سەرۆك كۆمار: راسپاردە و بڕیارەكانی تایبەت بە روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، كاریان لەسەر بكرێت

01:52 - 2024-09-23
عیراق
206 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەشداری لە چالاكییەكانی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییەكانی، كرد و جەختیكردەوە كە «دەبێت و پێویستە راسپاردە و بڕیارەكانی تایبەت بە روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، بخرێنە بەرنامەی كارەوە و جێبەجێ بكرێن».
لە كۆنفرانسەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕانی كەشوهەوا، نەك هەر ئاستەنگی ژینگەیی، بەڵكو راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئاسایشی تەندروستی و سەقامگیریی وڵات و هاووڵاتیان هەیە، بۆیە عیراق پابەندە بە هاوكاریكردنی هاوبەشەكانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی بەردەوام بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانكارییەكان، ئەم كۆنفرانسەش سەكۆیەكە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان و پەرەپێدانی رێگەچارەسەرەكان و وتی: ئەو راسپاردە و بڕیارانەشی لەم كۆنفرانسەوە دەردەكرێن دەبێت بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، لەگەڵ ئەو بڕیار و راسپاردانەی كە لە كۆنفرانسەكانی (cop) دەردەكرێن.
لە كۆتایی وتەكەیدا، سەرۆك كۆمار، پشتیوانی سەرۆكایەتیی كۆماری بۆ كۆنفرانسەكە و هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاكان دەدرێت، دووپاتكردەوە بەو هیوایەی ئەنجام و راسپاردەكان هۆكاربن لە بنیاتنانی سیاسەت و ژینگەیەكی تەندروست كە ئاسایش و سەقامگیری لە عیراق و ناوچەكەدا بەهێز دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان