جوتیارانی كورد و توركمانی كەركوك داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورە دەكەن

11:10 - 2024-09-19
کوردستان
160 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
جوتیارانی سنووری سەرگەڕان و داقوق و دەوروبەی چاوەڕێن بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵبوەشێنرێتەوە، نوێنەری جوتیارانیش رایدەگەیەنێت: ئومێدمان هەیە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورە بدرێت، كە ئێمەی جوتیارانی كوردو توركمان سكاڵامان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دژی تۆمار كردووە.
 لەوبارەیەوە محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی گوندی سەرگەڕان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەكو جوتیارانی كوردو توركمان دوو سكاڵامان لەسەر دوو بڕیاری ئەنجومەنی قیادەی سەورە لە دادگای فیدراڵ تۆمار كردووە، یەكەمیان تایبەتە بە قەزای داقوق بە ژمارە 124، دووەمیشیان ژمارە 249یە، كە تایبەتە بە ناوچەی سەرگەڕان، ئەگەربێتو دادگا بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادانە بدات ئەوە ماف بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێتەوە.
وتیشی: لەلایەكی دیكەوە وەكو جوتیارانی كوردو توركمان كارمان لەسەر پرۆژە یاسایەك كرد بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەند بكرێت و مافە زەوتكراوەكانیان بەدەست بهێننەوە كە زەوییەكانیانە، پرۆژە یاساكەش لە حكومەتەوە هاتووە و تا ئێستا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە عەرەبە سوننەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران ناڕازین لەو پرۆژەیە، بۆیە ئومێدمان هەیە دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان