گواستنەوەى زیارەتکاران لە فڕۆکەخانەى بەغداد روویانداوە، سەرۆک وەزیرانى عیراق بڕیارى دوورخستنەوەى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیی عیراقی دەرکرد.
لەراگەیەنراوێکى نووسینگەکەیدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانى عیراق بڕیاریداوە بە دروستکردنى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە هۆکارى ئەو کێشانەى لە چەند گەشتێکى هێڵى ئاسمانیی عیراقى لە کاتى گواستنەوەى زیارەتکاران لە فڕۆکەخانەى بەغدا روویانداوە، پاش تەواوبوونى کارەکانى لیژنەکە و بەرزکردنەوەى راسپاردەکان بۆ وەزیرى گواستنەوە، یەکێک لە راسپاردەکان دوورخستنەوەى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە بووە و وەزیرى گواستنەوە پەسەندی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لە رێنماییەکانی پێشووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان کراوەتەوە، لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی باشترین ئاستی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان، ئاماژەبەوەکراوە، بەرپرسیاریەتى هیچ کەمتەرخەمییەک لە ئەستۆ ناگرن کە ببێتە هۆى ناوزڕاندنى ناوبانگى دەوڵەت.