بۆ عیراق بە نیازە مامەڵە بازرگانییەكانی بە یۆرۆ بكات؟

10:57 - 2024-10-07
ئابووری
159 جار خوێندراوەتەوە
بینای بانكی ناوەندیی عیراق

راپۆرتی: كوردەوان محەمەد سەعید




بانكی ناوەندیی عیراق لە ساڵی رابردووەوە لە هەوڵی نوێكردنەوەی سیستمە بانكییەكەیدایە و لە هەمان كاتدا كار لەسەر بەهێزكردنی دیناری عیراقی و كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار دەكات، بەشێكیش لە هەوڵەكانی بۆ ئاسانكاریی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا، لەو بوارەشدا كار لەسەر ئەوە دەكات دەستبەرداری سەكۆی ئەلەكترۆنی بێت بۆ حەواڵەكردنی پارە و میكانیزمێكی نوێ بگرێتەبەر، ئەویش پەیوەندی راستەوخۆیە لەگەڵ بانكە جیهانییەكاندا، بە تایبەتیش بانكە نێرەرەكان، بۆ نموونە لە نوێترین هەوڵیدا لەگەڵ بانكەكانی توركیا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی مامەڵەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بە یۆرۆ بێت و بەوەش لە لایەك دەیەوێ مامەڵە بازرگانییەكان خێراتر و ئاسانتر بكات و لە لایەكی دیكەشەوە هەوڵ دەدات دراوی بیانیی مامەڵەپێكراو جۆراوجۆر بكات، بە تایبەتیش كە بە نیازە مامەڵەی بازرگانیی بە یۆرۆ، یوانی چینی، روپێی هیندی و درهەمی ئیماراتیش بكات.

د. بێستون سابوراوایی بۆ  کوردستانی نوێ      : ئەگەر عیراق هەوڵی ئەوە بدات پەیوەندیی بانكی لەگەڵ وڵاتانی دیكەش دروست بكات و كارێكی وا بكات مامەڵە بە دراوی ئەو وڵاتە بكات لە جیاتی دۆلار، ئەوا كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی نرخی دۆلار



دۆلار وەكو كاڵا
عیراق لەم بوارەدا لە كۆتایی مانگی ئابی رابردووەوە لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا و بانكی یەدەكی فیدراڵی ئەمریكا و كۆمەڵێك بانكی ئەمریكیی خاوەن متمانە و كۆمپانیای وردبینی (E&Y) گفتوگۆكانی دەستپێكردووە، ئەمەش بەو واتایە دێت هەنگاوەكانی بە پشتیوانی نێودەوڵەتییە و پرسیارەكەش ئەوەیە: ئەم هەنگاوانە تا چەند كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەبێت؟
د. بێستون سابوراوایی، شارەزا لە بواری ئابووریدا لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند، مامەڵەكردن بە هەر دراوێك بێت غەیری دۆلار، كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار دەبێت، كەمكردنەوەی خواستیش لەسەر دۆلار، لەبەر ئەوەی دۆلار لەم دۆخەدا وەكو كاڵا سەیر دەكرێت و كڕین و فرۆشی پێوە دەكرێت، دەبێتە هۆی دابەزاندنی نرخەكەی بەرامبەر بە دینار، ئەگەر عیراق هەوڵی ئەوە بدات پەیوەندیی بانكیی لەگەڵ وڵاتانی دیكەش دروست بكات و كارێكی وا بكات مامەڵە بە دراوی ئەو وڵاتە بكات لە جیاتی دۆلار، ئەوا كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی نرخی دۆلار.

ئامرازەكانی سیاسەتی نەختینە
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمەڵێك هۆكار هەن كاریگەرییان لەسەر بەرزیی و نزمیی نرخی دراو هەیە، بۆ نموونە ئەگەر عیراق لە شەڕەوە تێبگلێنرێ، ئەو كاتە خەڵك پارەكەی دەكات بە دۆلار و بە دۆلار پارە هەڵدەگرێت، ئەوەش كاریگەریی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەیە، ئەم ماوەیەش كە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرز بۆتەوە، لەبەر ئەوەیە جۆرێك لە نیگەرانییان لا دروست بووە سەبارەت بە دۆخە سیاسییەكە، لە بەرامبەردا ئامرازەكانی سیاسەتی نەختینە هەیە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار، یەكێك لەو ئامرازانە ئەوەیە كە بەكارهێنانی دۆلار كەم بكرێتەوە، ئەم هەنگاوەی ئێستای عیراقیش پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەیە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە د. ئومێد قەرەداخی پسپۆڕی ئابووری بۆ كوردستانی نوێ بەم شێوەیە دوا: ئەم هەنگاوەی عیراق لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدایە بۆ كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی رەشدا، یان لە بازاڕی تەریبدا و پارێزگاری كردن لە بەهای دینار، بەڵام بە بڕوای من كاریگەرییەكی سنوورداری دەبێت، ئەویش لەبەر ئەوەی بەشێك لەو بازرگانانەی لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە دۆلار ناكڕن و لە بازاڕی تەریبدا دەیكڕن، ئەمانە لەمەودوا خواستیان لەسەر دۆلار كەم دەبێت و خواستیان لەسەر یۆرۆ زیاد دەكات، بە تایبەت لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ توركیادا كە عیراق بە نیازە بە یۆرۆ مامەڵەی بازرگانی لەگەڵدا بكات، ئەمەش كاریگەرییەكی سنوورداری دەبێت لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار.

د. ئومێد قەرەداخی بۆ  کوردستانی نوێ : ئەم هەنگاوەی عیراق لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدایە بۆ كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی رەشدا، یان لە بازاڕی تەریبدا و پارێزگاری كردن لە بەهای دینار، بەڵام بە بڕوای من كاریگەرییەكی سنوورداری دەبێت



سەكۆی حەواڵە
د. ئەیوب سماقەیی پسپۆڕی بواری ئابووری، سەبارەت بە هەمان بابەت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ستراتیجی بانكی ناوەندیی عیراق ئەوەیە كە سەكۆی حەواڵەی دراو بگۆڕێت بۆ حەواڵە لە رێگەی بانكە نێرەرەكانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وێستگەی نوێ بدۆزنەوە بۆ حەواڵەی دەرەكی و هەموو بانكە ناوخۆییەكان والێبكەن كە بتوانن پارە حەواڵە بكەن لە رێگەی بانكە جیهانییەكانەوە، ئەو بانكانەی كە پێیان دەوترێ بانكە نێرەرەكان، ئەوە تەنیا بۆ یۆرۆ نییە، بەڵكو عیراق رێكەوتنی تریشی لەگەڵ چەند بانكێكی هیندی هەیە بۆ ئەوەی ئەكاونتی خۆی لەو بانكانە بكاتەوە، یان لقی بانكە عیراقییەكان لەوێ بكرێتەوە و مامەڵە بە روپێی هیندی بكەن، هەروەها رێكەوتنی هەیە لەگەڵ چەند بانكێكی دیكەی جیهانی بۆ ئەوەی مامەڵە بە یۆرۆ و یوانی چینی بكەن.
د. ئەیوب ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق یەكەم ئامانجی لەم هەنگاوە ئەوەیە، شێوازی حەواڵەكردن بگۆڕێت، ئامانجی دووەمیش ئەوەیە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزێنێت، ئامانجی سێیەمیش پرۆسەی بازرگانی بۆ بازرگانانی عیراق ئاسان بكات.

د. ئەیوب سماقەیی بۆ  کوردستانی نوێ  : عیراق یەكەم ئامانجی ئەوەیە لەم هەنگاوە شێوازی حەواڵەكردن بگۆڕێت، ئامانجی دووەمیش ئەوەیە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزێنێت، ئامانجی سێیەمیش پرۆسەی بازرگانی بۆ بازرگانانی عیراق ئاسان بكات

بابەتە پەیوەندیدارەکان