ئیخوان موسلمین و (حەسەن بەننا) لە نزیکەوە

12:15 - 2024-09-18
کەلتور
77 جار خوێندراوەتەوە

شوان ئەحمەد

(رەوتە ئایینی و سیاسییەکان لە میسری نوێ)دا کە لە نووسینی خۆرهەڵاتناسی بەریتانی (ج.هێوارت دن)ە، بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئیخوانناسی ئەژمار دەکرێت.

بە گشتی ئەم بەرهەمە یەکێکە لەو سەرچاوە گرنگانەی، بۆ شارەزابوون لە مێژووی ئیسلامی سیاسی و ئاشنابوون بە رێکخراوی ئیخوان موسلمین و کارەکتەری شێخ حەسەن بەننا، پێویستی زۆرمان پێدەبێت

سەرچاوەیەکی زۆر کۆنە و یەکێکە لە سەرەتایترین ئەو کتێبانەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بەوردیی و چڕوپڕی و لە نزیکەوە، دەربارەی ئیخوان موسلمین و (حەسەن بەننا)ی رابەر و دامەزرێنەریان نووسراوە.
سەرباری ئەوەی سەرچاوەیەکی دێرینە، لێ گرنگە و هەتا ئێستاش هەموو ئەوانەی دەیانەوێت، لە سەرەتاکانی ئیسلامی سیاسی و دروستبوون و هەڵکشانی ئیخوان موسلمین تێبگەن، ناچارن بگەڕێنەوە سەر ئەم  سەرچاوەیەوە و وەک ژێدەرێک پشتی پێببەستن.
ئەم خۆرهەڵاتناسە  بەریتانییەی کە لە ساڵی سییەکانی سەدەی رابردووەوە، لە میسردا نیشتەجێدەبێت و وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە خوێندنگاکانی ئەو وڵاتەدا دادەمەزرێت، لەم کتێبەیدا لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی، مێژووی ساڵانی سەرەتای ئیخوان موسلمینمان بۆ باس دەکات و پێ بە پێ رابەر و دامەزرێنەرەکەشیان کە (حەسەن بەننا)یە، وەک خۆی پێدەناسێنێ.
نووسەری ئەم بەرهەمە لەگەڵ (ریچارد.ب.میچێل)، یەکەم کەسە خۆرئاواییەکان، لە مەترسی ئیخوان موسلمین بەئاگا دێنێت و داوایان لێ دەکات، بەریان پێبگرن و بەرپەچیان بدەنەوە.
بەڵام هەرئەویشە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی، میسر لەبەردەم مەترسی شاڵاوی کۆمۆنیزمدایە و ئیخوان موسلمینیش تاکە هێزێکن  بتوانن، بەگژیاندا بچنەوە و ببنە لەمبەر لەبەردەمیاندا.
(ج.هێوارت دن) خۆرهەڵاتناسی و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، لێ لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامەی سیاسی خۆی نەشاردۆتەوەو  کەم تا زۆر، نیشانی داوە کە کاری هەواڵگری بۆ وڵاتەکەی دەکات.
وەک (ئارنۆڵد توینبی و ئەلبێرت حۆرانی و هامڵتۆن جێب) و زۆرێکی زۆر لە خۆرهەڵاتناسی ئەمریکایی باسی دەکەن (رەوتە ئایینی و سیاسییەکان لە میسری نوێ)دا، تایتڵێکی زۆر گشتی و هەمەلایەنە و تەعبیر لە کرۆک و ناوەڕۆکی سەرەکی کتێبەکە ناکات، چونکە مەبەستی کتێبەکە رۆنانی ئاقارە ئایینی و سیاسییەکان نییە لە میسری نوێ دا، یاخود بەسەرکردنەوەی مێژووی ئەو رەوتانە بێت لەو وڵاتەدا، بەڵکو رێکو راست  ئەو دەیەوێت باس لە کارەکتەرێکی وەک حەسەن بەننا بکات و لەڕێی ئەویشەوە، مشتوماڵی مێژووی بیست ساڵی تەمەنی رێکخراوی ئیخوان موسلمین بکات (1928-1948) کە ئەو رابەر و دامەزرێنەری بووە.
لەو پێشەکییە کورتەی ساڵی 1950 لە واشنتۆنەوە  نووسیویەتی (کتێبەکە بۆیەکەمجار لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چاپ دەبێت)،ج.هێوارت دن دەڵێت: 
(ئەم هەوڵەی ئێمە بۆ باسکردنە لە دروستبوون و گەشەکردنی رێکخراوێکی ئیسلامی، کە لە ماوەی  بیست ساڵی رابردوودا توانیویەتی، پێگەیەکی گرنگی لە میسر و جیهانی ئیسلامی دا هەبێت. گەشەی ئیخوان و هەڵکشان و پەلهاویشتنی، لەو پرسانەیە  جێی سەرنجە و هۆکارگەلێک هەن وایانکردووە، خەڵکانێکی زۆر لە دەوری ئەو رێکخراوە کۆببنەوە.
یەکەم: سستی و ناکارایی سەرانی ئیسلامی سوننە مەزهەب کە لە ئەزهەردا کۆبوونەتەوە.
 دووەم: کورتبینی و ناشارەزایی سەرکردە سیاسییەکان و پارت و رێکخراوە جەماوەرییەکان.
 سێیەم: ناڕەزایی زۆری چینی زەحمەتکێش، لە بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆیان. 
چوارەم: هەستکردن بە جیاوازییەکی زەق و زۆری چینایەتی).
دواتر و لە سیانزە بەشی جیاجیادا باسی لەم بابەتانە دەکات:
 (پاشخانی مێژوویی میسری نوێ  کە بە بڕوای  ئەو لە ساڵی 1798و لەگەڵ لەشکرکێشیەکەی ناپلیۆن پۆناپارتدا دەست پێدەکات. دواتر دێتە سەر باسی بنەماکانی ژیانی سیاسی  و گەڕانەوەی هەست و نەستی ئیسلامی و دروستبوونی کۆمەڵەی لاوانی موسلمان، لە مانگی تشرینی دووەمی 1927. لە نەسکی پێنجەمدا باس لە سەرەتاکانی دروستبوونی ئیخوان موسلمین دەکات و پاشان دێتە سەر باسکردنی ئەو قۆناغەی، حەسەن بەننا بە ئاشکرا تێکەڵ بە ژیانی سیاسی دەبێت. لە نەسکی حەوتەمدا باس لەو هۆکارانە دەکات بوونە مایەی ئەوەی، ئیخوان بۆڕی گروپە ئیسلامییەکانی دیکەی ناو میسر بداتەوە. ئەوەش چۆن وادەکات، هەم ئەمان لە دەسەڵات و هەم دەسەڵاتیش بۆ مەرامی تایبەتی خۆی، لێیان نزیکبێتەوە.
دواتر چۆنچۆنی لە سایەی پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوانیان، لەگەڵ کۆشکی شاهانە و کەسی شا فاروق دا، دەتوانن پڕکێشی زیاتر بکەن و پێگەی خۆیان قایم بکەن. 
لە نەسکی دەیەمدا نووسەر بەوردی، باس لە سیستمە کۆنکرێتیە کۆمەڵایەتییەکەی ئیخوان موسلمین دەکات. لە نەسکی دوای ئەوەشدا دێتەسەر ئەژمارکردنی، هەر دە بنەما سیاسییەکەی حەسەن بەننا و...هتد).

بابەتە پەیوەندیدارەکان