هێمن ئەحمەد
دوێنێ، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك -سەڵاحەدینی (ی.ن.ك) و رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و وەفدێكی باڵای یەكێتی، سەردانی پارێزگای كەركوكیان كرد و لەلایەن رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و محەمەد ئیبراهیم ئەلحافز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامانی ئەنجومەن پێشوازییان لێكرا.
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی ی.ن.ك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پارێزگاری كەركوك، پارێزگاری سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەیە بەبێ جیاوازی، داوا لەو لایەنانەش دەكەین كە تا ئێستا بەشدارییان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن نەكردووە، بەشداری بكەن، چونكە كەركوك گرنگی خۆی هەیە لای یەكێتی بەهۆی بوونی پێكهاتە و ئایین و زمانی جیاواز تێیدا. وتیشی: كەركوك پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی گشت لایەك هەیە، چونكە سەركەوتنی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك سەركەوتنی سەرجەم كەركوكییەكانە، بۆیە ئێمەش ئەم پارێزگارەمان بۆ شارەكە هەڵبژارد، چونكە دڵنیا بووین كە خزمەت بە سەرجەم دانیشتوانی شارەكە دەكات بەبێ جیاوازی، بۆیە پێویستە پشتیوانی لەم ئیدارەیە بكەین و خۆمان بەدووربگرین لە موزایەدەی سیاسی.
هەر لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەردانەكەی ئاسۆ مامەند، گەیاندنی پەیامێك بوو بۆ لایەنە سیاسییەكان و هەوڵبدەین بەیەكەوە ئەم حكومەتە خۆجێییەی كەركوك بە هێزتر بكەین و پێكەوەژیانێكی راستەقینە لە شارەكە بنیادبنێین، هەوڵ بدەین بە هەموومانەوە خزمەت بە كەركوك بكەین بەبێ جیاوازی نەتەوەیی.