محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە میانی بەشداریکردنی لە ٧٩ھەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندی و پەرەپێدانی ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و تاوتوێی دوایین پێشھاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی دۆخی لوبنان کرا.
لای خۆیەوە، سودانی جەختیکردەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، کە ھەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکە بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و پێشتریش عیراق ھۆشداریی داوە لە ھەڵگیرسانی شەڕێکی فراوان بەھۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەری.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایەسەر ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە کەرتی وزە و ھاوکات دیالۆگ کرا لەبارەی دۆسییەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق.