لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، گرنگیی بەشداریی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان لە سەرژمێریی گشتیدا دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت: سەرۆك بافڵ بە گرنگییەوە لەم بابەتە دەڕوانێت و هەمووانی راسپاردووە كاری جددی لەسەر بكەن.
رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی ی.ن.ك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: بە گرنگی و بایەخەوە لە بایەخی پڕۆسەی سەرژمێری لە كەركوك و خانەقین و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەڕوانین و پێمانوایە، چارەنووسی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان بەندە بەسەرژمێریی عیراقەوە. ئاماژەی بەوەشكرد، كە هانی هەمووان دەدەین بەشداریی سەرژمێری بكەن، تا پارێزگاری لە ناسنامەی راستەقینەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بكەین و ئەوەش كاریگەری لەسەر بار و گوزەران و ئایندەی دانیشتووانەكانیان هەیە.
باسی لەوەشكرد، كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گرنگییەوە لەم بابەتە دەڕوانێت و هەمووانی راسپاردووە بۆ كاركردنی جددی لەسەر ئەم پرسە، وتیشی: تۆماركردنی خێزانەكان لە سەرژمێریی گشتییدا زامنی مافی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەكات. بڕیارە 20ی 11ی 2024 سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عیراق بەڕێوەبچێت.