״سكاڵام لەلای نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە״

لە هەولێر هەڕەشە لە كاندیدێكی مەسیحی دەكرێت

11:59 - 2024-10-07
کوردستان
140 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا



كاندیدێكی مەسیحی لە هەولێر، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێدەكرێت، سكاڵا لەلای نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆمار دەكات.
رامسی حیكمەت حەنا كاندیدی بزوتنەوەی بابلیون لە بازنەی هەولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: من وەك كاندیدێك لە شارۆچكەی عەنكاوە لەسەر لیستی بابلیون لە بازنەی هەولێر خۆم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاندیدكردووە، وتیشی: بەهۆی دانانی وێنە و هەڵواسینی پۆستەرەكانم بۆ بانگەشە، كە ئەوەش مافی هەموو كاندیدێكە و هیچ گرفتێكی تێدا نییە، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەم لێدەكرێت.
ئەو كاندیدەی بابلیون، دەڵێت: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، كە دەنگییەكەیم لای خۆم پاراستووە، سووكایەتی بە خۆم و خانەوادەكەم كرا، تەنیا لەبەر ئەوەی وێنەی خۆم وەك كاندیدێك لەگەڵ سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیون هەڵواسیوە، هەروەك سەرجەم وێنەكانی منیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان لابردووە یان شێواندوویانە و ئاگاداریشیان كردمەوە كە ئەگەر جارێكی تر ئەو جۆرە وێنانە دابنێمەوە خۆم بەرپرسیارم، بۆیە منیش لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سكاڵام تۆماركردووە.
ئەو كاندیدەی مەسیحی، تەئكیددەكاتەوە كە ئەو هەڕەشانە ترسە لە هەڵبژاردن و دوورە لە هەموو پێوەرێكی دیموكراسی و هەڵبژاردن، كە ناكرێت بەو جۆرە سووكایەتی بە كاندیدێك بكرێت تەنها لەبەرئەوەی وێنە و پۆستەری خۆی لەگەڵ سەرۆكی بزوتنەوەكەی هەڵواسیوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان