قوباد تاڵەبانی: ئەو سەردەمە بەسەرچوو بە دەنگی مردوو و خەڵکی ئاوارە لایەنێک براوەی هەڵبژاردن بێت

07:26 - 2024-10-06
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال هەردوو ناحیەی هێرۆ و هەڵشۆ و گوندەکانی دەوروبەری لە سنووری پشدەر بەسەر کردەوە و لەگەڵ دانیشتوانی هەردوو ناحییەکەدا کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ دانیشتوانی ناحییەکانی هێرۆ و هەڵشۆ، قوباد تاڵەبانی باسی لە جیاوازی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا ساختەکاری ناکرێت و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردوو و خەڵکی ئاوارەوە هەوڵی بردنەوەی هەڵبژاردن بدات.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال باسی لە دۆخی یەکێتیشی کرد و ئاماژەی بەوەدا یەکێتی لە سەردەمی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیدا، زۆر جیاوازە لە چەند ساڵ لەمەوبەر و ئێستا یەکێتی یەکدەنگ و یەک بڕیارە و سەرۆکی یەکێتیش بەوە ناسراوە کە خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و هەر بەڵێنێک بدات، جێبەجێی دەکات.
وتیشی وەک چۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، بەڵێنی بە کەرکوکییەکان دا کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنێت و پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک دادەنێت و جێبەجێی کرد، وەک چۆن لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەندین بەڵێنی دیکەی جێبەجێکردوە و هاوسەنگی هێزی گەڕاندەوە، ئەمجارەش بەڵێنەکەی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێم جێبەجێ دەکات، هەربۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان بە دەنگدان بە یەکێتی پشتگیری سەرۆک بافڵ بکەن بۆ گۆڕینی شێوازی حکومڕانی.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان و جگە لە یەکێتی، هیچ لایەنێکی دیکە ئەگەر تەنانەت خواستی گۆڕانکاریشیان هەبێت، کەرەستەی پێویستیان نییە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستان. هەربۆیە سەرخستنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەرگا بەڕووی ئەو گۆڕانکارییە دەکاتەوە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن و داوای دەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان