سەروەت و سامانی مارك زوكەربێرگ، خاوەنی كۆمپانیای مێتا، لە ساڵیكدا لە 73 ملیار و 140 ملیۆن دۆلارەوە، زیادیكردووە بۆ 201 ملیار دۆلار، ئەمە لە كاتێكدایە لەئەمساڵدا پشكەكانی كۆمپانیاكەی بەرێژەی 64% بەرزبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی پێوەری ملیاردێرەكانی بلومبێرگ، زوكەربێرگ، چوارەم دەوڵەمەندترین كەسی جیهانە، بەهۆی زیادبوونی بەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی سەر بە مێتا و ئەو ریكلامانەی تێیدا بڵاودەكرێتەوە، سامانەكەی لە هەڵكشاندایە.
هاوكات ئیلۆن مەسك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا و ئێكس وەك یەكەم دەوڵەمەندترین كەسی جیهان لە لیستەكەدا ماوەتەوە، كە سامانەكەی بە 272 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت،
دواتر جێڤ بیزۆس، خاوەنی كۆمپانیای ئەمازۆن دووەم دەوڵەمەندترین كەسی جیهانە و سامانەكەی 211 ملیار دۆلارە. هەروەها بێرنارد ئاڕنۆڵت، خاوەنی براندی لویس ڤیتۆن، سێیەم دەوڵەمەندترین كەسی جیهانە و سامانەكەی 207 ملیار دۆلارە.