هێمن ئەحمەد
بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە كەركوك هەیە، جموجوڵی چەكدارانی داعش زیادیان كردووە و چەند كردەوەیەکی تیرۆریستییان لە شارەكە ئەنجامداوە.
لەوبارەیەوە نەشئەت شاهۆیز ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و شارەزا لەبواری ئەمنی، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە ئەو ناوچانەی بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە چۆڵن، بە هەماهەنگی سوپا و پێشمەرگە پڕ بكرێتەوەو هێزیان تێدا جێگیر بكرێن تاكو نەبێتە مۆڵگەی چەكدارانی داعش.
وتیشی: ئێستا درک بەوە دەكرێت كە بۆشایی ئەمنی لە شوێنە سەربازییەكان هەیە، بۆیە بە بڕوای بەندە پێویستە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەدا هەبێت بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بكرێتەوە، چونكە مانەوەی ئەو بۆشاییە بەو شێوەیەی ئێستا، رەنگە لە دوا رۆژدا ببێتە مەترسی لەسەر كەركوك و ببێتە مۆڵگەی چەكدارانی داعش و هاوشێوەكانی.
باسی لەوەشكرد ماوەیەك پێش ئێستا چەكدارانی داعش كردەوەیەكی تیرۆریستیان لە ناوچە قەرەهەنجیر ئەنجامدا كە بووە هۆی شەهیدكردنی كارمەندێكی ئاسایش و برینداركردنی یەكێكی تر، لەم چەند رۆژەی دوایشدا هێزە ئەمنییەكان دوو چەكداری داعشیان لە بازنەیی كەركوك نزیك گەڕەكی پەنجاعەلی كوشت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بۆشایی ئەمنی بەدی دەكرێت لە شارەكەدا.