بەختیار عەلی حەمە لە گەڕەكی سابوونكەرانی شاری سلێمانی لەدایكبووە و دەرچووی بەشی شێوەكارییە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی و ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە.
بەختیار عەلی بە دوالاپەڕەی وت: ماوەی 7 ساڵ مامۆستای هونەر لە بواری خۆشنووسی و وێنەكێشان بووم. لە پاڵ كاری خۆشنووسی و وێنەكێشان كاری دیزاینی كتێب و هەڵەگری دەكەم و هەروەها خۆبەخشانە رۆژانە روماڵی سەرجەم كارو چالاكییە ئەدەبی و رۆشنبیریی و هونەرییەكانی شاری سلێمانی دەكەم، بۆ نموونە رۆژی وا هەبووە چوار چالاكیم لە سلێمانی روماڵ كردووە.
بەختیار عەلی سەبارەت بە چالاكییەكانی ساڵۆنی كوردستانی نوێ وتی: من ساڵۆنی كوردستانی نوێ بە سەنتەرێكی ئەدەبی و رۆشنبیریی شاری سلێمانی دەزانم، چونكە ئەو ساڵۆنە بەردەوامە لە بەستنی كۆڕ و چالاكی رۆشنبیریی، ئەوەش بۆتە مایەی پێشكەوتن و جووڵەی رۆشنبیری لە پایتەختی رۆشنبیریی و جێگەی خۆشحاڵییە كە زۆربەی رووناكبیر و نووسەران كۆڕەكانیان لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ ساز دەكەن.
بەختیار عەلی لە كۆتایی دا وتی: زۆر سوپاسی كوردستانی نوێ دەكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەیەی.
ئالان محەمەد جەزا