لیستی 129 لە بادینان، کار بۆ نەهێشتنی دەستوەردانی حزب لە دادگا و دامودەزگا حکومییەکان دەکات

01:15 - 2024-10-06
دووتوێ
165 جار خوێندراوەتەوە

 راپۆرتی : ئه‌یاز هه‌ركی 


لیستی 129 -ی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە چەندین بەرنامەی باشەوە كار بۆ ئێستا و ئاینده‌ی خه‌ڵكی دەڤەری بادینان ده‌كات، فراكسیۆنی سه‌وزیش لەناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات بۆ گۆڕانكاری و باشترکردنی ژیانی خەڵک و زامنكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هه‌رێمی کوردستان.

کار کردن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژه‌ی هەژاری و بێکاری
عه‌لی مسته‌فا ئۆره‌ماری كاندیدی ژماره‌ (1) و سه‌رۆكی لیستی 129 -ی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ بازنه‌ی دهۆك، خاوه‌نی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی ئابوریدا، دەڵێت: بەپێی شارەزایی خۆم  و وه‌ك ئابووریناسێك، لەوە تێگەیشتووم کە پارێزگای دهۆک پڕخێر و بێرترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە، بەداخەوە سەرەڕای سەرچاوە جیاوازەکانی داهات، لەوانە خاڵی سنوریی ئیبراهیم خەلیل و چەندین کێڵگەی نەوتی کە لەم سنورەدا هەیە، بەڵام دهۆک هەژارترین پارێزگایە و ڕێژەی هەژاری زیاتر لە 10% تێپەڕاندووە و ڕێژەی بێکاریی زیاتر لە 24 % -ە،  ئەمەش دەرئەنجامی ئیدارەدانێكی خراپە کە ئەم پارێزگایەی گرتۆتەوە.
وتیشی: ئه‌گه‌ر سەرکەوتم بۆ پەرلەمانی کوردستان، کاردەکه‌م بۆ نەهێشتنی دەستی حزب لە گومرگ و خاڵە سنورییەکان، دەبێت داهاتی گشتی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و به‌شێكیشی بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک دابین بکرێت. بۆیە پێویستمان بە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 4 - ی ساڵی 2006 - ی بەرهەمهێنان هەیە، کە تێیدا ڕێژەی ده‌ستی کاری بیانی و ناوخۆیی دیارینەکراوە، کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێژەی ده‌ستی کاری  ناوخۆیی بۆ نزیکەی 75 % زیاد كردووه‌.

بۆ نەهێشتنی دەستوەردانی حزب لە دادگا و دامودەزگا حکومییەکان 
  پارێزه‌ر ڕێڤینگ یاسین کاندیدی ژمارە (7) لە لیستی 129 -ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ بازنه‌ی دهۆك رایگەیاند: ئەگەر بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان متمانەی خەڵکی دهۆک به‌ده‌ستبهێنم، ئامانجی سه‌ره‌كیم کارکردن دەبێت بۆ نەهێشتنی دەستوەردانی حزب لە دادگا و دامودەزگا حکومییەکانی هه‌رێمی كوردستان، هەروەها ڕێگری دەکەین لە دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسانی دەڤەری بادینان. هاوكات  کار بۆ هەموار کردنەوەی یاسای توندوتیژیی خێزانی دەکەم، چونکە لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە.
وتیشی: من وه‌ك پارێزه‌رێك ئەگەر ده‌رچووم بۆ پەرلەمانی کوردستان، کاردەکەم بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان و هه‌رێمی كوردستان ئازاد بن، بەپێی جاڕنامه‌ی نێودەوڵەتیی بۆ مافی مرۆڤ و یاساکانی ناوخۆی عێراق، ئازادی ڕادەربڕین رێگەپێدراوە، بەڵام ئەم ئازادییە رۆژ بە ڕۆژ لە بادینان و كوردستان له‌ قاڵب دەدرێت. ئێستا خه‌ڵكی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە یه‌كێتیی تاکە هێزه‌ بتوانێت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.
پارێزه‌ر ڕۆندك حه‌سه‌ن، كاندیدی ژماره ‌(6) له‌سه‌ر لیستی 129 - ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ بازنه‌ی دهۆك وتی: گەنجەکانمان لە کوردستان بە تایبەتی لە بادینان، پشتگوێ خراون و ساڵانە سەدان گەنج بادینان و کوردستان بەجێدەهێڵن و زۆرێک لە دەرچووانی زانکۆ و په‌یمانگاكان بێکار ماون و لە ماڵەوە دانیشتوون. یەکێک لە پرۆژەکانم بۆ پەرلەمانی کوردستان دابینکردنی بیمەی بێکارییە بۆ بێکاران و گەنجان له‌ کابینەی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، پڕۆژەیەکی ترم کارکردنە بۆ پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان،  تا گەنجان ببنه‌ خاوه‌ن كار و له‌ وڵات و خاكی خۆیان ئاورە نەبن.

هەر پرۆژەیەک تەواو نەکرابێت، تەواوی دەکه‌ین 
یوسف جه‌واد هه‌ركی، كاندیدی ژماره‌ (25) له‌ سه‌ر لیستی 129 -ی یه‌كێتیی له بازنەی دهۆك، ئەمیش پێی راگەیاندین: ئەگەر متمانەی خەڵک بەدەست بهێنم، ئامانجی من ئەوە دەبێت ببمە نوێنەری ڕاستەقینەی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی ئاکرێ و بادینان و کوردستان بە گشتی.
لە دەڤەری ئاکرێ چەندین پڕۆژەی ستراتیجی هەن کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون یان چەندین ساڵە کاریان تیادا وەستاوە، وەک پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بۆ زێی گەورە، بۆیە بەڵێن بە خه‌ڵكی خۆمان دەدەین کە هەر پرۆژەیەک تەواو نەکرابێت، تەواوی دەکه‌ین. بەرنامەی لیستی 129 -ی یەکێتی بۆ خزمەتکردن و نوێنەرایەتییکردنی خەڵکی کوردستانە، چونكه‌  دوو ساڵی کابینەکەی د.بەرهەم ساڵح، باشترین بەڵگەیە و نموونەی حوکمڕانی و خۆشگوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە.

بادینان زیندانێکی گەورەیە
هه‌ژین موسا شه‌هید هه‌ركی، كاندیدی ژماره ‌(20) له‌ لیستی 129 له‌ پارێزگای دهۆك وتی: من دەرچووی زانکۆم و ڕۆژانە لەناو خه‌ڵكدام بۆ گەیاندنی پەیامی كارنامه‌ی لیستی 129-ی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان. ئێمە گوێ لە کێشە و داخوازییەکانی خەڵکی ئاكرێ و بادینان دەگرین و دەزانین هاوڵاتییان پێویستیان بە چییە، بۆیە ئەگەر بۆ پەرلەمان سەرکەوتم، دەبمە داکۆکیکاری ڕاسته‌قینه‌ی مافی خەڵکی بادینان و کوردستان و لەگەڵ ئێش وئازارەکانی خه‌ڵكی بادینان بەردەوام دەبین.
یوسف سه‌عدی سندی، كاندیدی ژماره‌(22) له‌ لیستی 129 - بازنه‌ی دهۆك وتی: ئێمە بەشێوەیەکی باش بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە بادینان دەستپێکردووە و کار و بەرنامەکانمان لەناو خەڵکدا بڵاودەکەینەوە، هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆک هیوایەکی زۆریان بە کارنامەی لیستی 129 -ی یەکێتیی و کاندیدەکانی هەیە. سەرەڕای ئاستەنگی زۆر و دڕاندنی پۆستەرەکانمان، بەڵام ئێمە ڕژدتر بەردەوامین لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن به‌مه‌ستی گۆڕانکاری لە بادینان و کوردستان بە گشتی و له‌ پێناو بەرژەوەندیی گشتی خه‌ڵكی کوردستان، چونکە بادینان زیندانێکی گەورەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان