قوباد تاڵەبانی: وەک سەردەمی شۆڕش، گوندەکان پشتوپەنای یەکێتین بۆ گۆڕینی حکومڕانی و چاکسازی ریشەیی

01:31 - 2024-10-06
کوردستان
98 جار خوێندراوەتەوە

لە درێژەی سەردانەکانی بۆ گوندەکان، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ناحیەی بنگرد و گوندی شارستێنی بەسەر کردەوە و کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدا.

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە و هەروەها جیاوازی یەکێتیی ئێستا لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو کرد و رایگەیاند، یەکێتی بە تەواوی بەو قەناعەتە گەیشتووە کە ناکرێت حکومڕانی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت و دەبێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت تا هەم بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچە جیاوازەکان بکرێت و هەم بە گەڕاندنەوەی هیوا و متمانە بۆ خەڵک دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان بپارێزین.
روونیشیکردەوە، پێشتر یەکێتی بەهۆی باڵباڵێن و فرە ئاراستەیی نەیدەتوانی سیاسەتێکی روون و شەفافی هەبێت و بە جۆرێک لاواز ببوو کە کەرەستەی پێویستی نەبوو بۆ گۆڕانکاری و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێتی بە بەردەوامی خەریکی رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و خۆبەهێزکردن بووە و ئێستا بووەتەوە بە هێزێکی خاوەن بڕیار و یەک ئاراستە و لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە حیسابی تایبەت بۆ بڕیار و سیاسەتی یەکێتی دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە یەکێتی ئەمجارە دەیەوێت بە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێڕەوەی حکومڕانی راست بکاتەوە و کۆتایی بە خۆسەپێنی بهێنێت و حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی حکومڕانی بخاتە خزمەتی خەڵکەوە.
وتیشی، وەکچۆن لەسەردەمی شۆڕشدا گوندەکان پشتوپەنای یەکێتی بوون، ئەم یەکێتییەی ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر هەمان رێچکە و چاوی لەوەیە بە پشتبەستن بە دەنگ و ئیرادەی گوندنشینەکان و چینە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا، هەنگاوبنێت بەرەو ئەو گۆڕانکارییە مەزنەی کە چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن و داوای دەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان