خەلیل عەبدوڵڵا
یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان
هەر چەند کەوتوومە دوورە وڵاتان
تەنیا گۆڕەکەم لە ڕێی خیڵان بێ
نزیک هەوارگەی جاف و گۆران بێ
کێلێکی بەرزیش بە قەت باڵای شەم
لە ژوور سەرم بێ، بێ زیاد و بێ کەم
(وەلی دێوانە)
كەریم كابان هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانە و خزمەتی زۆری بەكاروانی هونەریی گۆرانیی كوردی كردووەو شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوەو گەشەپێدانی ئەو هونەرەوە دیارە.
(كەریم جەلال مەحمود) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیەو بە كەریم كابان ناسراوە. ساڵی 1927 لە گەڕەكی مەڵكەندیی شێخانی شاری سلێمانی لەدایكبووە.
مامۆستا كەریم لە ئامێزی بنەماڵەی كاباندا گەورە بووە، كە بنەماڵەیەكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانینو چەندین كەسایەتیی گەورەی سیاسیو كۆمەڵایەتیو رووناكبیریو هونەرییان تێدا هەڵكەوتووەو خزمەتێكی زۆریان بەكاروانی تێكۆشانی كوردایەتیو هونەریو روناكبیری كردووە.
مامۆستا كەریم كابان رۆڵەی ئەو ماڵباتە رۆشنگەرو رووناكبیرەیەو لە ژێر شەپۆلی كاریگەری ئەوان بەگشتیو خانەوادە دەنگخۆشەكەیدا بەتایبەتی، پەروەردە بووە. هەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووەو بەشداری چالاكییە هونەرییەكانی قوتابخانەكەی كردووە.
ساڵی 1941 یەكەم گۆرانی وتوە. رادیۆی ئینگلیزەكان لە سلێمانیو رادیۆی كوردی بەغدا و رادیۆی شۆڕشی ئەیلول سێ دەروازەی گرنگ بوون بۆ ئەوەی دەنگی كابان سنووری شارەكەی ببڕێتو لە سەرانسەری كوردستانی گەورەدا دەنگ بداتەوە.
دواتریش لە رێی تیپی مۆسیقای سلێمانیو كەناڵەكانی دیكەی دەنگو رەنگی میدیاو بەهۆی دەنگە بەسۆزو رەسەنەكەیەوە، زیاتر ناسراو جێگەی لە دڵو دەروونی خەڵكی كوردستاندا كردەوە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە سەرباری خزمەتو بەخششە زۆرەكانی لە كایەی هونەردا، لە مەیدانی تێكۆشانی كوردایەتیشدا شوێنی دیارەو پیاوێكی كوردپەروەرو بەهەڵوێست بووەو هەر بۆیەش رووبەڕووی راونانو نەفیكردن بۆتەوە، بەڵام ئەوانە كۆڵیان پێنەداوەو لەگەڵ كاروانی تێكۆشانی كوردایەتی لە شار و شاخ رێی كردووەو خۆشترین گۆرانییەكانیشی (یاران وەسێتمو شەو) لە سەردەمی شاخو لە رێی تیپی مۆسیقاو رادیۆی شۆڕشەوە پەخشكرانو خەڵكی كوردستانیان سەرسام كرد.
ئەگەرچی مامۆستا كەریم كابان دەرچووی هیچ دەزگاو دامەزراوەیەكی هونەری نەبووەو نزیكەی بیست گۆرانیشی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن دەنگێكی رەسەنو ئەفسوناویو خاوەن سەلیقەو ستایلی تایبەتی خۆی بوو، بووە ئەو هونەرمەندە گەورەیەی كە جێی شانازیی هەموان بێت.
ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 14ی كانوونی دووەمی 2016 لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. بەڵام بەهۆی خزمەتو گۆرانییە خۆشو دەنگە بەسۆزەكەیەوە هەمیشە بەنەمری ئەمێنێتەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی كابانی هونەرمەندی مەزن.