زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

کەلتوری نەزانی

10:22 - 2024-09-19
کەلتور
99 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

کەلتوری نەزانی، یان کەلتوری نەزانین، Culture of nescience،  Culture of ignorance، بە عەرەبی (ثقافة الجهل)، بریتییە لە رۆشنبیرییەکی داخراو و یەقینی و هەژار، رەتکردنەوەی ئەویدیکەی جیاواز، بریتییە لەو رۆشنبیرییەی دان بە جیاوازیی و مافی جیاوازبووندا نانێت و وەک دوژمن تەماشای ئەویدیکەی جیاواز دەکات، سا ئەو جیاوازییە لەرووی ئایینی و نەتەوەییەوە بێت، یان لە رووی زمان و نەژاد و رەنگی پێست و بگرە هۆز و عەشیرەتیش. کەلتوری نەزانی دان بەوەدا نانێت کە ئەویدیکەی جیاواز تەواوکەری خۆیەتی و دیوە لێکنەچووەکەی خودی خۆیەتی و پەرەپێدەری کەلتورەکەیەتی. واتە لێرەدا نەزانینیش کەلتوری خۆی هەیە کە زۆرجار بەهۆی نەخوێندەواریی و نەبوونی هۆشیاریی و هەژاریی رۆشنبیری و ونبوونی ئەقڵانییەت و راڤەکردنەوە دروست دەبێت و لەوانەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەئاستی گشتیدا، «رۆشنبیری» پێچەوانەی «نەزانی»یە و دژی پاشکەوتووییە، مومکین نییە رۆشنبیری و نەزانی پێکەوە کۆببنەوە، کەچی بە سەرنجدانێکی وردبینەوە دەردەکەوێت کە جەهلیش رێسا و ریشەی خۆی هەیە و تێکەڵ بە بۆچوون و عەقیدە دەکرێت و وەک موقەدەس تەماشا دەکرێت، (لێرەدا زاراوەیەکی دیکەی پەیوەست بەم زاراوەیە هەیە پێی دەگوترێت: جەهلی موقەدەس. لە هەفتەی داهاتوودا دەیخەینەڕوو). واتە کەلتورێکی دیکە هەیە لەپشتی هەموو دۆگما و داخرانێکەوە وەستاوە، کە پێی وایە هەر خۆی راستە، کەلتورێک ئامادەیە بازنەیەکی بەدەوری خۆیدا کێشاوەو لەنێو قەناعەتە یەقینییەکانی خۆیدا دەژی، ئەم چەشنە کەلتورە پێی دەگووترێت کەلتوری نەزانی. هەندێ جار رۆشنبیرییش جەهلی خۆی هەیە و کەسانێک هەن بە قەناعەتەوە رەواجی پێ دەدەن و لەو جەهلەدا چوارچێوەیەک دەبیننەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، لەسەردەمێکدا زیندەبەچاڵکردنی کچان لەنێو عەرەبی جاهیلیدا، ببوو بە کەلتورێکی باو، کە ئەمە بریتییە لە کەلتوری نەزانی یان رۆشنبیریی جەهل، لەسەردەمانی دیکەدا کەلتوری پیاوسالاری ببوو بە کەلتورێکی پیرۆز و هەمووان داکۆکییان لێ دەکرد، ئەمەش دەچێتە نێو بازنەی کەلتوری نەزانییەوە.
کەلتوری نەزانی  باز دەداتە نێو ناوەندی ئەدەبی و رووناکبیری و سیاسیشەوە، چەندین نووسەر و رۆشنبیر و سیاسەتمەدار دەبینین کە جەهل و دۆگما لە بیرکردنەوەیاندا ریشەی داکوتاوە، هەرچەندە باسی ئەقڵانییەت و هیومانیزم و نوێگەری و دیموکراسی و رۆشنگەری بکەن، ناتوانن نەزانییەکانی خۆیان بشارنەوە، دەشێت بەرجەستەترین لایەنی کەلتوری نەزانی بریتی بێت لەو دژایەتیکردن و دوژمنکاری و خۆدوورخستنەوەیەی هەندێ نووسەر و رووناکبیر، یان سیاسەتمەدار، بەرامبەر بە ئەوانیدیکە و نەیار و ناکۆکەکانیان، دەینوێنن و لە بۆچوون و نووسین و چاوپێکەوتن و رەفتاریاندا بەرجەستەی دەکەن.
کەلتوری نەزانی بریتییە لە کەلتوری یەقین و بیرکردنەوەی رەهاگەری، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە پێی وایە حەقیقەت تەنیا لەلای ئەوە، هەڵگرانی ئەم چەشنە کەلتورە وایدەبینن تەنیا خۆیان راستن، چارەسەر بەشێوەیەکی رەها لای ئەمانە، ئەوانیدیکەش لەسەر هەڵەن و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ لای ئەمان تا لەمانەوە فێر ببن و دەرک بە راستییەکان بکەن. بەشێک لە حزبەکانی ئێمە هەڵگری ئەو چەشنە مۆرکەن و ئەندامەکانیان لەسەر ئەوە رادەهێنن کە متمانەیەکی کوێرانەیان بە سەرکردە و بەرنامەی حزبەکەیان هەبێت و هیچ جۆرە پرسیار و گفتوگۆیەک نەورووژێنن، ئەم دیاردەیە لەلای بەشێک لە نووسەران و شاعیرانیشدا هەیە، پێیان وایە ئەمانە لە سەرووی رەخنەوەن. ئەم چەشنە بیرکردنەوانە، لە هەموو ئاستەکاندا، کەلتوری نەزانی بەرهەم دەهێنێت. کەلتوری نەزانی یەکێکە لە رێگرییە دیارەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کە دوژمنی دەرەکیش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت و ئەم دیاردەیە قووڵتر بکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان