ئومێد شێركۆ شاكر مەجروم
شاكر عەبدولعەزیز محەمەد عەبدولئەمیر ناسراوە بە شاكرمەجروم، ساڵی 1894ی زاینیی لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، لە بنەڕەتدا بنەماڵەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی (وان) لە باكوری كوردستان، لە شۆڕشی شێخ مەحموود بەشدارێكی بەرچاوی دەبێت، تەنانەت لە حكومەتی شێخ مەحمووددا پۆستی دەدرێتێ بە پلەی (مودیری پۆستە و تەلەگراف) دادەمەزرێت. كەمال رەئوف محەمەد لە بەرنامەی رۆژێ لە رۆژان كە لە رادیۆی كوردی لە بەغدا پێشكەش دەكرا، وتی: (باوكی شاكر مەجروم) عەبدولعەزیز یەكەم كەس بووە كە ئامێری تەلەگرافی هێناوەتە كوردستان. شاكرمەجروم كەسێكی باوەرپێكرا بووە لە لای شێخ مەحمود، دوای رووخانی حكومەتی شێخ مەحمود دەستگیر دەكرێت دوای دادگاییكردنی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام جێبەجی ناكرێت سزاكەی دەكرێت بە بەندكردنی بۆماوەی حەوت ساڵ، ئەم سزایەشی سووك دەكرێت بۆ حەوت ساڵ دوورخراوەیی لە شاری بەغدا لە ژێرچاودێری پۆلیس ژیان بەسەر دەبات، بۆ بژێوی خۆی لە شەقامی رەشید نزیك مەیدان دوكانێك بە كرێ دەگرێت كاری توتن فرۆشی دەكات، دوكانەكەی سەرەڕای ئەوەی لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بووە، بەڵام بۆتە شوێنی دیدار و بە یەك گەیشتنی رۆشنبیر و سیاسییەكان و پیاوە دیارەكانی ئەو كات وەك (شێخ مەعروفی بەرزنجی، مەحموود جەودەت، بەشیر موشیر، شێخ سەلام، جەمال بابان، رەفیق حیلمی، ئەمین رواندزی). هەروەها مستەفا شەوقی نووسەر و رۆژنامەنووس كاتێ گۆڤاری (پەیژە) چاپ دەكات، بۆ بڵاوكردنەوەی دوكانی شاكر مەجروم هەڵدەبژێرێت و دەیكات بە شوێنی گۆڤارەكە، لە بەرگی دواوەی گۆڤارەكە دەنووسێت، ناونیشان دوكانی شاكر مەجروم لە شەقامی رەشید لە بەغدا. ساڵی 1930ی زاینیی لە دوورخراوەیی دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، لە رۆژی 6ی ئەیلولی 1930ی زاینیی بەردەركی سەرای سلێمانی بەشداریی خۆپیشاندانەكە دەكات، بە هەوڵی چەند دڵسۆزێك دادەمەزرێت لە دادگا بە باش كاتب، بە هۆی كاری دادگا هەر ماوەیەك لەم شارانە دەبێت (كفری، رانیە، چەمچەماڵ)، ساڵی 1937ی زاینیی فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەچێت بۆ رواندز تا لە دادگای رواندز درێژە بە كار و فەرمانەكانی بدات، بە پێی قسە و گێڕانەوەی خەڵكی رواندز شاكرمەجروم لە خزمەتی خەڵكدا بووە، كاری بۆ ئاسان كردوون و رێنمایی كردوون. ناوبراو ساڵی 1954ی زاینیی خانەنشین دەكرێت. لە رۆژی 14/9/1957ی زاینیی كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی گەردەگەرد بە خاك دەسپێردرێت، سێ كوڕی لە دوای خۆی بەجێهێشت بە ناوەكانی (عەبدولعەزیز، شێركۆ، فەرهاد)، خاوەنی کتێبخانەیەكی گەورەبوو، دەوڵەمەند بە کتێبی جۆراوجۆر و بەڵگەنامە و یادگارییەكانی سەردەمی شێخ مەحمود، بەڵام بەداخەوە لەبەر بارودۆخی نالەباری كوردستان و كەوتنی شوێنی جوگرافی رواندز لە کاتی ململانێ سیاسییەکاندا زۆربەیان فەوتان، بە تایبەتی لە ساڵی 1974ی زاینیی بە هۆی شەڕەوە سووتان، هەندێ لە وێنە و دەستنووس نەبێت كە لەلای شێركۆی كوڕی پارێزراون، ئەوەی شایانی باس بێت تا ساڵی 1991ی زاینیی پیاڵە و ژێرپیاڵەیەك لە ماڵی شێركۆ پارێزرابوو كە شێخ مەحمود چای تێدا خواردبووە، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی مانگی ئاداری 1991ی زاینیی دوای راپەڕین لەناوچوو. ئەوەی جێگای ئاماژەكردنە لە کتێبی شاری سلێمانی 200 ساڵ، بەرگی یەكەم، چاپی سێیەم، بەدەستكارییەوە 2011ی زاینیی لەلایەن ئەكرەمی ساڵحی رەشە ئامادەكراوە لە لاپەڕە 484 زنجیرەی 26 ناوی شاكرمەجروم فەندی هاتووە وەك خاوەن موڵكەكان «مەلاكەكان»ی كاتی خۆی سلێمانی . ئامینە سوبحی تۆڵۆن یەكێك لە خێزانەكانی شاكر مەجرومە كە لە رواندز هەر بە ئامینەخان بانگدەكرا، لە شاری مەرعەش لە باكووری كوردستان لەدایك بووە، ژنێك ئازا و تێگەیشتوو چاوتێربووە، هەردەم هەوڵی داوە منداڵەكانی پەروەردەیەكی دروست بكات بۆ ئەوەی خزمەتی كورد و كوردستان بكەن، زۆر جار فەرهاد شاكر دەگێرێتەوە و دەڵێت دایكم كە دەهاتە سەردانم لە گرتووخانەی نووگرەسەلمان دەیوت فەرهاد كوڕەكەم خۆت دڵتەنگ مەكە تۆ لەسەر كوردایەتی گیراوی، خوانەخواستە لەسەر شتێكیترنەگیراوی، وەك دایكەكانیتر نەبوو دەست بە گریان بكات، لەو هەموو سەردانانەی كە كردوومی نەگریاوە. لە ساڵی 1966ی زاینیی لە رواندز كۆچی دوایی دەكات و لە تەنیشت شاكر مەجروم لە گۆڕستانی گەردەگەرد بە خاك دەسپردرێت.