تەها عەبدوڵڵا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عیراق، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی داهاتووشدا جێگیركراوە و بەردەوام دەبێت.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ئەو بودجەیەی بۆ سێ ساڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درا، واتە بۆ ساڵی 2025یش پێویست بە ئامادەكردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە ناكات، بەڵكو حكومەت تەنها خشتەی خەرجی و داهاتی خەمڵێندراو ئاڕاستەی نوێنەران دەكات تا دەنگی لەسەر بدرێت، وتیشی: بەگوێرەی ماددەی 13 بڕگەی 8ی یاسای بودجەی عیراق، مافەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مووچەوە هەیە، زامنكراوە و لە خشتەی بودجەی ساڵی 2025یشدا بەهەمانشێوەی دوو ساڵی رابردوو مووچە بەردەوام دەبێت و هیچ گرفتێكی نابێت، هەر لەسەر بنەمای یاسای بودجەش دادگای فیدراڵی داوای خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستانی كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، پێویستە حكومەتی فیدراڵ ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی 11دا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی نوێنەران بكات، بەڵام هیچ ساڵێك حكومەت پابەندی ئەو وادە یاساییە نەبووە و هەموو ساڵێك پەسەندكردنی بودجە لەوادەی خۆیدا دواكەوتووە، بەڵام ئەم دواكەوتنە كاریگەریی لەسەر خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێت.