فلاشی ئابووری

11:04 - 2024-10-07
ئابووری
138 جار خوێندراوەتەوە

 

عیراق و نەتەوە یەكگرتووەكان پرۆژەیەك لە شەنگال جێبەجێ دەكەن

دوێنێ حكومەتی عیراق و نەتەوە یەكگرتووەكان بەڵێننامەیەكیان ئیمزا كرد بۆ جێبەجێ كردنی پرۆژەی ئاشتی لە شەنگال و پرۆژەكەش بڕیارە بە بڕی سێ ملیۆن دۆلار جێبەجێ بكرێت.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: پرۆژەكە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە دەچێت و پێكدێت لە دروستكردن و بنیاتنانی ژێرخانی ناوچەكە و دابینكردنی پێداویستییەكانی مەشق و راهێنانی تایبەت بە پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەكەدا.
ئیقتیساد نیوز

 

پێشبینی دەكرێت ئابووریی ئەڵمانیا پاشەكشە بكات

وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا پێشبینییەكانی كەمكردەوە بۆ گەشەی ئابووریی وڵاتەكەی لە ساڵی 2024دا و بە گوێرەی پێشبینی نوێی ئەو وەزارەتە ئابووریی ئەڵمانیا بۆ ئەم ساڵ بە رێژەی %0.2 پاشەكشە دەكات. هەر بە پێی ئەم پێشبنییە نوێیە، بڕیارە ئابووریی ئەڵمانیا لە ساڵی داهاتوودا بە رێژەی %1.1 گەشە بكات.
پێشتر حكومەتی ئەڵمانیا پێشبینی كردبوو ئەم ساڵ ئابوورییەكەی بە رێژەی %0.3 گەشە بكات، بەڵام پێشبینییەكەی راست دەرنەچوو.
CNN

كازاخستان یەكەم وێستگەی ئەتۆمی دادەمەزرێنێت

حكومەتی كازاخستان بە نیازە یەكەم وێستگەی ئەتۆمی لە وڵاتەكەیدا دابمەزرێنێت، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە بەكارهێنانی خەڵوز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، كە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
پرۆژەی بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بۆتەوە، هەر لەبەر ئەوە حكومەت رۆژی یەكشەممە راپرسییەكی گشتی ئەنجامدا بۆ پێدانی شەرعیەت بە پرۆژەكەی و رەخنەگرانیش پێیان وایە كازاخستان ئەو هەموو غازە سروشتییەی هەیە، پێویستی بە وێستگەی ئەتۆمی نییە.
سكای نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان