لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا

ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای حەمدانیە جێبەجێ دەكرێن

12:18 - 2024-09-22
عیراق
295 جار خوێندراوەتەوە

 تەها عەبدوڵڵا

لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، رەزامەندیی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سنووری قەزای حەمدانیە و دەوروبەری وەرگیراوە و بڕیارە لەمساڵدا جێبەجێ بكرێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش رایدەگەیەنێت: بەتەواوكردنی ئەو پرۆژانە خزمەتێكی زۆر بەدانیشتوانی قەزای حەمدانیە دەكرێت، كە چەندین پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی جیاوازی تێدا دەژی.
محەمەد جاسم كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەسەر داوای فراكسیۆنەكەمان، رەزامەندیی لەسەر جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای حەمدانیە دراوە و بڕیارە سەرجەم ئەو پرۆژانە لەلایەن پارێزگای نەینەوا لەماوەی ئەمساڵدا جێبەجێ بكرێن.
وتیشی: پرۆژەكان پەیوەندیی بە چاككردنی رێگەوبان و قیرتاوكردن و چاككردنی پردی پەڕینەوەی سەر رووبارەكانەوە هەیە، بۆئەوەی هاووڵاتیان لە زیانەكانی لافاو و مەترسی رمانی ئەو پردانە پارێزراو بن، هەر بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە كە تێچووەكەی دەیان ملیار دینارە، ماوەی هاتوچۆی نێوان قەزای حەمدانیە و گوندەكانی دەوروبەری، كورت دەكاتەوە و مەترسییەكانی رووداوە نەخوازراوەكانیش كەمدەبێتەوە.
روونیشیكردەوە: ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای حەمدانیەی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، گرنگی و بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە، چونكە دانیشتوانی ئەو قەزایە لە چەندین نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاواز پێكدێن، ئەمەش دەریدەخات كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كار بۆ خزمەتی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و كوردستان بەبێ جیاوازی دەكات.
راشیگەیاند: جگە لەو پرۆژانەی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا جێبەجێ دەكرێت، هەر لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتی رەزامەندیی لەسەر ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە وەرگیراوە، كە بڕیارە لە ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان