عومەر ئیسماعیل باوزێیی
کۆشکی نیگارستان یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی ئێران، کە لە ساڵی (1804)دا بە فەرمانی (فەتحعەلی میرزا 1798-1834)ی شای قاجار، ئەوکاتە لە دەرەوەی شاری تاران وەک شوێنی نیشتەجێبوونی هاوینە لەسەر شێوەی کۆشکی کڵاوفەڕەنگی شیراز دروستکرا و پێکدەهات لە باخێک و دوو باڵەخانەی گەورە بە ناوەکانی (دڵگوشا و قەڵەمدان)، چونکە فەتحعەلی شا حەزێکی تایبەتی بۆ ئەم باخ و کۆشکە هەبوو، بۆیە زۆربەی رۆژەکانی وەرزی هاوینی لە نیگارستان بەسەر دەبرد، کە پێکهاتبوو لە (64) ژوور و (4) هۆڵ و کتێبخانەیەک. بە جۆرێک هۆڵەکان بە کاری ئاوێنە و مۆتیڤی زێڕین و چلچرای بەنرخ رازێنرابوونەوە، هەروەها لە یەکێک لە هۆڵەکانی کۆشکی نیگارستاندا ژمارەیەکی زۆر تابلۆ، کە بەشێکیان پۆرترێت بوون نمایشکرابوون، ئەم تابلۆیانەش لەلایەن هونەرمەندانی بەناوبانگی ئێرانی وەک میرزاجانی نەقاش، میرزابابا ئیسفەهانی و عەبدوڵڵاخانی نەقاشباشی کێشرابوون. دواتریش بە فەرمانی شای قاجار، گوڵخانەیەکی گەورە لەلای باکوری باخەکە دروستکرا، کە دواتر بە (نارنجستان) ناسرا.
ئەوڕەحمان پاشای بابان
جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا کۆشکی نیگارستان وەک مۆزەخانەیەک دەکەوێتە ناو زانکۆی تاران و لە خۆرئاوا بە شەقامی سەفی عەلی شا، لە خۆرهەڵات بە شەقامی دەروازە شەمێران، لە باشور بە گۆڕەپانی بەهارستان و لە باکورەوە بە شەقامی ئاتەشگەدەی عەلایی هاوسنورە.
کاتێک (عەلی پاشا 1802-1807)ی والی بەغدا لە مانگی (6/1805) بە سوپایەکی (100) هەزار سەربازییەوە لە دەربەندی بازیان هێرشیکردە سەر هێزی (ئەوڕەحمان پاشا 1790-1813)ی میری بابان، دوای شەڕێکی سەخت و كوژرانی نزیكەی (300) سەربازی ئازا و قارەمانی کورد، ئەوڕەحمان پاشا لەگەڵ (700) سواری تایبەتی خۆیدا، بۆ شاخی ئاوەگردی باكوری كۆیە پاشەكشەیكرد، دواتریش بە ناچاری لەگەڵ هەموو سوارەکانی و تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی و پیاوەكانیدا، بەرەو شاری سنەی خۆرهەڵاتی كوردستان بۆلای (ئەمانوڵڵاخان 1799-1824)ی والی ئەردەڵان بەڕێکەوتن.
دوای ئەم رووداوە، عەلی پاشای والی بەغدا لەگەڵ بەشێك لە سوپاكەیدا چووە ناو سلێمانی و بە فەرمانێك (خالدبەگ 1805-1812)ی برابچوکی (برایم پاشا 1782-1802)ی میری پێشتری بابانی بە پاشای میرنشینەكە دەستنیشانكرد و سلێمان بەگی كوڕی برایم پاشاش كرا بە قایمقامی هەریر و كۆیە.
لەولاشەوە، دوای گەیشتنی ئەوڕەحمان پاشا بە سنەی پایتەختی ئەردەڵان، ئەمانوڵڵاخان پێشوازییەكی گەرمی لێكرد و بە زوویی شازادە (محەمەدعەلی میرزا 1805-1821)ی والی كرماشان و کوڕەگەورەی فەتحعەلی شای لە هەواڵی چۆنییەتی شكستی بابانییەكان ئاگادار كرد، هەروەها داوای كرد لە یەكێك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی شای قاجاردا رێگە بە مانەوە و نیشتەجێبوونیان بدرێت، بۆیە بڕیاردرا ئەوڕەحمان پاشا و تەواوی دەستوپێوەند و هاوەڵەكانی، بەڕێزەوە لە شارۆچكەی سەقز بە هەموو پێداویستییەكی ژیانەوە نیشتەجێ بكرێن.
ئەگەرچی ئەو رووداوە گیروگرفتێكی سیاسی زۆری بە دوای خۆی داهێنا و كاریگەرییەكی خراپی كردەسەر پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری، لەبەرئەوە عەلی پاشا بە مەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات، دانوستان و گفتوگۆی بە باشترین چارەسەر دانا و نوێنەرێكی خۆی بە ناوی ئەحمەد چەلەبی نارد بۆ تاران، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دوور لە ئاڵۆزی سەربازی، ئەوڕەحمان پاشا و لایەنگرەكانی رادەست بكەنەوە، بەڵام نێردراوەكەی والی بە هیچ ئاكامێك نەگەیشت.
دوای ماوەیەك و هێوربوونەوەی بارودۆخەكە، ئەوڕەحمان پاشا داوای لە ئەمانوڵڵاخان كرد بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەتینەی لەگەڵ كاربەدەستانی قاجاری و بە تایبەت فەتحعەلی میرزا هەیەتی، بە مەبەستی دووبارە گەڕانەوەی بۆ سەر تەختی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان، دیدارێكی بۆ رێكبخات، بۆیە ئەمانوڵڵاخان بە هاوەڵی ئەوڕەحمان پاشا لەگەڵ چەند کاربەدەست و كەسایەتییەكی سەربازی، بە دیاری و پێشكەشێكی شاهانە بەرەو تاران بەڕێكەوتن. دوای ئەوەی پێشوازییەكی گەرم لە ئەوڕەحمان پاشا كرا و لەلایەن فەتحعەلی شا رێزێكی زۆری لێنرا، بە شمشێرێكی گەوهەر ئاودار و مرواری شاهانە رازاوە و ئەنگوستیلەیەكی ئەڵماس، كە لە پەنجەی خۆیدابوو، لەگەڵ كەوڵێكی سمۆرە و شاڵێكی تورمەی گرانبەها خەڵاتكرا، دواتریش بە ئامادەبوونی ئەمانوڵڵاخان لەگەڵیدا كۆبۆوە.
بەهۆی ئەوەی لەو كاتەدا سوپای قاجاری سەرگەرمی شەڕبوو لەگەڵ روسەكان، بۆیە شا دەرفەتی ئەوەی نەبوو بەخێرایی و لە ماوەیەكی كەمدا یارمەتی سەربازیی پێشكەشی میری لەكارخراوی بابان بكات، بەڵام بە فەرمی لە خاكی ئێراندا مافی پەنابەرێتی پێدا، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان ئەوڕەحمان پاشا و والی بەغدا، نامەیەكی دۆستانەی بۆ عەلی پاشا نووسی و بە میرزا محەمەدسادق وەقائیع نیگاری سەركار و یەكێك لە پیاوە باوەڕپێکراوەکانی خۆیدا ناردی بۆ بەغدا.
بە بڕوای ئێرانییەكان، لەبەرئەوەی ئەوڕەحمان پاشای بابان لەوكاتەدا رووی لە دەوڵەتی عوسمانی وەرگێڕاوە و بۆ لەمەودوا بووە بە دۆست و هاوپەیمانێكی راستەقینەی حكومەتی قاجاری، بڕیاردرا بەهەرشێوەیەك بێت دڵی بدرێتەوە و لە خواستەكانی بێ هیوا نەكرێت، بەڵێنی ئەوەی پێدرا بە هەموو توانایەك لەڕووی ماددی و سەربازییەوە هاوكاری و پشتیوانی بكرێت. جگە لەوەش، وەك رێزێك و بۆ مانەوەی گەورەیی و شكۆی وەك كەسایەتییەكی بەناوبانگ، بە فەرمانی فەتحعەلی شا، وێنەیەكی ئەوڕەحمان پاشا لە پاڵ وێنەی گەورە پیاوان و كاربەدەستانی دەوڵەتی قاجاری لەسەر دیواری كۆشكی نیگارستان بە شێوەیەكی ناوازە و جوان نەخشێنرا، کە ئەم وێنەیە، کۆپی هەمان وێنەی (کۆشکی نیگارستان)ە لە تاران.
سەرچاوەکان
1. جەلیلی جەلیل: كوردەكانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی، و: كاوس قەفتان، (بەغدا، 1987)، ل195.
2. حسێن نازم بەگ: مێژووی میرایەتی بابان، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، چاپخانەی شڤان، بنكەی ژین، (سلێمانی، 2013)، ل210-211، 359.
3. حوسێن حوزنی: سەرجەمی بەرهەمی، ب1، چ2، چاپخانەی ئاراس، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر، 2011)، ل502.
4. رسول الكركوكلی: دوحە الوزراء فی تأریخ وقائع بغداد الزوراء، ترجمە: موسی كاظم نورس، مطبعە كرم، دار الكتب العربی، (بیروت، 1963)، ص231.
5. سلیمان فائق بك: تاریخ بغداد، نقلە: موسی كاظم نورس، طبعە اول، الفرات للنشر والتوزیع، (بیروت، 2010)، ص38.
6. عباس عزاوی: تاریخ العراق بین احتلالین، ج٦، مطبعە امیر، انتشارات الشریف الرضی، (قم، 1369)، ص172.
7. ماه شەرەف خانم مەستوورەی كوردستانی: مێژووی ئەردەڵان، و: حەسەن جاف و شوكور مستەفا، چ2، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر، 2005)، ل125.
8. محمد رضا نصیری: اسناد و مكاتبات تاریخی ایران (قاجاریە)، ج1، چ2، انتشارات كیهان، (تهران، 1366)، ص21.
9. محمد مەردۆخی كوردستانی: مێژووی مەردۆخ، مێژووی كورد و كوردستان، و: زانەر محەمەد، چ1، چاپخانەی رۆژهەڵات، لە بڵاوكراوەكانی كتێبخانەی ئاوێر، (هەولێر، 2011)، ل389-390.
10. محەمەد ئەمین زەكی بەگ: تاریخی سلێمانی و وڵاتی، ئامادەكردنی: رەفیق ساڵح، ب3، چ2، چاپخانەی شڤان، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، (سلێمانی، 2006)، ل76-77.
11. محەمەد حەمە باقی: میرنشینی ئەردەڵان – بابان - سۆران لە بەڵگەنامەی قاجاریدا، چ1، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر، 2002)، ل46، 49.
12. مەستوورە: مێژووی ئەردەڵان، و: هەژار، چ2، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، (هەولێر، 2005)، ل179، 190.
13. نەجاتی عەبدوڵڵا: كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی- عوسمانی 1639-1847، چ2، چاپخانەی موكریانی، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، (هەولێر، 2015)، ل88.
14. نەوشیروان مستەفا ئەمین: بە دەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەمدا، ب1، كتێبی سێیەم، الدار العربیە للعلوم، (بیروت، 2013)، ل115-116.
15. ویکی پدیا، دانشنامە آزاد.