دوێنێ لە بەغدا، بەئامادەبوونی سەرۆك كۆمار، سیمینارێك لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە بەغدا لەژێر ناونیشانی «دیالۆگی عەرەبی - كوردی دەستپێشخەرییەكە بۆ چالاككردنەوەی یادەوەری و چارەنووسی هاوبەش» بەڕێوەچوو، كە لەلایەن سەنتەری رۆشنبیریی عەرەبی - كوردی رێكخرابوو.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە سەردانیدا بۆ پیشانگەكە، بەشێك لە ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی بەسەركردەوە.
25ەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە بەغدا، رۆژانی 12 - 22ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و چالاكی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و چەندین دامەزراوە و ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراقەوە بەشدارییان تێدا كردووە.
لە پیشانگەكەدا ئەو بەڵگەنامانە خراونەتەڕوو، كە تایبەتن بە تاوانەكانی رژێمی بەعس دەرهەق بە كورد و عەرەب و عیراقییەكان، لەنموونەی تاوانەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال.
هەروەها، لە سیمینارەكەدا ، پێنج رۆشنبیر و ئەكادیمی كورد و عەرەب بۆچوونەكانیان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و عەرەب خستەڕوو.
لە ژمارەی داهاتوودا، کوردستانی نوێ بە راپۆرت و وێنە، چالاکییەکانی دیالۆگەکە بڵاودەکاتەوە