سەعدی پیرە: یەکێتی خوازیارە هاوبەشێکی کاریگەربێت لە کابینەی دەیەمدا

02:23 - 2025-08-19
کوردستان
49 جار خوێندراوەتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان.

سەرەتای دیدارەکە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەڕێزیان کرد کە وەک کونسوڵی گشتیی نوێی ژاپۆن کە چەند هەفتەیەکە دەستبەکاربووە، هیوای خواست لەماوەی مانەوەیدا رۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت پتەوترکەدنی پەیوەندیە سیاسی و بازرگانی و ئابووری و کەلتورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن. 

هەر لەو دیدارەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی ناوچەکە بەگشتی و عیراق و هەرێمى كوردستان کرد، بە تایبەتیش هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان

هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، یەکێتی خوازیاری ئەوەیە وەک هاوبەشێکی کاریگەربێت لە کابینەی دەیەم نەک بەشدار، بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارایە بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکاندا.
 هیتۆشی ئیشیزوکا کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بەو پەیوەندییە گەرم و گوڕەی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان هیوای خواست بتوانێت لەماوەی کارکردنیدا پەرەی زیاتر بەو پەیوەندیانە بدات کە ببێتە بنەمای زیاتر هەماهەنگی و دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلی کورد و ژاپۆن لە هەموو بوارەکاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان